ئەو دوو رۆژنامەڤانەی لە دیمەشق دەستگیرکرابوون ئازادکران

01-05-2025
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رێکخەری سەنتەری میترۆ رایگەیاند، ئەو دوو رۆژنامەنووسە کوردەی کەناڵ 8 بۆ رووماڵی ئاڵۆزییەکان چووبوونە دیمەشق، ئازادکراون.
 
رۆژی پێنجشەممە، 1ـی نیسانی 2025، رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوو رۆژنامەنووسی کەناڵ 8، لە کاژێر 06:00ی دوێنێ ئێوارەوە پەیوەندییان بە ناوەندی هەواڵی کەناڵەکەوە پچڕا، بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ ئازادکران.
 
وەزارەتی راگەیاندنی سووریا لەوبارەوە رایگەیاند، ھاوڕێیان و رۆژنامەنووسان ئەکرەم ساڵح و جودی حاج عەلی، لەلایەن یەکێک لە دەزگا ئەمنییەکانەوە لە کاتی کاری رۆژنامەڤانیدا بە ھەڵە دەستگیرکران. ھەر کە وەزارەتی راگەیاندن ئاگاداری ئەم رووداوە بوو، دەستبەجێ ھەنگاوی نا و پەیوەندی بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە کرد، کە بووە ھۆی ئازادکردنی دەستبەجێی ھەردووکیان. 
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمە لە وەزارەتی راگەیاندن جەخت لەسەر پشتگیری تەواومان بۆ ئازادی کاری رۆژنامەنووسی دەکەینەوە، ھەروەھا جەخت لەسەر پابەندبوونی بەردەواممان بۆ پاراستنی شکۆی ھاوڕێیانی رۆژنامەڤان و دەستەبەرکردنی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بە ئازادی دەکەینەوە.
 
رێکخەری سەنتەری میترۆ گوتی، ئەکرەم ساڵح و جودی حاج عەلی کە لە دوێنێوە رووماڵی گرژی و ئاڵۆزییەکانی دیمەشقیان دەکرد.
  
لە بەرەبەیانیی دوێنێ چوارشەممەوە، لە گەڕەکی ئەشرەفییەی سەحنایای سەر بە پارێزگای گوندەواری دیمەشق، شەڕ لەنێوان سوپای سووریا و گرووپی چەکداریی "ریجالکەرامە" کە دروزین روویدا، شەڕەکە کوژراو و برینداری لە هەردوو لا لێکەوتەوە.
 
ئەو پێکدادانە دوای ئەوە بوو کە لە 28ـی نیسان، لە یەکێک لە زانکۆکانی حومس دەمەقاڵێ کەوتە نێوان خوێندکارەکان و بە شێوەیەکی تائیفی لێکدراوەتەوە، کەسێک دەنگێکی تۆمار کردووە و بێڕێزی بەرامبەر بە پێغەمبەری ئیسلام کردووە، وا بڵاوکرایەوە کە خاوەنی دەنگەکە دروزە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە