سووریا
ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی سوپای ئیسرائیل لە بەرازییەکانی گۆلان لە سنووری سووریا. وێنە: Shir Torem/Reuters
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سووریا سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆسەر پارێزگای دەرعا کرد و رایگەیاند، بووەتە هۆی "زیانی گەورەی گیانی و مادی". هەروەها ئەوەیشی دووپاتکردەوە، "سووریا بۆ هیچ لایەنێک هەڕەشە نییە."
رۆژی چوارشەممە 4ی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی دەرەوەی سووریا راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی دوێنێ شەوی ئیسرائیل بۆ سەر پارێزگای دەرعا بڵاوکردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا دەڵێت، "پێمانوایە زۆر لایەن هەن کە رەنگە هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە بدەن بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان."
هێرشەکەی ئیسرائیل دوای ئەوە هات کە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دوو مووشەک لە باشووری سووریاوە ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان لەنێو خاکی سووریا کراون، هەر زووش تۆپخانەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر دەوروبەری شاری دەرعا.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بەرپرسیاری سەرەکیی هێرشەکەیە.
کاتز گوتیشی، "ئێمە سەرۆکی سووریا بە شێوەیەکی راستەوخۆ بە بەرپرس دادەنێین لە هەر هەڕەشە و هێرشێک کە ئاراستەی دەوڵەتی ئیسرائیل بکرێت." گوتیشی، "ئیسرائیل بەمزووانە وەڵامی دەبێت."
میدیای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، فەرماندەیی باکووری سوپای ئیسرائیل پێیوایە چەکدارانی حەماس کە لە سووریان و لەلایەن سەرکردایەتیی حەماسەوە هاندراون، مووشەکەکانیان هاویشتووە.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا روونیکردەوە، تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوەیان بۆ راستی و دروستیی بانگەشەکەی ئیسرائیل نەکردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دووپاتی دەکەینەوە کە سووریا هەڕەشە نەبووە و نابێت بۆ هیچ لایەنێک لە ناوچەکە، کاری لەپێشینەی ئێمە لە باشووری سووریا بریتییە لە فراوانکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و کۆتاییهێنان بە بوونی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکان، بە شێوەیەک کە گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەموو هاووڵاتییان مسۆگەر بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ