چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە شەهبا پیاوان دەستگیر دەکەن

02-12-2024
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، لە شەهبا کەوتوونەتە نێو ئەو خەڵکەی بەرەو ناوچەکانی دیکە دەڕۆن و پیاوەکان دەستگیر دەکەن. 
 
هاونیشتمانییان لە شەهبای باکووری حەلەب بەهۆی شەڕەوە دەیانەوێ ناوچەکە جێبهێڵن، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا پیاوەکانیان دەستگیر دەکەن، لەکاتێکدا ریککەوتن هەیە بۆ ئەوەی خەڵک بە سەلامەت لە ناوچەکانی شەڕ دووربکەونەوە.
 
هێرشی چەکدارانی "سوپای نیشتمانیی سووریا"ـی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر هەرێمی شەهبا و ناوچەی تەلرەفعەت لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری حەلەب کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دایە، بەردەوامە.
 
ئەمڕۆ (دووشەممە) مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس گوتی، "لە چەندین بەرەوە رووبەڕووی هێرشی چڕی ئەو گرووپە چەکدارانە بووینەتەوە کە تورکیا پشتیوانییان لێ دەکات." 
 
مەزڵووم عەبدی هەروەها رایگەیاندووە "لەگەڵ هەموو لایەنەکانی سووریا لەپەیوەندیداین بۆ ئەوەی خەڵکەکەمان بپارێزین و لە ناوچەکانی تەلرەفعەت و شەهبا بە سەلامەتی بیانبەینە دەرەوە بۆ ناوچە سەلامەتەکانی باکووری رۆژهەڵات."
 
بەگوتەی عەلی عیسۆ، بەڕێوەبەری رێکخراوی کوردانی ئێزدی (ئیزدینا) لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب و ناوچەی شەهبا، نزیکەی نیو ملیۆن کورد هەن، بە تایبەتیش ئاوارەکانی هەرێمی عەفرین کە دوای شەڕی عەفرین لە شەهبا جێگیربوونەتەوە و ئێستا نازانرێت چارەنووسیان چی لێدێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە