رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ لە حەلەب (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) دەڵێ، پاشەکشە بە چەکدارانی سەر بە دیمەشق لە شێخ مەقسوود دەکرێت. ئاماژە بەوەش دەکات، تۆپباران بەردەوامە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ لە حەلەب، ژمارەیەک لە چەکدارانی سەر بە گرووپەکانی حکومەتی سووریا، کە بە پاڵپشتیی تانک هەوڵی بەزاندنی گەڕەکی شێخ مەقسوودیان دەدا، دوای رووبەڕووبوونەوەیان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە، تووشی شکست هاتن و پاشەکشەیان پێکرا.
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ گورزی بەهێزیان لەو چەکدارانە وەشاندووە، ئەوەش وای لێکردوون لەو بەرانەی هەوڵی پێشڕەوییان دەدا، پاشەکشە بکەن و بکشێنەوە.
راگەیێندراوەکە باس لەوە دەکات، بەڵام تۆپبارانی چڕی ئەو گرووپانە بۆ سەر ناوچە نیشتەجێبوونەکان و ماڵ و حاڵی خەڵک بەردەوامە.
لە بەیانیی رۆژی سێشەممەوە 06-01-2026، شاری حەلەب بووەتە گۆڕەپانی پێکدادانێکی قورس و تۆپباران لەنێوان هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر (هەسەدە و ئاسایش) و هێزەکانی حکومەتی دیمەشق (سوپای سووریا).
ئاسایشی نێوخۆی حەلەب سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێ، گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە "تانک، تۆپ و کاتیۆشا" هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر سێ گەڕەکی شارەکە کە زیاتر لە 600 هەزار سڤیلی تێدایە و لە ئەنجامدا 3 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 26ی دیکەش بریندارن، کە منداڵی دوو ساڵانیان تێدایە.
وەزارەتی بەرگریی سووریاش لە راگەیێندراوێکدا "هەسەدە"ی بە زیادبوونی گرژییەکان و هێرشکردن تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، لە ریزەکانی سوپادا سەربازێک کوژراوە و 5ی دیکە بریندارن.
بەگوێرەی وەزارەتەکە، لە ئەنجامی تۆپبارانی هەسەدە بۆ سەر گەڕەکەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت (وەک مەیدان)، 3 سڤیل کوژراون و 12ـی دیکە بریندارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ