راپۆرتێک: هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رۆڵی گرنگی لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەسەدە و تورکیادا گێڕا

03-05-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نوێترین راپۆرتی پشکنەری گشتیی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، هێرشەکانی تورکیا و سوپای نیشتمانیی سووریا لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا ئاڵنگاریی گەورەیان بۆ هەسەدە دروستکرد، بە جۆرێک هەسەدە ناچاربوو زیاتر سەرنج بخاتە سەر ئەو هێرشانە، کە ئەوە کاریگەری لەسەر پاراستنی ئاسایشی ئەو کەمپ و زیندانانە هەبوو کە چەکدارانی داعش و کەسوکاریان تێیدا دەمێننەوە.
 
راپۆرتە وەرزییەکە بە هاوبەشی لەلایەن پشکنەرانی گشتیی وەزارەتەکانی دەرەوە، بەرگری و ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکاوە ئامادەکراوە و باس لە چالاکییەکانی سێ مانگی سەرەتای ئەم ساڵی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و ئاژانسەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا دەکات.
 
دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی پار، سوپای نیشتمانیی سووریا کە تورکیا پشتگیری دەکات هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە زیاد کرد.
 
زۆرترین شەڕ و پێکدادانی نێوان هەسەدە و ئەو گرووپە چەکدارانە لە بەنداوی تشرین بوو، کە دووەم گەورەترین بەنداوی سووریایە و لە دابینکردنی ئاو و کارەبادا رۆڵێکی گرنگی هەیە. 
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، وێڕای ئەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە سەرکردایەتیی ئەمریکا لە ململانێی دژی تورکیادا پشتیوانی سەربازی پێشكێش بە هەسەدە ناکات، هاوپەیمانییەکە "وەک نێوەندگیر رۆڵێکی گرنگی لە کەمکردنەوەی گرژییەکاندا گێڕا."
 
بە گوێرەی پشکنەری گشتیی ئەمریکا، فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە نێو هاوپەیمانییەکەدا ئاسانکارییان بۆ دانوستاندنی ئاگربەست کرد.
 
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە بەهۆی هێرشەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانەوە هەسەدە ناچاربوو هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا بگوازێتەوە بۆ باکوور کە مەبەست لێی سنووری کۆبانێیە، لە کاتێکدا ئەرکی هێزەکە وەڵامدانەوەی رووداوە لەناکاوەکانە لەو کەمپ و زیندانانەی کە چەکدارانی داعش و کەسوکاریانی تێدایە.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، وێڕای ئەوەی هیچ یاخیبوون و زیندانشكێنییەک لەو ماوەیەدا رووینەدا، گۆڕینی شوێنی ئەو هێزە "مەترسییەکی ئەمنییە."
 
هەر بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا، توانای هەسەدە و ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ مەشقکردن بە هێزی پاسەوانیی کەمپ و زیندانەکان "سنووردار بووە."
 
وێڕای ئەو گوشارانە، راپۆرتەکە دەڵێت هەسەدە "سەرکەوتووانە" توانیویەتی پاسەوانی لە زیندان و کەمپەکان بکات.
 
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، نزیکەی 9 هەزار چەکداری پێشووی داعش لە زیندانەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردان. 
 
هەروەها لە پارێزگەی حەسەکە، نزیکەی 36 هەزار کەس لە کەمپی هۆل و 2 هەزار و 400 کەسی دیکە لە کەمپی رۆژدا ماون کە زۆربەیان کەسکوکاری چەکدارانی داعشن. 
 
راپۆرتەکە روونیدەکاتەوە کە لە 1ی کانوونی دووەم تاوەکو 31ی ئادار، نزیکەی 4000 کەس لە کەمپی هۆل و 200 کەس لە کەمپی رۆژ گەڕێندراونەتەوە وڵاتەکەیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە