رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە دەڵێت، ناو بەناو شەڕ و پێکدادان و تۆپبارانکردنی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب دەوەستێت.
نووری شێخۆ، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، رۆژی سێشەممە 06-01-2026 لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ی تایبەت بە رۆژئاوای کوردستان و سووریای تۆڕی میدیایی رووداو بەشداربوو، ئاماژەی بە بەردەوامیی شەڕ و پێکدادان لە گەڕەکە زۆرینە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە کرد.
نووری شێخۆ رایگەیاند، هەموو جۆرە چەکێکی قورس لەلایەن هێزەکانی سەر بە دیمەشق بۆسەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بەکاردەهێنرێن.
نووری شێخۆ گوتی، "دوو رۆژە تۆپ، تانک و هەموو جۆرێک راجیمەیەک بەکاردەهێنرێ، هەروەها فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەردەوام بە ئاسمانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەسووڕێتەوە. زیاتر لە 10 فڕۆکە لە ئاسماندا چاودێری دەکەن و هەر جووڵەیەک ببینن، بۆردوومان دەکەن، لە ئەنجامی ئەمەشدا خەڵک بریندار بووە."
نووری شێخۆ رایگەیاند، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە درۆنی بۆمبڕێژکراون و هەر جارێک 10 بۆ 15 دانە بۆ شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە دەنێردرێن.
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە رایگەیاند، ناو بەناو بێدەنگی لە هەردوو گەڕەکەکە دروست دەبێت و گوتی، "ئێستا لایەنەکان لە پەیوەندیدان و گفتوگۆ لەسەر وەستاندنی شەڕ و پێکدادان هەیە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ ئەنجامێک رانەگەیێندراوە."
لەبارەی ئەو بریندارانەی تیمەکانی تەندروستی ناتوانن پێیان بگەن، نووری شێخۆ ئاماژەی بە بوونی گەمارۆیەکی زۆر تووندی هێزەکانی دیمەشق کرد و گوتی، "بەڕاستی گەمارۆیەکی دڕندانە هەیە و رێگە نادەن کەس بچێتە ئەو ناوچەیە. ئێمە داوای رێپێدانمان کردووە بۆ ئەوەی بریندارەکان بگوازینەوە بۆ نەخۆشخانە. بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکی ئاسوودەکار نییە. داواکارییەکانمان بێ وەڵامن."
لەبارەی بوونی هێز و چەک لە گەڕەکە زۆرینە کوردنشینەکان، نووری شێخۆ رایگەیاند، ئەو چەکەی لەوێ هەیە چەکی سووکە و تەنیا بۆ بەرگریکردنە؛ هەروەها گوتی، "ئەم بابەتە لەلایەن چەتەکانەوە وەک بیانوو بەکاردەهێندرێ، تەنیا بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە. ئەوان درۆ دەکەن و نیشانی دەدەن کە گوایە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە هێزێکی گەورەی هەیە و هەڕەشە لە دیمەشق دەکات. ئێمە هەمووکات ئامادەی دیالۆگین، بە مەرجێک لەسەر رێککەوتنەکەی 1ی نیسان بێ کە بەیەکەوە واژۆمان کردووە و رێککەوتووین."
نووری شێخۆ رایگەیاند، ئێستا دەیان تانک لە دەوروبەری شێخ مەقسود، ئەشرەفیە هەن و هێزەکان بە چەکی قورس گەمارۆی گەڕەکەکانیان داوە.
لە بەرامبەردا خەڵکی سڤیل هەن کە بە ویستێکی مەدەنیانە بەرگری لە خاکی خۆیان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ