رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە شەهباوە بە رووداوی گوت، شەڕ و پێکدادان لەنێوان شەڕڤانان و گرووپە چەکدارەکانی پاڵپشتیکراو لە لایەن تورکیاوە دروست بووە.
رۆژی یەکشەممە، 1ی کانوونی یەکەمی 2024، سەرچاوەیەک لە شەبهاوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گرووپە چەکدارەکانی پاڵپشتیکراو لە لایەن تورکیاوە لە شەهبا هێرشیان کردە سەر شەڕڤانان". ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، "شەڕ و پێکدادان لەنێوان شەڕڤانان و گرووپە چەکدارەکانی پاڵپشتیکراو لە لایەن تورکیاوە دروست بووە."
شەهبا لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردایە و ناوچەکە زۆرینەی سەر بە پارێزگای حەلەبە و لە رۆژهەڵاتی رووباری فوراتەوە تاوەکو ناوچەی تەلرەفعەت دەگرێتەوە.
ئەو سەرچاوەیە بۆ رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، "گرووپە چەکدارەکانی پاڵپشتیکراو لە لایەن تورکیاوە هەوڵ دەدەن رێگەی ناوچەی ئەحداس بگرن"؛ جەختی لەوەش کردەوە، "چەکدارەکان چوونەتە ناوچەی مسلمییە".
بە گوێرەی ئەو سەرچاوەیە بۆ رووداو، "رێگەی نێوان شەهبا و حەلەب داخراوە. هەروەها شەڕڤانان شەڕ دەکەن".
لە رۆژی چوارشەممەوە، گرووپە چەکدارەکانی پاڵپشتیکراو لە لایەن تورکیاوە و دەستەی تەحریر شام و گرووپەکانی نزیکی دەستیان بە هێرشکردنە سەر ژمارەیەک ناوچەی حەلەب کردووە و زۆرینەی پارێزگاکەیان خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان؛ ئەمڕۆش فرۆکەخانەی سەربازییان لە ناوچەی مەنقیان کۆنترۆڵکرد.
گیێر پێدرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە وڵاتێکدا کە 14 ساڵە بەدەست جەنگ و گرژییەوە دەناڵێنێت، زیادبوونی گرژییەکان مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل دروستکردووە و کاریگەری جیدیشی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەبێت".
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە لایەنەکانی شەڕ دەکات "پابەندی یاسای نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و ژێرخانی سڤیل بن. ئەمە نامەیەکی روونە بۆ هەموو ئەو لایەنانەی لە گرژییەکەدان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ