هەر خێزانێک لە سووریا هەفتانە دەتوانێت تەنیا دوو کیلۆ پیاز بکڕێت

05-03-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتى سووریا بڕیاریدا هەر خێزانێک هەفتانە دەتوانێت تەنها دوو کیلۆ پیاز بە کارتی زیرەک بکڕێت، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەى نرخى لە بازاڕى ئەو وڵاتە. 
 
بەگوێڕەى بڕیارێکى وەزارەتى بازرگانیی نێوخۆ و پاراستنى بەکاربەرى سووریا، لە ئەمڕۆ یەکشەممە 5ى ئادارى 2023ەوە رێکارى نوێ بۆ فرۆشتنى پیاز بە کارتی زیرەک دەگیرێتەبەر. رێکارەکە ئەوەیە هەر خێزانێک لە رێگەى ئەو کارتەوە مافی هەیە هەفتانە تەنها دوو کیلۆ پیاز بە نرخى پاڵپشتیکراو لە فرۆشگە و کۆگەکانی سەر بەو وەزارەتە بکڕێت. 
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى ئەو وەزارەتە، بڕیارە نوێکە بەهۆى زۆرى خواستى هاووڵاتییانە لەسەر پیاز.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، وەزارەتى بازرگانی نێوخۆ و پاراستنى بەکاربەرى سووریا نرخى یەک کیلۆ پیازى لەو وڵاتە بە شەش هەزار لیرە دیاریکردووە کە دەکاتە نزیکەى 80 سەنت، بەڵام نرخەکەى لە بازاڕدا زیاتر لە شەش هەزار و 500 لیرەیە.
 
پێشتر لە 3ى ئادارى 2023، ئەو وەزارەتە نرخى کیلۆیەک پیازى بە شەش هەزار لیرە دیاریکرد کە بە کارتی زیرەک بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێت. 
 
ئەو هەنگاوە لەکاتێکدایە، نرخى پیاز لە زۆر وڵاتدا بەرزبووتەوە کە هۆکارى سەرەکى کەمبوونەوەى بەرهەمهێنانى پیازە لە دوو وڵاتى سەرەکى بەرهەمهێنەرى پیاز کە هیندستان و پاکستانن، بەهۆى روودانى لافاو لەو دوو وڵاتەدا. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە