بەرپرسێکی باڵای حکومەتی سووریا لە عەفرین: جگە لە زمانی عەرەبی، هەموو زمانەکانی دیکە بیانین

03-11-2025
تەنیا ئەحمەد
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ محەممەد سەنکەری، بەڕێوەبەری کاروباری سیاسیی حکومەتی سووریا لە عەفرین
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ محەممەد سەنکەری، بەڕێوەبەری کاروباری سیاسیی حکومەتی سووریا لە عەفرین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد سەنکەری، بەڕێوەبەری کاروباری سیاسیی حکومەتی سووریا لە عەفرین دەڵێت، زمانی کوردی بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە وەک زمانی بیانی لەو هەرێمەی رۆژئاوای کوردستان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ. دەشڵێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 24 هەزار خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە عەفرین.
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ نالین حەسەن، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو، محەممەد سەنکەری وەڵامی پرسیارەکانی لەبارەی دۆخی ئەمنی، گەڕانەوەی ئاوارەکان، وەرزی زەیتوون و خوێندنی کوردی لە عەفرین دایەوە.
 
محەممەد سەنکەری گوتی، دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، هەوڵێک بۆ "یەکخستنی پڕۆگرامەکانی خوێندن لە سەرانسەری سووریادا" هەبوو و عەفرینیش بەشێکە لەو یەکخستنە.
 
ئەو بەرپرسە گوتی، وەزارەتی پەروەردە بڕیارێکی نوێی دەرکردووە کە بەپێی مادەی پێنجەمی، "زمانە بیانییەکان بەبێ گۆڕانکاری دەهێڵدرێنەوە" و گوتی، زمانی کوردی وەک زمانێکی بیانی لەپاڵ زمانەکانی دیکەدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ.
 
سەبارەت بە دۆخی ئەمنی، سەنکەری رایگەیاند، "باشە" و ئاماژەی بەوەشکرد: "هەموو ئەو چەکانەی لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسای دەوڵەت بوون، کۆنترۆڵ کراون و چیدیکە هیچ چەکێکی دەرەوەی دەوڵەت نییە." ئەو بەرپرسە رەتیکردەوە کە دیاردەی "ئەشکەنجە و رفاندن" لە هەرێمەکەی رۆژئاوای کوردستان هەبێ.
 
سەنکەری ئاماری گەڕانەوەی ئاوارەکانیشی خستەڕوو و گوتی، لەدوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەدەوە 24,305 خێزان گەڕاونەتەوە عەفرین و موڵکیان رادەست کراوەتەوە. 
 
بەرپرسەکەی عەفرین دڵنیایی دا لەبارەی پاراستنی وەرزی زەیتوون و موڵکی باخەوانان و رایگەیاند، "وەرزی زەیتوون بۆ خەڵکی عەفرین هێڵی سوورە" و "لیژنەی گەڕاندنەوەی مافەکان" پێکهێندراوە بۆ چارەسەرکردنی هەر دەستدرێژییەک.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ محەممەد سەنکەری، بەڕێوەبەری کاروباری سیاسیی حکومەتی سووریا لە عەفرین:
 
رووداو: با لە دۆخی ئەمنیی عەفرینەوە دەستپێبکەین. ئێستا لە عەفرین گەورەترین ئاستەنگە ئەمنییەکان لەبەردەم دەسەڵاتی حکومەتدا چین؟
 
محەممەد سەنکەری: دۆخی ئەمنی لە عەفرین باشە. سوپاس بۆ خودا، وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی بەرگری لە سەرەتای رزگارکردنەوە چوونە نێو شاری عەفرین و کۆنترۆڵیان کرد. زۆر شوێن پێشتر لە دەستی گرووپە چەکدارەکان بوو، بەڵام دوای ئەوەی ئەو گرووپانە چوونە پاڵ وەزارەتی بەرگری. هەروەها ئەو چەکانەی لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسای دەوڵەت بوون، کۆنترۆڵ کران. هەر چەکێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت بێت، چەکێکی نایاساییە و ئەو کەسانەی ئەو چەکەیان هەڵگرتبوو، دەستگیرکران و لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا رێکخرانەوە.
 
رووداو: دەتوانن بڵێن چەک بە تەواوی کۆنترۆڵ کراوە و کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی حکومەت؟
 
محەممەد سەنکەری: بێگومان. دەڵێین چەکمان کۆنترۆڵ کردووە و دەسەڵاتە ئەمنییەکان رۆڵی تەواوی خۆیان گێڕاوە و چی دیکە هیچ چەکێکی دەرەوەی دەوڵەت نییە. دەتوانن بپرسن و لە شەقامەکاندا قسە لەگەڵ خەڵک بکەن و لێیان بپرسن، بۆ ئەوەی لەم قسانە دڵنیا ببنەوە. ئێمە وەک کارگێڕی و وەک دەزگە ئەمنییەکان و ئەنجوومەنی خۆجێیی، ئەمە دەڵێین و لە خەڵک بپرسن تاوەکو راستیی ئەم قسانە بزانن.
 
رووداو: سەبارەت بە هەندێک دیاردەی سەربازی و ئەمنیی نافەرمی لە عەفرین سکاڵا هەیە. ئایا پلانتان بۆ کۆتاییهێنان پێیان هەیە؟
 
محەممەد سەنکەری: لە سەرەتای رزگارکردندا سکاڵای زۆر دەکرا و یەک بە یەک چارەسەرکران و هەر سکاڵایەک پێشکێشی ئیدارەی ناوچەکە کرا، بە شارەزاییەکی گەورەوە مامەڵەی لەگەڵ کرا و هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر موڵکی هاووڵاتییەکی عەفرین بە تووندی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و دەستدرێژیکار هەر کەسێک بێت، ئینجا لە گرووپەکانی پێشوو بێت یان سەر بەوان یان تەنانەت ئەگەر برایەک دەستدرێژیی کردبێتە سەر براکەی یان هەرکەسێکی دیکە، هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە، لە عەفرین و هەموو سووریادا.
 
رووداو: بەڕێز محەممەد، لەبەرئەوەی عەفرین هەرێمێکی کشتوکاڵییە. حکومەت چۆن پاراستنی وەرزی زەیتوون و موڵکی جووتیاران لە هەر جۆرە دەستبەسەرداگرتن، سەپاندنی باج و دەستدرێژییەک مسۆگەر دەکات؟
 
محەممەد سەنکەری: لە راستیدا، بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم بابەتە، ئاستەنگێکی گەورە لەبەردەم حکومەتدا بوو. ئێمەش دەزانین کە وەرزی زەیتوون بۆ خەڵکی ئێمە لە عەفرین هێڵی سوورە. بۆیە وەزارەتی بەرگری بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم دۆخە و لەنێوبردنی ئەو ئابوورییە کۆنانەی کە لەلایەن گرووپەکانەوە دامەزرابوون، کاری کرد. هەروەها بۆ گەڕاندنەوەی مافەکان و چارەسەرکردنی سکاڵاکان، لیژنەیەک پێکهێندرا. هەر خاوەن زەوییەک سکاڵا بکات کە زەوییەکەی لەلایەن کەسێکەوە دەستی بەسەردا گیراوە، بە شێوەیەکی پیشەیی کێشەکە چارەسەر دەکرێ. خاوەن موڵک بەڵگە فەرمییەکانی خۆی پێشکێشی لیژنەکە دەکات، لیژنەکەش بەدواداچوونی بۆ دەکات و ئەو کەسەی موڵکەکەی داگیرکردووە، بە مۆڵەتی 48 کاژێر ئاگادار دەکرێتەوە و موڵکەکە رادەستی خاوەنەکەی دەکرێتەوە. بێگومان، بەشێک لە خەڵکی ئێمە لە عەفرین هەن کە هیچ بەڵگەیەکیان لەدەست نییە. بۆ ئەمەش رێکارەکان ئاسان کراون، ئەگەر خاوەن زەوییەکە لە دەرەوەی سووریا یان دەرەوەی عەفرین بێت و دیمەنێکی ڤیدیۆیی تۆمارکراو بۆ موختار بنێرێ، ئەو ڤیدیۆیە بدرێتە موختار و 2 شایەتیش لەگەڵیدا هەبن. موختاریش ئەو سکاڵایە پێشکێشی لیژنەی گەڕاندنەوەی مافەکان دەکات و ئەو ڤیدیۆیە وەک بەڵگەیەکی فەرمی پەسند دەکرێت.
 
رووداو: سەبارەت بەو هاووڵاتییانەی هیچ بەڵگەیەکی فەرمییان نییە یان پێشتر ونبوون، چۆن دەبێت؟
 
محەممەد سەنکەری: گوتم، ئەگەر موختار و دوو شایەت لەگەڵی هەبن، یان ئەگەر خاوەن موڵک ئامادە بێ و بەڵگەی فەرمی نەبێت، ئەگەر شایەتی هەبوو کە ئەو زەوییە هی ئەوە، لەگەڵ موختاردا و ئەم شایەتییە قبووڵ دەکرێ.
 
رووداو: بەڵێ بەڕێز محەممەد، هەندێک سکاڵا لەلایەن هەندێک باخەوانی عەفرینەوە پێمان دەگات سەبارەت بە کردنەوەی نووسینگەی هەندێک گرووپی چەکدار و وەرگرتنی باج لێیان لەم وەرزی زەیتوونەدا. ئایا لەم وەرزەدا دۆخی لەم شێوەیە لاتان تۆمارکراوە؟
 
محەممەد سەنکەری: پێش وەرزی زەیتوون لەگەڵ هاووڵاتییان کۆبووینەوە، لە چەندین ناحیەی وەک شەرا و جندرێس و هەندێک ناحیەی دیکە لەگەڵ هاووڵاتییان باسمان لە بابەتەکە کرد. نووسینگەیەک بۆ وەرگرتنی سکاڵاکان لە هەر ناحیەیەک کرایەوە. بۆ هەر دەستدرێژی و دەستبەسەرداگرتنێک، سکاڵا پێشکێشی ئەم نووسینگەیە دەکرێ و ئەوانیش دەستبەجێ رێکاری خۆیان دەگرنەبەر. پەیوەندیی زۆرمان پێوە دەکرێ، وەک فڵانە کەس دەستدرێژیی کردووەتە سەر موڵکی فڵانە کەس. وەک گوتم، لیژنەی گەڕاندنەوەی ماف هەیە و مامەڵە لەگەڵ چەندین حاڵەت کراوە، بەتایبەتی لە رێگەی هێزەکانەوە؛ ئەم هێزانەش لە رێگەی وەزارەتی بەرگری و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە. هەندێک کەس کە پێشتر لەنێو گرووپەکاندا بوون، چوونەتە نێو وەزارەتی بەرگری و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و ئەوان لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدان و ئەگەر پێشێلکاری لەلایەن هەر ئەندامێکەوە بکرێ، پێویستە ئەو کەسەی رووبەڕووی پێشێلکاری بووەتەوە، سکاڵای خۆی پێشکێشی یەکێک لەو نووسینگانە بکات.
 
رووداو: ئێستا میکانیزمی پەسەندکراوتان بۆ لێکۆڵینەوە لەم پێشێلکاریانە وەک گرتنی دەرەوەی یاسا، دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵک و تەنانەت ئەشکەنجە چییە؟
 
محەممەد سەنکەری: دەبێ ئەم پرسیارە بە شێوەیەکی دیکە بێت. تۆ وات نیشان دا کە ئەشکەنجە و رفاندن هەیە. سەبارەت بە هەموو ئەم بانگەشانە، شتێکی وەها نییە و دەتوانن بچنە سەر زەوی و بەچاوی خۆتان ببینن و راپۆرتێکی لەسەر ئامادە بکەن و پێشکەشی بینەرانی بکەن. هیوادارم لە وەرگرتنی سەرچاوەی هەواڵەکاندا ورد بن و هەواڵەکان لە سەرچاوەکانیانەوە وەربگرن.
 
رووداو: ئەگەر سکاڵایەک یان هەر جۆرە پێشێلکارییەک تۆمارکرا، میکانیزمی پەسەندکراوتان بۆ لێکۆڵینەوە چییە؟
 
محەممەد سەنکەری: لایەنی رێکاری و ئەمنیی تایبەت بە وەزارەتی ناوخۆ هەن. ئەگەر هەر سکاڵایەک هەبێت، ئینجا سکاڵای تاوان بێت یان ئەمنی لە هەموو کەرتەکاندا، رێکاری دیاریکراو لەنێو ئەو کەرتە یان لەنێو لیژنەی پسپۆڕدا هەن. رێکار هەن لەژێر دەسەڵاتی لیژنە تایبەتمەندەکان و ئەوان بە شێوەیەکی پیشەیی و ورد بەدواداچوونی بۆ دەکەن. سکاڵاکان پێشکێش دەکرێن و راستەوخۆ بەدواداچوونیان بۆ دەکرێ.
 
رووداو: با لەسەر قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانیش بوەستین. ئایا میکانیزمی قەرەبووکردنەوە کارا کراوە؟ ئەو میکانیزمەی ئێستا لاتانە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی لە ساڵانی رابردوودا دار زەیتوونەکانیان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بڕدراونەتەوە، چییە؟
 
محەممەد سەنکەری: زووە باس لەو میکانیزمە بکەین، چونکە ئێستا لە وەرزی زەیتوونداین و کاری لەپێشتر هەن. هەرکەسێک دارەکانی بڕدرابنەوە یان دەستدرێژی کرابێتە سەر زەوییەکەی، پشتیوان بە خودا بە میکانیزمێک قەرەبوو دەکرێتەوە. لیژنەی گەڕاندنەوەی ماف کار لەسەر ئامادەکردنی سیستمێکی ناوخۆیی تایبەت بەم سکاڵایە دەکات و لیژنەیەکی دادوەریش چاودێری لیژنەی گەڕاندنەوەی مافەکان دەکات.
 
رووداو: لەو کاتەوەی دەسەڵاتتان وەرگرتووە، ژمارەی ئەو سکاڵایانەی لاتان تۆمارکراون چەندن؟
 
محەممەد سەنکەری: زۆرن، بە دەیان سکاڵا پێشکەشکراون و کاریان لەسەر کرا. سکاڵای ناڕاست و بێبنەماش هەن. دوای ئاشکرابوونی دۆخەکان و چوونە سەر زەوی بۆ لێکۆڵینەوە، دەرکەوت کە زۆرێک لە سکاڵاکان بێبنەمان. هەروەها بە دەیان سکاڵای راست هەن کە تۆمارکراون و بە شێوەیەکی پیشەیی و پسپۆڕانە کاریان لەسەر کراوە.
 
رووداو: با بچینە سەر دۆسیەی گەڕانەوەی خەڵک بۆ عەفرین. دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، ژمارەی ئەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە عەفرین چەندە؟
 
محەممەد سەنکەری: ئاماری ژمارەی ئەو کەسانەم لایە کە لە عەفرین دەرچوون و وەک دەزانی، بەهۆی ستەمی رژێمی تاوانبار و هەروەها دەستدرێژییەکانی هەسەدەوە، کۆچبەری زۆر لە شاری عەفریندا هەبوون. هەروەها خێزانی زۆری سووریایی لە عەفریندا هەبوون. ژمارەی ئەو خێزانانەی لە عەفرین بوون و دوای رزگارکردنی سووریا بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵک و زێدی خۆیان لە عەفرین دەرچوون، 53,797 خێزانن. بەپێی ئامارەکان، سەبارەت بەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە عەفرین، 24,305 خێزان گەڕاونەتەوە و زەوی و موڵکیان کە پێش هێرشەکە بەجێیان هێشتبوو، رادەستیان کراوەتەوە.
 
رووداو: چ گەرەنتییەک لەلایەن حکومەتەوە بۆ پاراستنی گەڕاوەکانی عەفرین و خەڵکە رەسەنەکەی کە لەوێ ماون، دراوە؟
 
محەممەد سەنکەری: چ گەرەنتییەک؟ گەرەنتی ئەوەیە کە تۆ بێیتە سەر خاک، ماڵ و موڵکی خۆت و بەبێ هیچ ئاستەنگێک وەریانبگریتەوە. هەر سکاڵایەک کە پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێ، هەموو هێزەکان، ئینجا هێزی پۆلیس بن یان ئەمنی یان تەنانەت نووسینگەکانی راگەیاندنمان کە هەموو ئەم رووداوانە تۆمار دەکەن، پێیەوە سەرقاڵ دەبن. هەر دەستدرێژییەک کە بکرێتە سەر خێزانێک، بە شێوەیەکی پیشەیی کاری لەسەر دەکەین، بەڵام تا ئێستا هیچ رووداوێکی دەستدرێژی لەلایەن کەسەوە بۆ سەر کەس تۆمارنەکراوە. بێگومان ناڵێین شارێکی نموونەییە، هەندێک تاوانی دزی و شەڕ روودەدەن و ئەم دۆخە لە هەموو وڵاتانی جیهاندا روودەدات. ئێمە ئێستا لەنێو شارێکدا لە دۆخێکی ئاساییدا دەژین؛ کورد و عەرەب پێکەوە دەژین. هەروەها خەڵک دوای رزگارکردن هەستیان بە ئاسایش کردووە. وەک پێشتریش گوتم، دەبێ ئێوە بچنە نێو خەڵک و ئاسایش و ئارامییەکە ببینن.
 
رووداو: ئایا قوتابخانەکانی عەفرین پێشوازی لەو قوتابییە کوردانە دەکەن کە پڕۆگرامی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریان دەخوێند و دوای هەڵوەشانەوەی رژێمی ئەسەد گەڕاونەتەوە شارەکەیان؟
 
محەممەد سەنکەری: بێگومان، بەخێرهاتنی هەر قوتابییەکی سووریایی دەکرێت، نەوەک تەنیا لە عەفرین، بەڵکو لە هەر قوتابخانەیەکی سووریادا هەر پڕۆگرامێکی خوێندبێت. ئێمە پێشوازی لە قوتابیانی هەموو وڵاتانی جیهان و ئەو سووریاییە پەنابەرانەش دەکەین کە لە دەرەوەی سووریان. قوتابی هەیە کە لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیاوە هاتووەتەوە؛ قوتابی هەیە کە لە میسرەوە هاتووەتەوە و ئەمە لە وەزارەتی پەروەردەدا تۆمارکراوە. هەندێک قوتابخانە وەک دەستپێشخەرییەک بۆ پێشوازیکردنی ئەم قوتابییانە، تایبەتن بەو قوتابییانەی کە بە عەرەبی قسە ناکەن. بەخێرهاتنی هەر قوتابییەک دەکرێت، ئینجا لە عەفرین بێت یان لە هەر قوتابخانەیەکی سووریادا.
 
رووداو: خوێندنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی عەفرین قەدەخە کراوە. بۆچی؟ ئایا ئەمە دژی هەڵوێستی حکومەتی سووریا نییە لە بەرامبەر ناوخۆ و جیهاندا کە سووریا بووەتە وڵاتێکی بێ جیاوازی بۆ هەموو سووریاییەکان؟
 
محەممەد سەنکەری: ئەو قسەیە لە راستییەوە دوورە. زمانی کوردی قەدەخەنەکراوە. بەڵام کاتێک دەستمان بە ساڵی نوێی خوێندن کرد، ئاستەنگێک لەبەردەم حکومەتی ئێستادا هەبوو بۆ یەکخستنی پڕۆگرامەکانی خوێندن لە سەرانسەری سووریادا و عەفرینیش بەشێکە لە سووریا و هەموو پڕۆگرامەکان یەکخران. پێش رزگارکردن، لە عەفرین قوتابخانە هەبوو کە زمانی کوردییان تێدا دەخوێندرا، بەڵام دوای رزگارکردن، پڕۆگرامەکان لە هەموو شار و پارێزگاکانی سووریادا یەکخران. دوو رۆژ پێش ئێستاش، وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن بڕیاری ژمارە 943ی رۆژی 27/10/2025ی دەرکرد کە بەپێی مادەی پێنجەمی، زمانە بیانییەکان بەبێ گۆڕانکاری دەهێڵدرێنەوە.
 
رووداو: مەبەستت لە زمانی بیانی لێرەدا چییە، ئایا زمانی کوردیشی تێدایە؟
 
محەممەد سەنکەری: هەموو زمانە بیانییەکان جگە لە عەرەبی. زمانی عەرەبی زمانی سەرەکییە و هەموو زمانەکانی دیکە بیانین، ئینجا کوردی بێ یان تورکی یان رووسی یان فەرەنسی یان ئینگلیزی. ئەم بڕیارە ئەوان دەگرێتەوە.
 
رووداو: بەڵام پێموایە وەک وانەیەکی هەڵبژاردەیە. ئایا ئێوە کار دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی خوێندنی زمانی کوردی لە هەموو قوتابخانەکانی عەفریندا؟
 
محەممەد سەنکەری: بێگومان، ئەمە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی پەروەردەیی لە شاری عەفریندا دەکرێ بۆ ئەوەی بۆ گەڕاندنەوەی خوێندنی زمانی کوردی کار بەم بڕیارە بکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە