کۆمەڵەی کاری سیڤیل لە جەرەمانا: هێزەکانی ئاسایشی گشتی و پۆلیس هاتوونەتە نێو شارۆچکەکە

03-03-2025
رەبیع مونزیر، ئەندامی کۆمەڵەی کاری سڤیل لە جەرەمانا
رەبیع مونزیر، ئەندامی کۆمەڵەی کاری سڤیل لە جەرەمانا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمەڵەی کاری سیڤیل لە جەرەمانا بە رووداوی راگەیاند، دۆخی شارۆچکەی جەرەمانا ئارامە و شەوی رابردوو هێزەکانی ئاسایشی گشتیی حکومەتی سووریا چوونەتە ئەو ناوچەیە و جێگیر بوون. 
 
رەبیع مونزیر، ئەندامی کۆمەڵەی کاری سڤیل لە جەرەمانا ئەمڕۆ (دووشەممە، 3-3-2025) لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکەشی دەکات رایگەیاند، دوای 48 کاژێر لە ئاڵۆزی، بەهاوکاریی کەسایەتی و پیاوماقوڵانی جەرەمانا و دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی سووریا، شەوی رابردوو هێزەکانی ئاسایشی گشتی و یەکەکانی پۆلیس چوونە ئەو شارۆچکەیە.
 
شارۆچکەی جەرەمانا، دەکەوێتە پارێزگای گوندەواری دیمەشق و زۆربەی دانیشتووانەکەی درووز و کریستانن.  
 
رەبیع مونزیر دەڵێت، هێزەکانی ئاسایشی گشتی و یەکەکانی پۆلیس لە بنکەی ناوەندی پۆلیسی جەرەمانا جێگیر بوون و ئەو ناوەندەیان چالاک کردەوە، ئێستاش بە هاوبەشی لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە، چاودێریی دۆخی ئاسایشی ناوچەکە دەکەن و دەیپارێزن. 
 
دوێنێ، پیاوماقوڵانی شارۆچکەی جەرەمانا و نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا بەئامانجی کۆتاییهێنان بە دۆخی ئاڵۆزی ئەو شارۆچکەیە، دانوستاندنیان کرد و لەبارەی ئەنجامەکانیش ئەندامەکەی کۆمەڵەی کاری سڤیل لە جەرەمانا ئاشکرای کرد "هەردوولا لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتوون، لەوانە کاری هاوبەش، پاراستنی ئاسایش بە شێوەیەکی هاوبەش و گەڕانەوەی دۆخی ئاسایی لە جەرەمانا."
 
لەبارەی بوونی گرووپە چەکدارەکان لە جەرەمانا و داواکاری بۆ رادەستکردنی چەکەکانیان بە هێزەکانی ئاسایشی گشتی، رەبیع مونزیر گوتی، هیچ گرووپێکی چەکدار لە جەرەمانا دا نییە تاوەکو داوایان لێ بکرێت چەکەکانیان رادەست بکەن، "ئەوەی هەبووە خەڵکی سڤیل بوون، بۆ پاراستنی ماڵ و موڵکی خۆیان بە شێوەیەکی خۆبەخش" چەکیان هەڵگرتووە و لەژێر هیچ ناوێکدا نەبووە.
 
بەهۆی شەڕی نێوان گەنجانی ئەو شارۆچکەیە و گرووپێکی چەکدار لە چەند رۆژی رابردوودا، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی 9 کەسی دیکە، ئەندامەکەی کۆمەڵەی کاری سڤیل لە جەرەمانا دەڵێت، "ئەوەی روویدا دۆخێکی کەسی بوو، چەند چەکدارێکی نەناسراو هێرشیان کردە سەر ئۆتۆمبێلێک، کەسێکیان کوشت و دوو کەسی دیکەشیان بریندار کرد، دواتر ئاڵۆزییەکە تەشەنەی کرد."
 
حوسام تەحان، بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای گوندەواری دیمەشق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای رەتکردنەوەی خۆبەدەستەوەدانی بکوژانی کارمەندێکی وەزارەتی بەرگری لە جەرەمانا، هێزەکانیان چوونەتە نێو ئەو گەڕەکە و کار بۆ دەستبەسەرکردنی تاوانباران دەکەن، تاوەکو بەسزای خۆیان دەگەیێنن. 
 
حوسام تەحان بە میدیاکانی سووریای راگەیاندبوو، هێزەکانیان کار بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە دەکەن و رێگە بە هیچ گرووپێکی دەرەوەی یاسا نادەن، ئارامیی ئەو ناوچەیە تێکبدەن. 
 
رەبیع مونزیر ئاشکرای کرد ''خەڵکی جەرەمانا و پیاوماقوڵانی، کار بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانە دەکەن و داوادەکەن دەستگیر بکرێن، چونکە هیچ پەیوەندییەک لەنێوان ئەم ئاڵۆزییانە و دۆخی پارێزگەکانی باشووری سووریا وەک سوەیدا، دەرعا و قونەیترا نییە."
 
لەسەر تایبەتمەندییەکانی شارۆچکەکە و ژمارەی دانیشتووانەکەی، رەبیع مونزیر بە رووداوی گوت "جەرەمانا، شوێنێکی فرەڕەنگە، خەڵکی پێکهاتە و پارێزگا جیاوازەکانی سووریا لێی دەژین، ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە ملیۆنێک کەسە. شارەکەمان بە پێکەوەژیان ناسراوە." 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە