رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی جیهانیی چاودێریکردنی چەکی کیمیایی رۆژی سێشەممە گوتی، "هیچ بەڵگەیەک" نییە کە بانگەشەکانی حکومەتی سووریا بسەلمێنێت بەوەی کە گازی کیمیایی لە دوو رووداودا لە ساڵی 2017 لە دژی سەربازەکانی بەکارهاتووە.
دیمەشق باسی لەوە کردبوو، حەوت سەربازی سووریا لە هێرشێکی کیمیاییدا بۆسەر گوندی خەربت مەساسنە لە پارێزگەی حەما، بریندار بوون؛ بەڵام لێکۆڵەرەکانی رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی (OPCW) گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە "دژبەیەکی" و کەموکورتی لە بەڵگەکانی حکومەتی سووریادا هەیە.
لێکۆڵەران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە "هیچ بەڵگەیەکی بڕواپێکراو نییە بیسەلمێنێت ماددەی کیمیایی وەکو چەک لەو رووداوانەدا بەکارهاتبێت."
دیمەشق پێشتر داوای لە رێکخراوەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کردبوو لێکۆڵینەوە لە دوو هێرش بکات، کە بە گوتەی خۆی لە تەممووز و ئابی 2017 بە "هاوەنی کیمیایی" کرابوونە سەر سەربازەکانی حکومەتی سووریا لە کاتی هێرشێکی حکومەت بۆسەر سوپای سووریای ئازاد و گرووپە چەکدارەکانی دیکە.
بە گوتەی حکومەتی سووریا، بەهۆی گازی کلۆرەوە، مانگی تەممووزی 2017 سێ سەرباز کە تووشی تەنگەنەفەسی، رەقبوونی ماسولكەکان و کەفکردن بوون، گوێزرابوونەوە بۆ نەخۆشخانە؛ گوایە لە هێرشی دواتریشدا لە مانگی ئاب، چوار سەربازی دیکە بریندار ببوون.
لێکۆڵەرانی رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی ژمارەیەک سەردانیان بۆ سووریا کردووە و هەڤپەیڤینیان لەگەڵ 18 کەسدا کردووە، لە نێویشیاندا بریندارەکان، هەروەها وێنە و ڤیدیۆی نەخۆشخانەکە و تۆمارە پزیشکییەکانی کۆکردوونەتەوە.
بەڵام لە "کۆکردنەوەی زانیاریی پێویستدا،" رێکخراوەکە رووبەڕووی زەحمەتی بووەتەوە، لەوانەش نەبوونی توانای سەردانیکردنی سەنگەرەکانی پێشەوەی هێرشەکان و دابیننەکردنی وێنە و ڤیدیۆی شوێنەکە یان پاشماوەی چەکەکە یان نموونەی خوێن، جلوبەرگ و خاکەکە لە لایەن سووریاوە.
بۆیە، لێکۆڵەرەکان "ناتوانن بە پشڕاستبوونەوە هەڵسەنگاندنێکی ژەهرناسی بۆ ئەو بەرکەوتنەی کە باس دەکرێت بکەن،" ئەمەش وەکو لە راپۆرتەکەدا هاتووە.
حکومەتی بەشار ئەسەد لەلایەن رێکخراوەکەوە تۆمەتبار کراوە بە ژمارەیەک هێرشی کیمیایی لە دژی نەیارەکانی لە شەڕی نێوخۆی سووریا، لەنێویاندا بەکارهێنانی گازی سارین و کلۆرین لە لاتمیە لە ئاداری 2017.
رێکخراوەکە هەروەها دەریخست داعش لە ساڵی 2015 لە هێرشێکیدا لە سووریا گازی خەردەلی بەکارهێناوە.
دیمەشق رەتیدەکاتەوە چەکی کیمایی بەکارهێنابێت و پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە چەکەکانی بەگوێرەی رێککەوتنێکی ساڵی 2013 رادەستی رێکخراوەکە کردوون، دوای ئەوەی لە هێرشێکدا کە گومانی لێدەکرا کیمیایی تێدا بەکارهێنرابێت، هەزار و 400 کەس لە ناوچەی غوتەی سەر بە دیمەشق کوژران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ