رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە سووریا بە هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ، ئەندامانی یەکەم پەرلەمانی دوای سەردەمی ئەسەد دیار دەکرێن؛ بەڵام پڕۆسەکە رەخنەی لێدەگیرێت و بە نادیموکراسی دادەنرێت، چونکە سێیەکی ئەندامەکان لەلایەن سەرکردەی کاتی، ئەحمەد شەرعەوە، دادەنرێن و کورد و دروزیش تێیدا بەشدار نین.
پێکهێنانی ئەم ئەنجوومەنە دەبێتە هۆی پتەوکردنی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا.
ئەوەش دوای ئەوەی هێزە ئیسلامییەکانی شەرع لە کانوونی دووەمی رابردوودا کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی فەرمانڕەوای دێرینی وڵات هێنا؛ دەسەڵاتێک کە دوای زیاتر لە 13 ساڵ شەڕی نێوخۆ و 5 دەیە لە فەرمانڕەوایی بنەماڵەکەی، کۆتاییهات.
بەگوێرەی لیژنەی رێکخەر، زیاتر لە 1500 بەربژێر کە تەنیا 14%یان ژنن، کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەکانی "ئەنجوومەنی گەل" دەکەن، کە خوولەکەی 30 مانگ دەبێت و شیاوی نوێکردنەوەیە.
بڕیارە ئەحمەد شەرع 70 لە کۆی 210 ئەندامی ئەنجوومەنەکە دیاری بکات.
دوو لەسەر سێی ئەندامەکانی دیکەش لەلایەن لیژنە خۆجێییەکانەوە هەڵدەبژێردرێن، کە لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەوە دەستنیشان کراون، کۆمیسیۆنەکەش خۆی لەلایەن شەرعەوە دامەزراوە.
بەڵام پارێزگای سوەیدای زۆرینە درووز لە باشووری سووریا، کە لە مانگی تەممووزدا تووشی شەڕی تائیفی بوو، هەروەها سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە پرۆسەکەدا بەشدارییان پێناکرێت، چونکە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دیمەشقن و 32 کورسییەکەیان بە بەتاڵی دەمێننەوە.
لوئەی عارفی، تەمەن 77 ساڵ، کە فەرمانبەرێکی خانەنشینە دەڵێت، "پشتگیریی دەسەڵاتداران دەکەم و ئامادەم بەرگرییان لێبکەم، بەڵام ئەمانە هەڵبژاردنی راستەقینە نین." گوتیشی، "ئەمە پێویستییەکی قۆناخی راگوزەرە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت دوای ئەمە هەڵبژاردنی راستەوخۆ بکرێت."
دەسەڵاتدارە نوێیەکان دوای گرتنەدەستی دەسەڵات، پەرلەمانە کارتۆنییەکەی پێشووی سووریایان هەڵوەشاندەوە.
بەگوێرەی دەستوورێکی کاتی کە لە مانگی ئاداردا راگەیێندرا، پەرلەمانی داهاتوو ئەرکی یاسادانان جێبەجێ دەکات تاوەکو دەستوورێکی هەمیشەیی پەسند دەکرێت و هەڵبژاردنی نوێ بەڕێوەدەچێت.
شەرع رایگەیاندووە، لەم کاتەدا هەڵبژاردنی راستەوخۆ ئەستەمە، ئاماژەی بەوەشکرد کە ژمارەیەکی زۆری سووریاییەکان بەڵگەنامەی فەرمییان نییە، دوای ئەوەی بە ملیۆنان کەس لە کاتی شەڕی نێوخۆدا ئاوارەی دەرەوەی وڵات بوون یان لەنێوخۆدا ئاوارە بوون.
"ئەمە هەڵبژاردن نییە"
نزیکەی شەش هەزار کەس بەشداری لە پرۆسەی دیاریکردنی ئەندامانی پەرلەماندا دەکەن کە رۆژی یەکشەممە بەڕێوەدەچێت.
پێشبینی دەکرێت ئەنجامە بەراییەکان دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەکە دەربکەون و لیستی کۆتایی براوەکان رۆژی دووشەممە رابگەیێندرێت.
بەپێی یاسا، پێویستە بەربژێرەکان "پشتیوانانی رژێمی پێشوو" نەبن و بانگەشە بۆ "جیابوونەوە یان دابەشبوون" نەکەن.
یەکێک لە بەربژێرەکان، هێنری حەمرا-ی سووری - ئەمریکییە، کە یەکەم بەربژێری جووە لە چلەکانی سەدەی رابردووەوە تا ئێستا لە هەڵبژاردنی دەزگای یاسای دانانی سووریادا بەشدار بووبێت.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ رەخنەیان لە پرۆسەی دیاریکردنەکە گرتووە و دەڵێن، دەسەڵات لە دەستی شەرعدا قۆرخ دەکات و نوێنەرایەتیی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی وڵات ناکات.
مانگی رابردوو، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، زیاتر لە 10 رێکخراوی ناحکومی رایانگەیاند، پرۆسەکە بەو واتایەیە کە شەرع "دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر زۆرینەیەکی پەرلەمانی لەو کەسانە پێکبهێنێت کە خۆی هەڵیبژاردوون یان دڵنیایە لە وەفادارییان"، ئەمەش مەترسیی "پێشێلکردنی پرەنسیپی فرەلایەنیی سیاسی دروست دەکات کە بۆ هەر پرۆسەیەکی دیموکراسیی راستەقینە پێویستە."
بەسام ئەحمەد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی "سوورییەکان لەپێناو راستی و دادپەروەری" کە بنکەکەی لە فەرەنسایە و یەکێکە لە واژۆکارانی راگەیێندراوەکە، گوتی، "دەتوانیت هەر ناوێک لەم پرۆسەیە بنێیت، بەڵام ناتوانیت پێی بڵێیت هەڵبژاردن."
ئەم هەفتەیە لە کۆبوونەوەیەکدا لە دیمەشق، مەیسا حەلوانی تەمەن 48 ساڵ کە یەکێکە لە بەربژێرەکان، گوتی رەخنەگرتن شتێکی ئاساییە و رایگەیاند، "حکومەت تازەیە لە دەسەڵاتدا و ئازادیش بۆ ئێمە شتێکی نوێیە."
نیشان ئیسماعیل، مامۆستای تەمەن 40 ساڵ لە حەسەکە گوتی: "دەکرا هەڵبژاردنەکان دەستپێکێکی سیاسیی نوێ بن" دوای رووخانی ئەسەد، بەڵام "پەراوێزخستنی چەندین ناوچە دەریدەخات کە پێوەرەکانی بەشداریی سیاسی رەچاو نەکراون."
گفتوگۆ لەبارەی تێکەڵکردنی دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکانی کورد لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی نوێدا چەقیان بەستووە و دیمەشق داواکارییەکان بۆ پەیڕەوی ناناوەندی رەتدەکاتەوە.
لە شاری سوەیدای ژێر کۆنترۆڵی درووز لە باشووری سووریا، بورهان عەزام، چالاکڤانی تەمەن 48 ساڵ، هەمان بۆچوونی هەبوو.
دەشڵێت دەسەڵاتداران "کۆتاییان بە ژیانی سیاسی" لە سووریا هێناوە و ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی دیاریکردنەکە "رێز لە بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی ناگرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ