رووداو دیجیتاڵ
سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی رووداو لە کۆڕبەندی دەوحە، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ دکتۆر مەروان حەلەبی، وەزیری خوێندنی باڵای سووریا ئەنجامدا و د. مەروان رایگەیاند، یەکێک لەو هۆکارانەی کە زیانی گەورەی بە پڕۆسەی بە پەروەردە و خوێندنی سووریا گەیاند، کۆچکردنی ئەکادیمییەکان بووە، "زۆربەی زانکۆکان بەلایەنی کەمەوە 50٪ی ئەکادیمییەکانیان لەدەستدا."
د. مەروان دووپاتی کردەوە، "کارێکی زۆر دەکەین بۆ راکێشانەوەی لێهاتوویی و کادیرەکان لە دەرەوە، ئەوەش لەڕووی هاندان و بەرنامەی خێراوە، هەروەها ئاسانکاری دەکەین بۆ رێکارەکانی یەکسانکردنی بڕوانامە و گەڕانەوە."
وەزیری خوێندنی باڵای سووریا لەبارەی خزمەتگوزارییەکانیان بۆ رۆژئاوای کوردستان گوتی، "دوای گەڕانەوەی ئەو ناوچەیە بۆ باوەشی سووریا، دۆخیان وەکو بەشەکانی دیکەی سووریا." ئاماژەی بەوەش کرد، "تاوەکو ئەم ساتەش بەشێک لە کۆلێژەکان لە ناوچەی حەسەکە و قامیشلۆ و رەققە هەن و هەموو پاڵپشتییەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا وەردەگرن."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: دکتۆر، دوای ساڵێک چی گۆڕاوە لە سووریا؟
دکتۆر مەروان حەلەبی: سەرەتا سوپاس بۆ خوای پەروەردگار کە منەتی سەرکەوتن و ئازادبوونی بەسەردا کردین، ئەم رۆژانە کە هاوکاتن لەگەڵ ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی سووریا و ئازادکردنی سووریا لە رژێمی پێشوو. بەڕاستی لەم ساڵەدا زۆر شت گۆڕاوە. لە سەرەتاوە دەستمان کرد بە دانانی لەپێشینەکانی کارکردن، لەوانە سیستمی وەرگرتن لە زانکۆکان، هەروەها دەستمان کرد بە بەستنەوەی زانکۆ بە بازاڕی کارەوە. فەراهەمکردنی توێژینەوەی زانستی بە ئاڕاستەی پڕکردنەوەی کەلێنە توێژینەوەییەکان یان پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان. لە ماوەی رابردوودا هەوڵماندا ئەوەی وێران بووە نۆژەنی بکەینەوە، دەستمان کرد بە نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی وێرانبوو و ژینگەی دەسەڵاتپێدان بە خوێندن و توێژینەوەی زانستی. هەروەها زۆرێک لە سەنتەرەکانی پێشەنگی و داهێنان، سەنتەرەکانی توێژینەوە و سەنتەرەکانی پاڵپشتی بڵاوکردنەوەی دەرەکی، هەموو ئەمانە لەم ساڵەدا دەستمان پێکردووە. بابەتی گۆڕانی دیجیتاڵی بابەتێکی سەرەکی بوو بۆ قۆناخی داهاتوو، بەجۆرێک هەموو سیستەمی وەرگرتنە زانکۆییەکان بوون بە دیجیتاڵی و دەستوەردانی مرۆیی تێدا نەماوە، ئەمەش بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری لە وەرگرتنی زانکۆ و خوێندنی باڵا و دکتۆرا.
رووداو: دکتۆر، ئێوە هاتنە سەر وڵاتێکی وێران، بێکاری زۆر بوو، خوێندن داتەپی بوو، وڵاتەکە لە رووی ئاوەدانکردنەوەوە زۆر زۆر خراپ بوو. ئێستا ئەرکتان قورس نییە بۆ راستکردنەوەی ئەو هەموو بارگرانییەی لەسەر خەڵکی سووریا هەیە؟
دکتۆر مەروان حەلەبی: بەڕاستی وەک گوتم، ئێمە هەمیشە بە ئازادکردن دەستپێدەکەین و سوپاس بۆ خوا ئەوە روویدا، پاشان بەهێزکردن، ئێمە ئێستا لە قۆناخی بەهێزکردن و بنیاتنانین، سوپاس بۆ خوا. دوای ئەوە بنیاتنانی مرۆڤ و بنیاتنانی تەلارەکان دەستپێدەکات. بێگومان بنیاتنانی مرۆڤ هەندێکجار سەختترە لە بنیاتنانی تەلارەکان. پاشان گەشەپێدان و توێژینەوەی زانستی دێت. ئەمانە قۆناخەکانی کارن بەشێوەیەکی گشتی لە دوای جەنگەکان و دوای سەرکەوتنی شۆڕشەکان. لە ماوەی ئەم قۆناخەدا، ئێمە هەنگاو بە هەنگاو دەستپێدەکەین و هیوایەکی گەورەمان هەیە کە وەبەرهێنان لە سەرمایەی مرۆیی ناونیشانی ئەم قۆناخە بێت. ئێمە زۆر پشت دەبەستین بە کادیرە مرۆییەکان لە سووریا و هەمیشە شانازییان پێوە دەکەین، سوپاس بۆ خوا، من ئەم کادیرە مرۆییانە بە نەوت و پتڕۆڵی سووریا دادەنێم. بۆیە خوێندنی باڵا بۆ ئێمە گرنگە بۆ ئامادەکردنی ئەم کادیرانە و پشتبەخوا قۆناخی داهاتوو پڕ دەبێت لە دەستکەوت.
رووداو: لە کاتی شەڕ، لە دوای 2011وە و لە کاتی هەموو ئەو قەیرانانە لە سووریا، کادیرێکی زۆری مرۆیی سووریا چوونە دەرەوە، کۆچیان کرد بۆ دەرەوە، لە مامۆستایانی زانکۆ، پزیشکان و ئەندازیاران. خەڵکێکی زۆر چووەتە دەرەوەی سووریا. چی دەکەن بۆ گەڕانەوەی ئەوانە؟
دکتۆر مەروان حەلەبی: بەڕاستی یەکێک لەو هۆکارانەی کە زیانی بە خوێندن گەیاند، کۆچی خاوەن مێشکە ئەکادیمییەکان بوو. زۆربەی زانکۆکان بەلایەنی کەمەوە 50٪ی ئەکادیمییەکانیان لەدەستدا. سەرباری ئەوەش گۆشەگیریی ئەکادیمی، نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ دەرەوە بەهۆی لاوازیی پارەدارکردن و سەختی سەفەرکردن بۆ ئەوانەی لە ناوەوە بوون. هەروەها سنووردارکردنی ئازادیی ئەکادیمی و ئەو کۆتوبەندە سیاسییەی کە لەسەر ئەوانەی لەناوەوە بوون هەبوو. هەموو ئەمانە بوونە هۆی خراپبوونی پەرەسەندنی خوێندنی باڵا لە ماوەی شۆڕشدا. ئێستا ئێمە کارێکی زۆر دەکەین بۆ راکێشانەوەی لێهاتوویی و کادیرەکان جارێکی دیکە لە دەرەوە، لە رووی هاندان و بەرنامەی خێراوە. هەروەها ئاسانکاری دەکەین بۆ رێکارەکانی یەکسانکردنی بڕوانامە و گەڕانەوە. وەزارەتی خوێندنی باڵا زۆر پلان و نەخشەی داناوە بۆ راکێشانی لێهاتووییەکان و گەڕاندنەوەی پزیشک و خاوەن بڕوانامە باڵاکان و ئەکادیمییەکان. سوپاس بۆ خوا بەشێکیان گەڕاونەتەوە و پشتبەخوا بەشەکەی دیکەش دەگەڕێنەوە. تەنانەت ئەو بەشەی کە ناتوانێت بگەڕێتەوە و پەیوەستە بە گرێبەستی ماوەدرێژەوە، دەکرێت سوودیان لێ وەربگیرێت لە رێگەی خوێندنی تێکەڵ یان خوێندنی ئۆنلاین، پشتبەخوا دۆخی هەمووان چارەسەر دەکرێت.
رووداو: ئەم پلانەی ئێوە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ ناوچە کوردییەکان، بۆ شارە کوردییەکان، بۆ ئەو زانکۆیانەی کە لە ناوچە کوردییەکانن چییە؟ چییان بۆ دەکەن؟
دکتۆر مەروان حەلەبی: بەڕاستی شانەی عەرەبیی سووری شانەیەکی تەواوکارییە، هەموو پێکهاتەکانی تێدایە. برایانی کورد لە باکووری رۆژهەڵات بەشێکن لەو شانە سوورییە. بۆیە پشتبەخوا دوای گەڕانەوەی ئەم ناوچەیە بۆ باوەشی سووریا، دۆخەکە وەک یەک دەبێت، دۆخیان وەکو بەشەکانی دیکەی سووریا. ئێستا لەسەر ئاستی کەرتی پەروەردە، بەکالۆریۆس پێشکەش کراوە لە بەشێک لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. بەڵام پشتبەخوا لە قۆناخی داهاتوودا ئەگەر ئەم بەشە گەڕایەوە بۆ سووریا، هەمان ئەو پلانانە دەبێت. تەنانەت تاوەکو ئەم ساتەش بەشێک لە کۆلێژەکان لە ناوچەی حەسەکە و قامیشلۆ و رەققە هەن و هەموو پاڵپشتییەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا وەردەگرن.
رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە؟ ئەگەر تاوەکو ئێستا نییە، پلانـتان هەیە بۆ داهاتوو کار بکەن بەیەکەوە؟
دکتۆر مەروان حەلەبی: ئێمە لقمان هەیە بۆ زانکۆی فورات و زانکۆی دێرەزوور کە لە حەسەکە هەیە، لە ناوچەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەیە. ئەو لەوێیە و خزمەتگوزاری پێشکەش بە هەمووان دەکات بەبێ جیاوازی.
رووداو: نا، لەگەڵ هەرێمی کوردستان؟
دکتۆر مەروان حەلەبی: لەگەڵ هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا پەیوەندی نییە وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا بەشێوەیەکی فەرمی، بەڵام هیچ شتێک رێگر نییە لە داهاتوودا. ئێمە کراوەین بە رووی هەموواندا، کرانەوەیەکی تەواو. هیچ کێشەیەکمان نییە لەگەڵ هیچ وڵاتێکی دراوسێ.
رووداو: پلانـتان هەیە بۆ داهاتوو لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندیتان هەبێت؟
دکتۆر مەروان حەلەبی: هیوادارین کە پەیوەندی هەبێت لە نزیکترین کاتدا. ئێمە کراوەین و هیچ کێشەیەکمان نییە لەگەڵ هەر کەسێک کە پەیوەندی لەگەڵ سووریا بنیات بنێت.
رووداو: زۆر زۆر سوپاس بەڕێز دکتۆر مەروان حەلەبی، وەزیری خوێندنی باڵای سووریا.
دکتۆر مەروان حەلەبی: سوپاس، سوپاس بۆ ئێوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ