مۆزەخانەیەک لە دیمەشق زیندانە ترسناکەکانی سەردەمی ئەسەد نمایش دەکات

01-10-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مۆزەخانەیەکی نوێ لە دیمەشق سەردانکەران دەباتە نێو گەشتێکی سەخت و ترسناک و چیرۆکی زیندانە خراپەکانی سووریایان بۆ دەگێڕێتەوە. 
 
مۆزەخانەکە، کە لە مانگی ئەیلوولدا کراوەتەوە، تەکنەلۆژیای ڤیدیۆ و ڤی ئاڕ (راستیی گریمانەیی) بەکاردەهێنێت بۆ پێشاندانی بارودۆخی زیندانەکان لە سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریادا.
 
مۆزەخانەکە ئەزموونی هەندێک لە رزگاربووانی زیندانەکانی سووریا نمایش دەکات و بە شێوەی دیجیتاڵی، زیندانە ناوبانگ خراپەکانی وەک زیندانی سەربازیی سیدنایا زیندوو دەکاتەوە. 
 
سیدنایا کە دەکەوێتە باکووری دیمەشق، شوێنی بەشێک لە خراپترین تاوانەکانی سەردەمی ئەسەد بوو. پێشتر بە دڕندەیی ناسرابوو، بەڵام دوای رووخانی ئەسەد لە ساڵی رابردوودا، قەبارەی راستەقینەی ئەو کارەساتانەی تێیدا روویانداوە، ئاشکرا بوو.
 
عامەر مەتەر، بەڕێوەبەری مۆزەخانەکە دەڵێت: "ئێمە هەوڵدەدەین ئەو یادەوەرییە تاریکە بە دۆکیومێنت بکەین کە وەک سووریاییەک ئەزموونمان کردووە. هەوڵدەدەین لێکۆڵینەوە بکەین و هەموو شتێک بپارێزین کە پەیوەندیی بە دەستگیرکردن، کوشتن و کۆمەڵکوژییەوە هەیە."
 
سەردانکەران دەتوانن بە شێوەی گریمانەیی بچنە نێو قاوش و ژوورەکانی لێکۆڵینەوە و ئەرشیفێکی زیاتر لە 72 ناوەندی بەندکردن ببینن.
 
"هیچ ماڵێک نییە کەسێکی ونبووی نەبێت"
 
زیندانەکانی سووریا لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەد و حافز ئەسەدی باوکی بە بارودۆخە سەختەکانیان ناسرابوون. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و زیندانیانی پێشوو دەڵێن ئەشکەنجەدان سیستماتیک بووە.
 
لە ساڵی 2013دا، سەربازێکی جیابووەوەی سووریا ناسراو بە "قەیسەر" زیاتر لە 53,000 وێنەی دزەپێکرد کە بەڵگەی روونی ئەشکەنجەدان، نەخۆشی و برسیکردنیان لە زیندانەکانی سووریادا پیشان دەدا.
 
ئیخلاس ئیبراهیم، یەکێک لە سەردانکەرانی مۆزەخانەکە گوتی، هاوژینەکەی 10 ساڵ لەمەوبەر دەستگیرکراوە و بۆ چەندین ساڵ بێسەروشوێن بووە، تاوەکو لە ساڵی 2018دا بەڵگەنامەی مردنەکەی پێگەیشتووە. ئیخلاس گوتی: "ئەمە کێشەیەکی گشتییە. هیچ ماڵێک نییە کەسێکی ونبوو، دەستگیرکراو یان شەهیدی نەبێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە