گوتەبێژی ئەنەکەسە: بە ئەحمەد شەرعمان گوت دەبێ کورد هاوبەشێکی سەرەکی بێت

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
شاندی باڵای ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لەگەڵ ئەحمەد شەرع
شاندی باڵای ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لەگەڵ ئەحمەد شەرع
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شاندی باڵای ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر کۆبووەوە. گوتەبێژی ئەنجوومەنەکە دەڵێ، جەختیان لەوەکردووەتەوە دەبێت کورد هاوبەشێکی سەرەکی بێت لە سووریا و مافەکانی لە دەستووردا بچەسپێندرێن.
 
شاندەکە بە سەرۆکایەتیی محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنەسەکە و چەند ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە، ئەمڕۆ سێشەممە، 3-2-2026، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا  بۆ قۆناخی راگوزەر و دوێنێ دووشەممەش لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە کۆبووەوە.
 
رۆژی سێشەممە فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد (ئەنەکەسە) و ئەندامی شاندەکە، لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 19:00ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "سەردان و کۆبوونەوەکانمان لەسەر داواکاریی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی سووریا بوو." 
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە کۆبوونەوەکاندا گوتوومانە ئێمە هێزێکی سەرەکیی بووین لە ئۆپۆزیسیۆن و لێرەین بۆ گەیاندنی دەنگی گەلی کورد، چونکە پرسی کورد تەنیا پرسی ناوچەیەک نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانیی تەواوی سووریایە."
 
لەبارەی بە نێوەڕۆکی گفتوگۆکان، گوتەبێژی ئەنەکەسە گوتی:"جەختمان لەوە کردەوە کە دەبێت کورد هاوبەشێکی سەرەکی بێت لە سووریای داهاتوودا و مافەکانی لە دەستووردا بچەسپێندرێن." هەروەها رایگەیاند: "هەڵوێستی ئەرێنیمان لە ئەحمەد شەرع و ئەسعەد شەیبانی بەدی کرد، تەنانەت باسی دەرکردنی نووسراوی کۆماری ژمارە 13 کراوە سەبارەت بە مافەکانی کورد و چۆنییەتی جێگیرکردنیان لە دەستووری نوێدا."
 
فەیسەڵ یوسف گوتی: "ئەو بۆچوونەمان بە روونی گەیاند ئەگەر کورد سەرنەکەوێت و نەبێتە هاوبەشی راستەقینە، ئەوا سووریاش سەرناکەوێت."
 
یەکێکی دیکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکانی دیمەشق، پرسی ئاوارەکان بووە. فەیسەڵ یوسف بە رووداوی راگەیاند: "گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەرێ کانی و عەفرین و ناوچەکانی دیکە پرسی سەرەکی بوون و بەم نزیکانە ئەنجامی ئەرێنییان دەبێت."
 
سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی رۆژ، گوتەبێژی ئەنەکەسە گوتی: "لە کۆبوونەوەکاندا باسی گەڕانەوەی پێشمەرگەی رۆژ نەکرا."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، لەم قۆناخەدا ئەوەی گرنگە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان و پاراستنی ئاسایشی خەڵکە.
 
لە کۆتایی قسەکانیدا فەیسەڵ یوسف جەختی لە گرنگیی یەکهەڵوێستیی لایەنە کوردستانییەکان کردەوە بۆ ئەوەی بتوانن لەم وەرچەرخانە سیاسییەی سووریادا مافە نەتەوەییەکانیان مسۆگەر بکەن.
 
سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا بڵاویکردەوە، رۆژی سێشەممە، 3-2-2026، ئەحمەد شەرع پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە کۆشکی گەل کرد. 
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەحمەد شەرع "جەختی لە پابەندبوونی دەوڵەت کردەوە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی هاووڵاتییانی کورد لە چوارچێوەی دەستوور دا".
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، "شاندەکەش پێشوازی لە فەرمانی سەرۆکایەتیی ژمارە 13 کرد و بە هەنگاوێکی گرنگی دانا بۆ بەهێزکردنی مافەکان و پاراستنی تایبەتمەندییە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان". 
   
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا، رۆژی هەینی 16-01-2026، فەرمانێکی دەرکرد و تێیدا دانی بەوەدا نا کورد "بەشێکی بنەڕەتی و رەسەنی گەلی سووریایە."
 
هەروەها زمانی کوردیشی وەک "زمانێکی نیشتمانی" ناساند و رۆژی نەورۆزیشی لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا کردە پشووی فەرمی.
 
لە فەرمانی ژمارە (13)ی ساڵی 2026دا، کە لەسەر بنەمای "بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی" دەرچووە، سەرۆکی سووریا جەختی لەوە کردووەتەوە، ناسنامەی کولتووری و زمانیی کورد "بەشێکی دانەبڕاوی ناسنامەی نیشتمانیی فرەڕەنگ و یەکگرتووی سووریایە."
 
یەکێک لە گرنگترین بڕگەکانی فەرمانەکە، هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئاسەوارەکانی سەرژمێریی مشتومڕاویی ساڵی 1962ی پارێزگای حەسەکەیە، بەهۆیەوە سەدان هەزار کورد بێ وڵاتینامە کران. بەپێی فەرمانە نوێیەکە، وڵاتینامەی سووریا بە هەموو ئەو کوردانە دەدرێت کە لە سووریا نیشتەجێن، بە بێ-ناسنامەکانیشەوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە