وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: پاڵپشتیی هیچکام لە لایەنەکانی سووریا ناکەین

02-12-2024
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی نایەوێ پاڵپشتیی هیچ لایەنێکی گرژییەکانی نێوخۆی سووریا بکات. 
 
رۆژی یەکشەممە، 01ـی کانوونی یەکەمی 2024، گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، "لایەنی باشە" لەنێوان حکومەت و ئۆپۆزیسیۆنی سووریادا نییە، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد، لەنزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن. 
 
لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە گرژییەکانی نێوخۆی سووریا دەستیان پێکردووە. دوای ئەوەی دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی دەستیان بە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی پارێزگای حەمای ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا کرد. 
 
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا لەبارەی زیانی گیانیی شەڕ و بۆردوومانەکانی ئەم چەند رۆژەوە دەڵێن، تاوەکو ئێستا 412 کەس کوژراون کە 214یان چەکداری دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی نزیکی بووە. هەروەها، 137یشیان سەرباز و چەکداری نزیک لە حکومەتی سووریا بوون. 
 
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا ئاماژە بەوەش دەکەن، بەهۆی شەڕی دەستەی تەحریری شام دژی هێزەکانی حکومەت و بۆردوومانەکانی سوپاکانی سووریا و رووسیا، 61 هاووڵاتیی سڤیلیش کوژراون کە 17یان رۆژی شەممەی رابردوو بووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە