سووریا
واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا لەلایەن ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدییەوە لە مانگی ئاداری ئەم ساڵ
رووداو دیجیتاڵ
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە دەڵێت، سووریا "دەرفەتێکی باش"ی بۆ ناناوەندی و دیموکراسی لەبەردەمدایە. ئاماژە بەوەش دەکات، دەیانەوێت لەگەڵ حکومەتی دیمەشق کار لەسەر "وردەکارییەکان"ی رێککەوتنی نێوانیان بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە و سوپای سووریا بکەن.
مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا 10ی ئادار رێککەوتنێکیان بۆ تێکەڵکردنی هێز و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە حکومەتی سووریا واژۆ کرد، بەڵام دوای چەند گەڕێکی گفتوگۆ، هێشتا جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە پێشکەوتنی بەخۆوە نەبینیوە. بڕیارە گەڕی داهاتووی دانوستاندنەکانیان بە نێوەندگیریی فەرەنسا لە پاریس بکرێت.
لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ پێگەی ئیندیان ئێکسپرێسی هیندیستانی، عەبدی باسی لە دۆخی سووریای دوای رووخانی ئەسەد و ئاڵنگارییەکانی بەردەم رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی نوێی دیمەشق کرد.
سەبارەت بە رێککەوتنەکە، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند، لە کاتێکدا دیمەشق داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی هەسەدە و تێکەڵکردنی شەڕڤانەکانی بە سوپای سووریا دەکات، ئەوان داوای رێکخستنێکی ئەمنیی لامەرکەزی دەکەن کە پێکهاتەی فەرماندەییەکەیان وەک خۆی بهێڵێتەوە.
عەبدی گوتی، "ئێمە بایەخێکی زۆر بەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە دەدەین و کار بۆ فراوانکردن و جێبەجێکردنی دەکەین. ئێمە لە یاداشتنامەکەدا رەزامەندیمان لەسەر تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا نیشانداوە، بەڵام ئێستا دەبێت کار لەسەر وردەکارییەکان بکەین بۆ ئەوەی سەقامگیریی وڵات تێکنەچێت و هیچ لایەنێک بۆشایی ئەمنی نەقۆزێتەوە."
فەرماندەی هەسەدە جەختی لەوە کردەوە کە جگە لە لامەرکەزی، ئەوان داوای مافە نەتەوەیی و ئایینییەکان، بەتایبەتی دانپێدانان بە کورد و یەکسانیی جێندەری دەکەن، بەڵام دیمەشق ئەم داوایانە وەک پێشێلکردنی سەروەریی دەوڵەت دادەنێت و رەتیاندەکاتەوە.
مەزڵووم عەبدی پێیوایە، دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024، دەرفەتێکی باشتر بۆ دیموکراسی و سیستمی لامەرکەزی لە سووریا هاتووەتە ئاراوە و تەنیا بەو سیستمە دەتوانرێت دیموکراسی مسۆگەر بکرێت.
پەیام بۆ تورکیا دوای بڕیارەکەی پەکەکە
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا، بەتایبەتی دوای بانگەوازی ئاشتی و بڕیاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی، مەزڵووم عەبدی ئەو بانگەوازەی بە "مێژوویی" ناوبرد و گوتی، کۆتاییهێنان بە شەڕ و تووندوتیژی رێگەی نوێ بۆ هەموو کورد دەکاتەوە.
مەزڵووم عەبدی داوا لە تورکیا دەکات هەڵوێستی بەرامبەر رۆژئاوای کوردستان بگۆڕێت و دەڵێت: "دوای ئەو بانگەوازە، ئاگربەست لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا راگەیێندرا و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەرمان وەستان. بۆیە گرژییەکان بە رادەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە. ئەمەش رێگە بۆ کورد خۆش دەکات تاوەکو بەشداری لە بنیاتنانی سووریایەکی نوێی دیموکراسیدا بکات."
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا دوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، تورکیا هەڵوێستی بەرامبەر هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەگۆڕێت، فەرماندەی هەسەدە گوتی: "ئەمە بابەتێکە پەیوەندی بە سیاسەتی نێوخۆی تورکیاوە هەیە. بەلای منەوە، هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەرگیز هەڕەشەی ئەمنی نەبوون بۆ سەر تورکیا. بەپێچەوانەوە، ئێمە سنووری تورکیامان لە داعش رزگارکرد و سەقامگیریمان لە سنوورەکاندا مسۆگەر کرد. ئەگەر تورکیا لەنێو کۆماری تورکیادا دان بە مافەکانی کورددا بنێت، دەبێت لە سووریاش هەمان شت بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ