رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی شاندی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی دیمەشق کۆتاییهات. بەرپرسی راگەیاندنی هەسەدە، لەبارەی ئەنجامەکەیەوە دەڵێت: "ئاشتی و سەقامگیری لە پێشینەی کارەکان دەبن."
ئەمڕۆ یەکشەممە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەتی سووریا کۆبووەوە.
"ئەوەی لە دەرەوەی چوارچێوەکە بڵاوبکرێتەوە گوزارشت لە ئەنجامی کۆبوونەوەکە ناکات"
فەرهاد شامی، بەرپرسی راگەیاندنی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، "کۆبوونەوەی نێوان شاندێکی فەرماندەیی هێزەکانمان، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی دیمەشق کۆتاییهات، کە لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی تایبەت بە یەکگرتنی سەربازی بوو."
فەرهاد شامی دەڵێت: "هێزەکانمان جەخت دەکەنەوە کە وردەکاری و ئەنجامەکان بە شێوەیەکی فەرمی دوای تەواوبوونی راوێژەکان رادەگەیێنرێن، ئەوەی ئێستا لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە بڵاودەکرێتەوە، گوزارشت لە راستی و نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ناکات."
لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکەش گوتی: "گفتوگۆکان لەسەر بنەمایەکی پیشەیی و بەرپرسیارانە بەڕێوەدەچن، بەجۆرێک کە گەرەنتی ئەنجامی ورد و لێکۆڵینەوە بۆ کراو بدەن، ئاشتی و سەقامگیری لە پێشینەی کارەکان و ئەولەویەتدان."
رۆژی 10ی ئاداری 2024، مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع لە دیمەشق کۆبوونەوە و رێککەوتنێکیان واژۆکرد. دواتر لێژنەیەکی هاوبەشیان بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی کۆبوونەوەکە پێکهێنا.
شاندەکەی ئەمڕۆی هەسەدە، پێکهاتووە لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، سوزدار دێرک و سیپان حەمۆ، ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هەسەدە.
میدیای فەرمی سووریا: هەردوولا لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆکان رێککەوتن
میدیای فەرمی سووریا لە راگەیێندراوێکدا بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی حکومەتی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کرد، "هەردوولا رێککەوتن لەسەر ئەوەی بەدواداچوون بکەن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار".
ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی باڵای هەردوولایە لە ساڵی 2026 دا. بەگوێرەی راگەیێندراوی هەسەدە، هەسەدە دەڵێت، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، پرسی تێکەڵکردنی هێزەکانە لەسەر ئاستی سەربازی.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە، پێشتریش چەندین جار گفتوگۆ لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا کراوە، بەڵام پرسی تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان و شێوازی فەرماندەییکردنیان یەکێک بووە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەردوولا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ