رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی سووریا رەخنە لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەگرێت و بەوە تۆمەتباری دەکات کە خاک و سامانی سرووشتیی سووریا دەخاتە ژێر دەستی ئەمریکا.
جوەیدا میخائیل، پەرلەمانتاری سووریا لە بازنەی حمس، رۆژی هەینی 06-10-2023 لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ی تۆڕی میدیایی رووداودا بەشداریی کرد، رەخنەی لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گرت و بە دەرچوو لە یاسا ناوی برد.
ئەو پەرلەمانتارەی سووریا گوتی، راستە ماوەی چەند رۆژێکە سوپای تورکیا بە چڕی چەند ناوچەیەک بۆردوومان دەکات، بەڵام ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی دیمەشقدا نین.
جوەیدا میخائیل رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ماوەی 12 ساڵە گەمارۆیەکی تووندی خستووەتە سەر سووریا کە ئەو بە "تیرۆری ئابووری" ناوی برد و ئاماژەی بەوەش کرد، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هاوکاری ئەمریکایە، چونکە خاک و سامانی سرووشتیی سووریای خستووەتە ژێر دەستی ئەمریکا.
پەرلەمانتارەکەی سووریا لەبارەی هێرشەکەی رۆژی پێنجشەممە 05-10-2023ی سەر ئاهەنگی دەرچووانی ئەفسەرانی سوپای سووریاش لە پارێزگای حمس قسەی کرد و گوتی، دەبێت زۆر بە تووندی وەڵامی ئەو کەسانە بدرێتەوە کە ئەنجامیان دا.
جوەیدا میخائیل گوتی، "لە 2011وە دووژمنانی سووریا بە هەموو شێوەیەک هەوڵی لەنێوبردنی سوپای عەرەبی سووریایان داوە. ئەوان هەرچییەکیان کرد نەیانتوانی سەربکەون. سوپای سووریا هەمیشە قەڵخانێکی بەهێز بووە دژی سەرجەم پیلانە نەگریسەکان. بۆیە پێویستە سزایەکی تووندی تیرۆریست و رێکخراوە تیرۆریستییەکان بدرێت."
گوتەی ئەو پەرلەمانتارەی سووریا لە کاتێکدایە، لە رۆژی چوارشەممەوە سوپای تورکیا دەستی بە بۆردوومانکردنی چڕی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە کردووە.
نوێترینی بۆردوومانەکان رۆژی هەینی 06-10-2023، کاژێر 11:00ی شەو، وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە، کاژێر 22:00 هێزی ئاسمانیی تورکیا 15 شوێنی لە رۆژئاوای کوردستان بۆردوومان کردووە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج کۆگەی چەک و بنکەی شەڕڤانان بوون و دەشڵێت، لە بۆردوومانەکانیاندا "خەڵکی سڤیل، دۆستەکانیان و شوێنەوارەکان دەپارێزن."
هەر رۆژی هەینی کاژێر 22:43 خولەک، فەرهاد شامی، بەرپرسی میدیای هەسەدە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، سوپای تورکیا زۆر بە چڕی ژمارەیەک شار بۆردوومان دەکەن.
فەرهاد شامی ئاماژە بەوە دەکات، "کۆبانێ، ئەو شارەی داعشی بەزاند، لەگەڵ عامودێ و دێرک" لە لایەن هێزی ئاسمانیی تورکیاوە بە چڕی بۆردوومان دەکرێن.
سیامەند عەلی، بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی یەپەگەش رۆژی هەینی کاژێر 23:00 رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا نەخۆشخانەی کۆرۆنا و دارستانەکانی کۆبانێیان بۆردوومانکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ