ئەنجوومەنی تەندروستیی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب: پێویستیی خێرامان بە دەرمانە

18 کاژێر له‌مه‌وپێش
نووشین حەمێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی تەندروستیی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب دەڵێ، بەهۆی گەمارۆی هێزەکانی سووریاوە دۆخی تەندروستی لەو گەڕەکانە رۆژ دوای رۆژ خراپتر دەبێ و پێویستییەکی بەپەلەیان بە کەرەستەی نەشتەرگەری و بانکی خوێنە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 04-01-2026، د. عوسمان شێخ عیسا، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی تەندروستیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بنی زەیدی حەلەب بە رووداوی راگەیاند، هێزە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، گەمارۆیەکی قورسیان خستووەتە سەر گەڕەکە کوردنشینەکان.
 
د. عوسمان شێخ عیسا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هێزانە بە چەندین ''پاساوی ناڕەوا'' ئاستەنگی گەورە بۆ خەڵک دروست دەکەن و رێگە نادەن پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان بگاتە گەڕەکەکان، ئەمەش بووەتە هۆی قەیرانێکی مرۆیی گەورە.
 
شەوی دووشەممە 22ـی کانوونی یەکەم پێکدادان لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی حکومەتی سووریا و ئاسایشی ناوخۆی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب کە کوردن و لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردان، دروست بوو. هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی تەندروستیی گەڕەکە گوتی، سەرەڕای سەختی و بەردەوامیی گەمارۆ، کەرتی تەندروستی هەوڵدەدات لەسەر پێی خۆی بمێنێتەوە.
 
بەگوتەی د. عوسمان شێخ عیسا، ''ئێستا شەش نەخۆشخانە لەو گەڕەکانەن کە بە هەموو توانای خۆیانەوە کاردەکەن بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری. لەو نەخۆشخانانە پێنجیان تایبەتن و یەکێکیان سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە. بەڵام ئەم ناوەندانە رووبەڕووی کەمبوونەوەیەکی جیدیی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بوونەتەوە."
 
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی تەندروستیی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب رایگەیاند، حکومەتی سووریا بە شێوەیەکی ''سیستماتیک'' رێگری لە گەیشتنی پێداویستییە سەرەکییەکان دەکات و "رێگە بە هاتنی هیچ پێداویستییەک نادرێ؛ نە سووتەمەنی بۆ نەخۆشخانە و موەلیدەکان، نە دەرمان، نە گازی ماڵان، نە نان و ئارد." 
 
د. عوسمان شێخ عیسا ئاماژەی بەوەش کرد، گەمارۆکە گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی و "تاوەکو ئێستا رێگەیان نەداوە یەک پاکەت دەرمانیش بگاتە نێو گەڕەکەکان، ئەمەش ژیانی نەخۆشەکان دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە."
 
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی تەندروستیی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب باسی لەوە کرد، ''بەپەلە'' پێویستییان بە کەرەستە و دەرمانی نەشتەرگەری و ئامێرەکانی تاقیگەی خوێنە و رایگەیاند: ''ئەم کەمییە کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر چاودێریی تەندروستیی گشتی داناوە.''
 
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی خۆجێیی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، هەر لە 22ـی مانگی کانوونی یەکەمەوە، کارەبای ئەو گەڕەکانە بڕاوە. عوسمان شێخ عیسا دەڵێ، بەهۆی نەبوونی کارەباوە، بە تەواوی پشت بە موەلیدەکان دەبەستن و "ئێمە کارەکانمان لە رێگەی سێ موەلیدەوە بەڕێوەدەبەین، بەڵام نەبوونی سووتەمەنی گەورەترین ئاستەنگە. ئێستا سووتەمەنیی یەدەگ بەکاردەهێنین کە ئەویش خەریکە تەواو دەبێ. وەستانی موەلیدەکان بە واتای وەستانی کاری نەخۆشخانەکانە."
 
بەپێی ئەو ئامارانەی هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی تەندروستیی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب خستیەڕوو، زیاتر لە 450 هەزار کەس لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین و ''گەمارۆکان جگە لە کەرتی تەندروستی، کاریگەرییان لەسەر لایەنەکانی دیکەی ژیانی رۆژانەش هەبووە''.
 
د. عوسمان شێخ عیسا ئاماژەی بە دۆخی ئەو کەسانە کرد کە نەخۆشیی درێژخایەن یان شێرپەنجەیان هەیە و گوتی: "بەداخەوە نەخۆشەکانی شێرپەنجە ناتوانن بۆ وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی لە گەڕەکەکان بچنە دەرەوە. لە هەمان کاتدا لەنێو گەڕەکەکاندا هیچ دەرمانێک بۆ ئەوان بەردەست نییە. چارەسەریان تەنیا لە ناوەندە تایبەتەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی [خۆجێیی] حەلەبە، بەڵام رێگەیان لێ دەگیرێ."
 
ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینەی حەلەب، لە پێش رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەڕێوە دەبرێن. هێزەکە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرن لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە