سزاکانی سەر سووریا چین، کێ سەپاندوونی و چەندیان لابراون؟

03-02-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ
 
سووریا ساڵانێکی دوورودرێژە لەژێر کۆمەڵێک سزای قورسی وڵاتانی رۆژئاوایە کە کاری لە هەموو کەرت و خزمەتگوزارییەکی وڵاتەکە کردووە. بەهۆی پێنج دەیەی دەسەڵات، بنەماڵەی ئەسەد زۆرترین سزایان بەرکەوتووە. 
 
کێن ئەوانەی تاوەکو ئێستا سزای سووریایان داوە؟
 
- ئەمریکا: لە ساڵی 1979 ئەمریکا ئەو وڵاتەی بە "سپۆنسەری تیرۆر" ناوبرد و چەند سزایەکی خستەسەر.
 
- یەکێتیی ئەورووپا: چەندین سزای تووندی خستووەتە سەر سووریا، بە دیاریکراوی لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە 2011.
 
- کەنەدا: چەند سزایەکی قورسی خستووەتە سەر چەند کەسایەتی و دامەزراوەیەکی سووریا.
 
- ئوسترالیا: چەند سزایەکی ئابووری خستووەتە سەر سووریا.
 
- کۆمکاری عەرەبی: لە ساڵی 2011 بە ئەندامبوونی سووریای سڕکرد و چەند سزایەکی ئابووریشی خستەسەر.
 
سزاکان کەی بوون؟
 
- 1979: دەستپێکی سزاکان لە ئەمریکاوە بوو
 
- 2004: ئەمریکا سزاکانی فراوانکرد و هەناردەی بۆ سووریا، جگە لە خواردن و دەرمان، قەدەخەکرد.
 
- 2011: گەورەترین شەپۆلی سزاکان دەستیپێکرد. ئەمریکا شانبەشانی یەکێتیی ئەورووپا و چەند وڵاتێکی دیکە، سوپا و حکومەت و چەند دامەزراوەیەکی سووریایان سزا دا.
 
- 2012 بۆ 2023: سزاکان فراوانتر بوون، کەسایەتییەکان، کۆمپانیاکان و ئەو سێکتەرانەی پەیوەندییان بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤە هەبوو، لەگەڵ سوپای سووریا گرتەوە.
 
ئەو کەرتانەی کەوتنە بەر لێشاوی سزاکان
 
- وزە: سنووردارکردنی هەناردە و هاوردەی کەرتی وزەی سووریا، بووە هۆی کەمبوونی بەرهەم و قازانجی ئەو کەرتە.
 
- خزمەتگوزاری و فەرمانگە داراییەکان: سزای سەر بانک و دامەزراوە دارییەکانی سووریا زیادیانکرد و حەواڵەی نێودەوڵەتی سنووردار کرا.
 
- سوپا: قەدەخەکردنی فرۆشتنی چەک و کەلوپەلی سەربازی بە سووریا.
 
- گواستنەوە: سزاکان بوونە هۆی زیانگەیاندن بە هێڵی ئاسمانی و پیشەسازیی گواستنەوەی دەریایی.
 
- پەیوەندییەکان: سنووردارکردنی هاوردەکردنی کەلوپەلی تەکنەلۆژیا و پەیوەندییەکان.
 
دیارترین ئەو کەسایەتییانەی سزایان خرایەسەر
 
- بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا
- ئەسما ئەسەد، خانمی یەکەمی پێشووی سووریا
- ماهیر ئەسەد، فەرماندەی پێشووی سەربازی 
-جەمیل حەسەن، بەڕێوەبەری پێشووی هەواڵگریی هێزی ئاسمانی
- فارووق شەرع، جێگری سەرۆکی پێشووتری سووریا
- عەلی حەبیب مەحموود، وەزیری بەرگریی پێشووتری سووریا
- فەیسەڵ میقداد، جێگری سەرۆکی پێشووی سووریا
- عەبدولفەتاح قودسییە، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی ئاسایشی نیشتمانی
- وەلید موعەلیم، جێگری سەرۆکوەزیرانی پێشووی سووریا
- عەلی عەبدولکەریم، دیپلۆمات و بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی میدیای فەرمیی سووریا (سانا)
- داود راجحە، وەزیری پێشووتری ناوخۆی سووریا
- روستەم غەزالە، سەرۆکی ئیدارەی ئاسایشی سیاسی
- ئاسف شەوکەت، جێگری وەزیری ناوخۆی پێشووتری سووریا
- محمەد ناسف خێربێک، جێگری پێشووتری سەرۆکی سووریا بۆ کاروباری ئەمنی
- عەلی مەملووک، جێگری پێشووی سەرۆکی سووریا بۆ کاروباری ئەمنی
 
سزاکان لەنێوان 2011 بۆ 2023
 
ئەمریکا
 
لە ئابی 2011 ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، قەدەخەی هەناردەی خستەسەر کەرتی نەوتی سووریا. دواتر، سامانی چەندین کەسایەتیی سووریای سڕکرد و هەناردەی کاڵای ئەمریکی بۆ سووریا راگرت.
 
لە نیسان و ئایاری 2012، ئەمریکا هەردوو فەرمانی جێبەجێکاریی ژمارە 13606 و 13608ـی لە دژی سووریا جێبەجێکرد کە تایبەت بوو بە سزاخستنە سەر ئەو لایەن، دامەزراوە و کەسایەتییانەی هەوڵیاندەدا سزاکانی ئەمریکا لەسەر سووریا نەهێڵن یان سووکیان بکەن.
 
لە نیسانی 2017 و لە دوای هێرشێکی "کیمیایی" لە خان شەیخوون لە پارێزگەی ئیدلب، ئەمریکا سامانی 270 فەرمانبەری حکومیی سووریای سڕکرد و قەدەخەی گەشتکردنیان بۆ ئەمریکایان خرایەسەر.
 
لە 09-02-2023 وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا 180 رۆژ سزای لەسەر ئەو حەواڵە و گەیاندنانە لابرد کە پەیوەندییان بە ناردنی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە هەبوو.
 
ئەورووپا
 
لە ئەیلوولی 2011 یەکێتیی ئەورووپا قەدەخەی خستەسەر کەرتی نەوتی سووریا و لە شوباتی 2012، سزای زیاتری خستەسەر کەرتی وزە، کڕینی چەک، کەرتی دارایی و پیشەسازیی کانەکان.
 
لە هەمان ساڵدا، سامانی 120 بەرپرس و دامەرزراوەیان سڕکرد، لەوانەش بەشار ئەسەد و بانکی ناوەندیی سووریا. ئەو بەرپرسانە لە گەشتکردن بۆ 27 وڵاتەکەی یەکێتیی ئەورووپا قەدەخەکران.
 
لە حوزەیرانی 2012، وڵاتانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، لەوانەش جۆرجیا، ماسێدۆنیا، کرواتیا، مۆنتینێگرۆ، ئایسلاند، سربیا، ئەلبانیا، لیشتنشتاین، نەرویج و مۆڵدۆڤا هاوشێوەی یەکێتیی ئەورووپا سزایان بەسەر سووریادا سەپاند.
 
لە ئاداری 2021 یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، سزاکان بەردەوام دەبن، تاوەکو ئەو کاتەی لە سووریا گۆڕانکاری لە دەسەڵاتدا دەکرێت. لە 31-05-2022 یەکێتیی ئەورووپا سزاکانی بۆ ساڵێکی دیکە درێژکردەوە.
 
لە 23-02-2023 بەهۆی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی تورکیا و سووریا، یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، بۆ ماوەی شەش مانگ سزاکانی سەر ئەو دامازراوانەی لابرد کە پەیوەندییان بە گەیاندنی هاوکاری بۆ سووریا هەبوو.
 
کۆمکاری عەرەبی
 
لە تشرینی دووەمی 2011، کۆمکاری عەرەبی سامانی چەند دامەزراوەیەکی حکومەتی سووریای سڕکرد، ئاڵوگۆڕی دارایی لەگەڵ بانکی ناوەندیی سووریا راگرت، گەشتە ئاسمانییەکانی لە نێوان وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و سووریا راگرت، قەدەخەی گەشتکردنی خستەسەر چەند بەرپرسێکی سووریا و وەبەرهێنانی لەنێو سووریا راگرت. ئەوکات یەمەن و لوبنان دژی ئەو بڕیارانە وەستانەوە.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان
 
لە ئاداری 2017 ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان خوێندنەوەی بۆ بڕیارنامەیەک کرد کە تایبەت بوو بە سزا خستنەسەر سووریا، ئەمەش دوای ئەوەی رایگەیاند: "سووریا چەکی کیمیایی بەکارهێناوە." سزاکە بریتیبوو لە قەدەخەکردنی بازرگانیکردن بە پارچەکانی هێلیکۆپتەر و سڕکردنی سامانی چەند بەرپرسێکی سەربازیی سووریا. چین و رووسیا بڕیارەکەیان ڤیتۆ کرد و تێنەپەڕێنرا.
 
کەمکردنەوە و سووککردنی سزاکان
 
لەگەڵ رووخانی بەشار ئەسەد لە 08-12-2024 چاوەکان چوونەوە سەر سزاکان، حکومەتی نوێی کاتیی سووریا هەوڵیدا هەموو شتێک بکات بۆ ئەوەی سزاکان سووکبکرێن و دەست بە بووژانەوەی سووریا بکرێتەوە. 
 
رۆژی 06-01-2025 ئەمریکا چەند سزایەکی دیاریکراو و ناونەهێنراوی لەسەر حکومەتی راگوزەری لابرد و رایگەیاند: "بۆ ئەوەی هاوکاریی مرۆیی بگاتە نێو سووریا."
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا راشیگەیاند، بۆ ماوەی شەش مانگ چەند سزایەکی دیاریکراو لەسەر فرۆشتنی وزە و حەواڵەکردنی پارە لادەبرێن.
 
رۆژی 10-01-2025 ئەنتۆنی تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا کۆبووەوە. تایانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی گوتی: "پێویستە یەکێتیی ئەورووپا گفتوگۆ لەسەر پرسی سزاکان بکات چونکە بەشار ئەسەد چیدیکە لەوێ نییە. ئێستا دۆخێکی نوێ هەیە."
 
لە 27-01-2025 ژان نۆیێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا بەشێک لە سزاکانی سووریا هەڵدەگرێت. بەگوتەی بارۆ، چەند سزایەکی دیاریکراو لەسەر کەرتەکانی وزە، گواستنەوە و چەند دامەزراوەیەکی دارایی لا دەبرێن.
 
ئەو رۆژە، کایا کالاس، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە ئێکس نووسی: "وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لەسەر نەخشەڕێگەیەک بۆ سووککردنی سزاکانی سەر سووریا رێککەوتن. ئامانجمانە بەخێرایی بچینە پێش، بەڵام ئەگەر هەنگاوی هەڵە [لە سووریا] بنرێت؛ لابردنی سزاکان پێچەوانە دەبێتەوە."
 
هەر لە مانگی کانوونی دووەمی 2025، فەیسەڵ بن رەحمان، وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاند، سعودیە راستەوخۆ گفتۆگۆ لەسەر لابردنی سزاکان دەکات و پەیامی ئەرێنیش هەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە