میدیای فەرمیی سووریا: لە منبج شەڕ لە نێوان هەسەدە و هێزەکانی سووریا دروست بوو

02-08-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا بڵاویکردەوە، لە منبج شەڕ لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دا دروست بووە. 

ئاژانسەکە لە زاری وەزارەتی بەرگریی سووریاوە دەڵێت: "هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا کاژێر 21:40ی (شەممە) توانییان ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی هەسەدە بۆ سەر یەکێک لە خالەکانی سوپا لە گوندەواری منبج لە نزیک گوندی کەیارییە، بەرپەرچ بدەنەوە." 
 
هەمان سەرچاوە، هەسەدە تۆمەتبار دەکات بەوەی "بە شێوەیەکی نابەرپرسانە و بە هۆکاری نادیار، ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی ماڵی خەڵکی سڤیل لە گوندی کەیارییە و دەوروبەری کردووە، کە بووەتە هۆی برینداربوونی 4 ئەندامی سوپا و 3 کەسی سڤیل."
 
هەسەدە هیچ راگەیێندراوێکی لەم بارەیەوە نەبووە.
 
فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی دەرەوەی سووریا بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاندووە: "هێزەکانی سوپا کاردەکەن بۆ ئەوەی وەڵامی سەرچاوەی ئەو هێرشانە بدەنەوە کە گوندە سڤیلنشینەکانیان لە نزیک هێڵەکانی بڵاوبوونەوەی" سوپا کردوونەتە ئامانج. 
 
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە دوای چەند رێککەوتنێک، لە بەهاری ئەمساڵەوە شەڕ و پێکدادانی نێوان هەسەدە و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا و نزیک لە تورکیا وەستابوو. 
 
یەکێک لە رێککەوتنەکان لە 10ی ئادار لە نێوان هەسەدە و دیمەشق بۆ تێکەڵکردنی دامەزراوە و هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە حکومەتی راگوزەری سووریا واژۆکرا. پاشانیش لە 1ی نیسان رێککەوتنێکی ئەمنییان بۆ بەڕێوەبردنی حەلەب واژۆ کرد، لە نێویدا رادەستکردنی بەنداوی تشرین لەسەر رووباری فوڕات بە هێزەکانی دیمەشق. 
 
بەڵام وێڕای چەندین گەڕی گفتوگۆ و دانوستاندن، لەو کاتەوە، جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان هیچ پێشکەوتنیان نەبووە. 
 
بڕیارە هەردوولا بەم نزیکانە بە نێوەندگیریی فەرەنسا لە پاریس کۆببنەوە. 
 
حکومەتی راگوزەری سووریا داوا دەکات هەسەدە هەڵبوەشێنرێتەوە و شەڕڤانەکانی تاک تاک ببنە ئەندامی سوپای داهاتوو. بەڵام هەسەدە پێداگرە لەسەر ئەوەی بەم پێکهاتە و تایبەتمەندییەی ئێستا هەیەتی، ببێتە بەشێک لە سوپاکە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە