رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، تۆمەتبارێکیان بە تاوانی کوشتنی دوو هاوژین لە شارۆچکەی زێدەلی گوندەواری حومس دەستگیرکردووە، رووداوێک کە بووە هۆی وروژاندنی گرژی و تووندوتیژیی تائیفی. وەزارەتەکە جەختی کردەوە کە پاڵنەری تاوانەکە "دزی بووە" و هیچ پەیوەندییەکی بە کێشەی تائیفییەوە نییە.
رۆژی 23ی تشرینی دووەمی 2025، تەرمی دوو هاوژین لە ماڵەکەیاندا لە شارۆچکەی زێدەل دۆزرانەوە، لە کاتێکدا جەستەی ژنەکە سووتێنرابوو. هاوکات لە شوێنی تاوانەکەدا چەندین دروشمی تائیفی نووسرابوون، کە ئەمەش بووە هۆی گرژی لە پارێزگەکەدا.
رۆژی چوارشەممە 03-12-2025 نورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە حومس رایگەیاند، "گومانلێکراوی سەرەکی، کوڕی خوشکی قوربانییەکە بووە و لەبەر پاڵنەری دزیکردن، ئەو کارەی کردووە."
بابا گوتیشی: "دوای ئەوەی ئاشکرا بووە، بە خوێنساردیی کوشتوونی، پاشان بە خوێنی قوربانییەکە دروشمی تائیفی نووسیوە لە هەوڵێکدا بۆ چەواشەکردنی دادپەروەری و ئاگری لە شوێنەکە بەرداوە بۆ سڕینەوەی بەڵگەکان." گوتەبێژەکە رایگەیاند، تاوانبارەکە "دواتر دانی بە تەواوی وردەکاریی تاوانەکەدا ناوە."
وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو، زیاتر لە 120 کەس بە گومانی "تێوەگلان لە کاری ئاژاوەگێڕی"دا دوای رووداوەکە، دەستگیرکراون.
دوای تاوانەکە، تۆمەت ئاراستەی عەلەوییەکان کرا، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی ئاڵۆزی لە چەند ناوچەیەکی شارەکەدا، کە گەڕەکی سوننە و عەلەویی تێدایە. گەنجانی هۆزە بەدەوییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵ و ئۆتۆمبێل و دووکانی گەڕەکە عەلەوییەکان، پێش ئەوەی دەسەڵاتداران بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە قەدەخەی هاتووچۆ رابگەیەنن.
دوای دوو رۆژ، هەزاران کەس لە لازقیە و ناوچە عەلەوییەکانی دیکەی سووریا، دژی ئەو هێرشانە خۆپیشاندانیان کرد.
لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە کە سەر بە تائیفەی عەلەوییە، ئەندامانی ئەم تائیفەیە رووبەڕووی هێرشی دووبارە بوونەتەوە. لە مانگی ئاداری رابردوودا، سەدان کەسیان لە چەندین گوندی کەناراوەکانی سووریادا کوژران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ