وەزیری ناوخۆی سووریا: زیاتر لە 8 ملیۆن کەس لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە داواکرابوون

05-06-2025
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی حکومەتی کاتیی سووریا رایگەیاند، لێژنەیەک پێکدەهێنن بۆ کردنەوەی دەرگا لە بەردەم ئەو ئەفسەرانەی لە سەردەمی رژێمی بەشار ئەسەد جیابوونەتەوە.
 
ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی حکومەتی کاتیی سووریا لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ میدیای فەرمیی سووریا، باسی دەسەڵاتی ئەمنیی سووریای نوێی کرد و رایگەیاند، "دەسەڵاتی ئەمنی لە سووریا بە شێوەیەکی تەواو و کرداری سەر بە وەزارەتی ناوخۆ دەبێت، نەک تەنیا لە رووکەشدا یان لەسەر کاغەز. ئەم دەسەڵاتە لەژێر چاودێری، پشکنین و لێپێچینەوەی پیشەییدا دەبێت و، دەرگا بۆ سکاڵای هەر هاووڵاتییەک دژی وەزارەتی ناوخۆ یان هەر کەسێکی ناو ئەو وەزارەتە دەکەینەوە.
 
ئەنەس خەتاب: نکۆڵی لە بوونی سەرپێچی لەنێو هێزە ئەمنییەکان ناکەین
 
وەزیری ناوخۆی سووریا باسی سەرپێچی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی کرد و بە ئاشکرا دانی پێدانا. "ئێمە نکۆڵی لە بوونی هەندێک سەرپێچی ناکەین لەلایەن هەندێک لە کارمەندانی ئاسایشەوە، بەڵام ئەم سەرپێچییانە هۆکاری خۆیان هەیە، لە رۆژانی داهاتوودا ئەم سەرپێچیانە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکرێنەوە."
 
گوتیشی: "پێویستمان بە کاتە بۆ راهێنانەوەی کارمەندان تاوەکو ئەرکەکانیان بە شێوەی داواکراو و بەپێی دیدگەی ئێمە جێبەجێ بکەن."
 
"تەنیا سەرۆک 'ئەحمەد شەرع' دەسەڵاتی دامەزراندنی هەیە"
 
ئەنەس خەتاب، لە بەشێکی قسەکانیدا باسی دامەزراندنی لەنێو هێزە ئەمنییەکان کرد و رایگەیاند، لێکتێنەگەیشتنێک روویدا سەبارەت بە بابەتی دامەزراندنی یاریدەدەران، لە رێگەی دەرخستنی دیمەنەکە لە میدیادا بەوەی دامەزراندنی یاریدەدەرانی وەزیری ناوخۆ لەسەر ئەستۆی وەزارەتە. "یاسای کارپێکراو جەخت لەوە دەکاتەوە کە دامەزراندنەکان لەلایەن جەنابی سەرۆکەوە ئەنجام دەدرێن."
 
"پێکهێنانی لێژنەیەک بۆ گەڕاندنەوەی ئەفسەرەکانی سەردەمی ئەسەد"
 
وەزیری ناوخۆی سووریا ئاماژەی بەوە کرد، لیژنەیەکی چاوپێکەوتن پێکدەهێنرێت بۆ کردنەوەی دەرگا لەبەردەم ئەفسەرە جیابووەوەکان بۆ ئەوەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بکرێت و زانیارییەکانیان وەربگیرێت و لە شوێنی گونجاودا دابمەزرێن.
 
گوتیشی: "لەبەرئەوەی گۆڕەپانی سووریا پێویستی بە کەسانی شارەزا و بەتوانایە. دامەزراندنەکانیش پابەند دەبن بە هەندێک پێوەر و کاری لەپێشینە لە حاڵەتەکانی جیابوونەوەدا."
 
ئەنەس خەتاب: زیندانەکان دەکەینە ناوەندی چاکسازیی کۆمەڵایەتی
 
وەزیری ناوخۆی سووریا دەڵێت: "هەوڵ دەدەین زیندانەکان بکەینە ناوەندی چاکسازیی کۆمەڵایەتی بۆ دووبارە ئامادەکردنەوەی زیندانییەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگە وەک مرۆڤێکی ئاسایی."
 
خەتاب نەیشاردەوە کە زیندانەکان ئێستا شیاو نین. "بەڕێوەبەرایەتیی شیاندنەوەمان راسپاردووە بۆ دووبارە ئامادەکردنەوەیان و بیر لە دروستکردنی زیندانی نوێ دەکەینەوە بەپێی پێوەرە سەردەمییە نوێ و یاساییەکان تاوەکو مافەکانی زیندانی بە باشترین شێوە جێبەجێ بکەین."
 
ئەنەس خەتاب: زیاتر لە 8 ملیۆن کەس لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە داواکراوبوون
 
وەزیری ناوخۆی سووریا ژمارەی داواکراوان لەلایەن حکومەتی بەشار ئەسەد ئاشکرا دەکات و دەڵێ: "بەو ژمارە زۆرە حەپەساین."
 
ئەنەس خەتاب دەڵێ: "حەپەساین بە ژمارەی ئەو کەسانەی کە داواکراو بوون لەلایەن رژێمی پێشوو، چونکە ژمارەی داواکراوان هەشت ملیۆن هاووڵاتیی سووریایی تێپەڕاند."
 
دەشڵێت: "هەستاین بە لێکۆڵینەوە لە ناوەکان و هەموو ئەو ناوانە سڕانەوە کە پەیوەندییان بە دۆسیەی ئەمنی و سەربازییەوە هەبوو. ئێمە ناچارین ناو بە ناو لێکۆڵینەوە لە ناوەکان بکەین، بۆ ئەوەی هیچ کەسێک نەمێنێتەوە کە ستەمی لێکرابێت یان هیچ مافێکی لێ زەوت کرابێت."
 
ئەنەس خەتاب: دەستمان بەسەر هەموو کارگەکانی کەپتاگۆندا گرتووە
 
کەپتاگۆن، جۆرێکە لە هۆشبەرەکان، سووریا بە کانگای ئەو حەبە بێهۆشکەرە دادەنرێت و لە سەردەمی ئەسەددا بازرگانییەکی زۆر زەبەلاحی پێوە دەکرا.
 
ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی سووریا لەوبارەوە دەڵێ: دەستیان بەسەر "هەموو" کارگەکانی بەرهەمهێنانی حەبی کەپتاگۆندا گرتووە، کە قاچاخی پێوەکردنی لە سەردەمی رژێمی بەشار ئەسەد دا بە شێوەیەکی بەرفراوان بووەوە.
 
خەتاب ئاماژەی بەوەکرد، "توانیمان بەرهەمهێنانی ئەم مادە هۆشبەرانە رابگرین و دەستبگرین بەسەر هەموو ئەو ئامێر و کارگانەی کە کەپتاگۆنیان بەرهەم دەهێنا. دەتوانین بڵێین کە ئێستا هیچ کارگەیەک لە سووریا مادەی کەپتاگۆن بەرهەم ناهێنێت."
 
روونیشیکردەوە کە زۆربەی ئەم کارگانە "بە شێوەیەکی چڕ لە ناوچەی ریفی دیمەشق و سنووری لوبنان، هەروەها لە ناوچە کەنارییەکانیشدا بوون. زۆربەیان لەو ناوچانەدا بوون کە لەژێر کۆنترۆڵی فیرقەی چوارەمدا بوون کە لەلایەن ماهیر ئەسەدی برای بەشارەوە سەرکردایەتی دەکرا."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە