رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی سووریا هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) تۆمەتبار دەکات بە "بۆمبڕێژکردنی شەقام و شوێنە گشتییەکانی شێخ مەقسوود" و تەقەکردن لەو خەڵکەی دەیەوێت لە ناوچەکانی شەڕ رابکات.
رۆژی چوارشەممە 07-01-2026، فەرمانگەی راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی سووریا لە راگەیێندراوێکدا بۆ ئاژانسی (سانا) رایگەیاند: "یەکێک لە کەتیبەکانی هەواڵگریی سووریا چاودێریی کردووە کە هەسەدە خەریکی چاندنی بۆمبە لە شەقامە سەرەکی و لاوەکییەکانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، هەروەها زۆر لە دامەزراوە گشتی و تایبەتەکان بۆمبڕێژ دەکەن."
وەزارەتەکە دەڵێت: "هەسەدە بە تەقەکردن و ترساندن، رێگری لە سەدان دانیشتووی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە کردووە لەوەی ناوچەکە جێبهێڵن."
حکومەتی دیمەشق ئاماژەی بەوە کردووە کە هەسەدە بەردەوامە لە بەئامانجگرتنی گەڕەکەکانی حەلەب بە "هاوەن و چەکی قورس و مامناوەند"، کە بووەتە هۆی قوربانیی زیاتر لەنێو دانیشتووان و زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی.
شەڕی قورس لە شاری حەلەب لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ و گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق پێی ناوەتە رۆژی سێیەمەوە.
نووری شێخۆ، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بە رووداوی گوت، 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و 48 کەسی دیکە بریندار بوون. تەندروستیی حەلەب کوژرانی 4 سڤیل و برینداربوونی 18ـی دیکە لە گەڕەکەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی راگەیاند.
هەسەدە دەڵێت، حکومەت گەنجانی رفێندراوی وەک "قەڵخانی مرۆیی" خستووەتە پێش تانکەکان بۆ پێشڕەوی. حکومەت دەڵێت، هەسەدە رێگری لە خەڵک دەکات ناوچەکە جێبهێڵن بۆ ئەوەی وەک قەڵخانی مرۆیی بەکاریان بهێنێت. هەسەدە رایگەیاند یەکەم هێرشی تانکی بۆ سەر گردی کاستێلۆ تێکشکێنراوە. حکومەت گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی وەک "ناوچەی سەربازیی داخراو" ناساند.
فەوزا یوسف، هاوسەرۆکی دەستەی جێبەجێکاریی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند "راگەیاندنی جەنگ هەڵەیەکی ستراتیژییە و بەسەر دیمەشقدا سەپێنراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ