هاونیشتمانییەک لە شێخ مەقسوودەوە بۆ رووداو: بە تۆپ و تانک بۆردوومانمان دەکەن

دوێنێ کاژێر 05:37
نەهرۆ محەممەد
دیمەنی ساتی تۆپبارانێک بۆسەر ناوچەیەکی حەلەب
دیمەنی ساتی تۆپبارانێک بۆسەر ناوچەیەکی حەلەب
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەکی نیشتەجێی گەڕەکی شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب رایگەیاند، دۆخی ئەمنیی گەڕەکەکە خراپە و لە کاژێر 14:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە شەڕ و پێکدادان دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
 
ئازاد حەمۆ، هاونیشتمانییەکی نیشتەجێی گەڕەکی شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 16:00ی تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا بە تۆپ و تانک گەڕەکەکەیان تۆپباران دەکات، ئەمەش بووەتە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک خەڵكی سڤیل.
 
بە گوتەی ئازاد حەمۆ، بەیانیی ئەمڕۆ لەنێوان کاژێر 07:30 بۆ 08:00، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو لەنێو گەڕەکەکەدا تەقیوەتەوە، کە بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و دوو کەسی دیکە بریندار بوون.
 
سەبارەت بە زیانەکانی شەڕەکەی پاشنیوەڕۆ، ئازاد حەمۆ رایگەیاند، دوو منداڵ و کەسێکی بەتەمەن بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانەی (خالید فەجر) گوێزراونەتەوە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو هاونیشتمانییە باسی لەوە کرد کە گرووپەکانی حەمزات و عەمشات کە سەر بە حکومەتی سووریان هێرش دەکەنە سەر ئەو گەڕەکە کوردنشینە؛ هاوکات بوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی لە ناو گەڕەکەکەدا رەتکردەوە و گوتی، "تەنیا هێزەکانی ئاسایش لێرەن و بەرگری لەم خەڵکە دەکەن و هیچ شەڕڤانێکی هەسەدەی لێ نییە."
 
لەبارەی  هێڵی ئینتەرنێت، هاونیشتمانییەکە ئاماژەی بەوە کرد کە هێڵی ئینتەرنێت لە ناوچەکەدا هەیە، بەڵام زۆر سست کراوەتەوە.
 
رۆژی سێشەممە 06-01-2026 شەڕ لە هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی حەلەب هەڵگیرسا. هەسەدە رایگەیاند، هێزەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق دەستیان بە تۆپباران کردووە. تەندروستیی حەلەبیش رایگەیاند، هەسەدە تۆپبارانی گەڕەکی مەیدانی لە باکووری حەلەب کردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرمیی هەسەدە، سڤیلێک گیانی لەدەستداوە و 17 کەسی دیکە بریندار بوون. 
 
میدیای هەسەدە ڤیدیۆیەکی لە تەلەگرام بڵاوکردەوە و تێیدا دەردەکەوێ بارهەڵگرێک تۆپ و تەقەمەنی لەسەرە و تەقە دەکات؛ هاوکاتیش چەند چەکدارێک هاوەن دەتەقێنن.
 
هەسەدە نووسیویەتی، "ئەم گرتانە لەلایەن گرووپەکانی سەر حکومەتی دیمەشقەوە بڵاوکراونەتەوە و چەند گرووپێکن بە تۆپ هێرش دەکەنە سەر هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، کە خەڵکێکی زۆریان تێدایە. ئەمە هێرشێکی دووژمنکارانەیە و هەڕەشە لە ژیانی خەڵکیی خۆجێیی دەکات، هەروەها پێشێلکارییەکی زەقی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆییە."
  
لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەری تەندروستیی حەلەب بە رووداوی راگەیاند: "لە ئەنجامی تۆپبارانی هەسەدە سێ کەس کوژراون."
 
ئاژانسی هەواڵی ساناش کە میدیای فەرمیی سووریایە بڵاویکردەوە، لە نێو سێ کوژراوەکەی حەلەب، دووانیان ژنن.
 
سانا دەڵێ، خەڵکی گەڕەکی نیل لە حەلەب هەڵدێن و دەچنە ناوچەی ئارامتر، ئەمەش دوای هێرشەکانی هەسەدە بۆ سەر ناوچەی نیشتەجێبووان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوارەبوونی خەڵک لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە. وێنە: Bakr ALkasem / AFP

لە 21 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا خۆپێشاندان بۆ پشتگیریی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود دەکرێت

پلاتفۆرمی دامەزراوە دیموکراتییەکان رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ لە دژی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆسەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، لە 17 پارێزگای باکووری کوردستان و چوار شاری گەورەی تورکیا گردبوونەوە و رێپێوان ساز دەکەن