هەسەدە: رووداوەکانی حەلەب ئەنجامی کردەوە تووندوتیژییەکانی حکومەتی دیمەشقە

07-10-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" رایدەگەیێنێت، رووداوەکانی حەلەب ئەنجامی کردەوە تووندوتیژییەکانی حکومەتی دیمەشقە و داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان دەکات، "هەنگاوی بەپەلە و کاریگەر بنێن بۆ کۆتاییهێنان بەو گەمارۆ نادادپەروەرانەیە و راگرتنی هێرش و پێشێلکارییە سیستماتیکەکان دژی هاووڵاتییانی سڤیل". 
 
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" رۆژی 6ی تشرینی یەکەمی 2025 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هەندێک دەزگای راگەیاندن بانگەشەی ناڕاست بڵاودەکەنەوە، کە گوایە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) خاڵەکانی پشکنینی چەکدارانی حکومەتی دیمەشقیان لە دەوروبەری گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب کردووەتە ئامانج. "ئێمە ئەو بانگەشانە بە تەواوی رەتدەکەینەوە، چونکە هێزەکانمان بەپێی لێکتێگەیشتنی رۆژی 1ی نیسان، لەو ناوچەیە بوونیان نەماوە".
 
هەسەدە پێیوایە، "ئەوەی لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود روودەدات، ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی بەردەوامی گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشقە دژی هاووڵاتییانی سڤیل". 
 
هەرەوەها جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەو گرووپانە گەمارۆیەکی ئەمنی و مرۆیی تووندیان سەپاندووە، رێگری لە گەیاندنی هاوکاری و پێداویستیی پزیشکی دەکەن و چەندین هاووڵاتییان رفاندووە. رۆژانە لە خاڵەکانی پشکنین و دەوروبەری گەڕەکەکەدا کردەوەی تووندوتیژی دژی دانیشتووانەکەی ئەنجام دەدەن. لەم دواییانەشدا، بە دانانی ساتری خۆڵ، گەمارۆی سەر ئەو دوو گەڕەکەیان تووندتر کردووەتەوە.
 
لە نیوەڕۆی دووشەممەوە لە هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەبی سووریا، ئاڵۆزی لەنێوان هێزەکانی سەر بە هەسەدە و هێزەکانی حکومەتی دیمەشق دروستبووە. هاوسەرۆکی گەڕەکەکان دەڵێت، حەوت رێگەی هاتووچۆ لەو دوو گەڕەکە هەن هەموویان داخراون.
 
هەسەدە دەڵێت، "لە پەرەسەندنێکی مەترسیداردا، ئەو گرووپانە هەوڵدەدەن بە تانک و زرێپۆشەوە بچنە نێو گەڕەکەکان و بە هاوەن و درۆن هێرش دەکەنە سەر ماڵی هاووڵاتییان، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و زیانێکی زۆریش بە موڵک و ماڵیان گەیشتووە."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی هەسەدە: "ئەو کردەوانە دانیشتووانی گەڕەکەکەی هانداوە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، شانبەشانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە ئەرکی پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەیان لە ئەستۆدایە".
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات، دەڵێت: "حکومەتی دیمەشق بە بەرپرسیاری راستەوخۆی بەردەوامیی گەمارۆ و ئەو پێشێلکارییە سیستماتیکانە دەزانین کە دژی هاووڵاتییانی سڤیل ئەنجام دەدرێن. هەروەها بە بەرپرسیاری دەزانین لەو پەرەسەندنە مەترسیدارانەی دوایی کە بوونەتە هۆی زیادبوونی ئازاری دانیشتووان و هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە و بێباکیی ئەنقەستی حکومەت بەرامبەر ژیان و کەرامەتی خەڵک دەردەخەن."
 
"هەسەدە" داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان دەکات، "هەنگاوی بەپەلە و کاریگەر بنێن بۆ کۆتاییهێنان بەو گەمارۆ نادادپەروەرانەیە و راگرتنی هێرش و پێشێلکارییە سیستماتیکەکان دژی هاووڵاتییانی سڤیل."
 
لە دوای ئاڵۆزییەکانی سووریاوە لە چەند ساڵی رابردوودا، ئاسایشی ئەو دوو گەڕەکە، لەلایەن گرووپە چەکدارە کوردەکانی نزیک هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەڕێوەدەبرێن و دەپارێزرێن.
 
خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکان لە هەردوو گەڕەکەکە بەردەوامە. کوردانی ئەو دوو گەڕەکە داواکارن، هەرچی زووە بەربەستەکان لاببرێن.
 
لە بەرامبەردا هەر شەوی دووشەممە وەزارەتی بەرگریی سووریا لە بارەی رووداوەکانەوە راگەیاند، "جووڵەی سوپای عەرەبیی سووریا لە چوارچێوەی پلانی دووبارە بڵاوەپێکردنەوەیدایە لەسەر چەند میحوەرێک لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا."
 
وەزارەتی بەرگریی سووریا پاساوی بڵاوکردنەوەی ‌هێزی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، گوایە هەسەدە هێرش دەکات و هاووڵاتییان و هێزەکانی سوپا و ئاسایش دەکاتە ئامانج. هەروەها هەوڵی کۆنترۆڵکردنی خاڵ و گوندی نوێ دەدات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە