رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، سێ کارمەندی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب بەهۆی تۆپبارانی "هەسەدە" بریندار بوون، "کاتێک سەرقاڵی پاراستنی ئەو هاووڵاتییانە بوون کە دەیانویست لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بچنە دەرەوە"، بەڵام هەسەدە رەتیدەکاتەوە هێزەکانیان لە حەلەب بن.
رۆژی چوارشەممە 07-01-2026، وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە: "لە شاری حەلەب، سێ ئەندامی ئاسایشی نێوخۆ بریندار بوون، ئەوەش بەهۆی تۆپبارانێکی رێکخراوی هەسەدە بۆ سەر تیمە ئەمنییەکان لە نزیک دووڕیانی شیحان."
وەزارەتەکە دەڵێت، رووداوەکە لەو کاتەدا بووە کە "تیمەکان سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئەرکی پاراستنی دەرچوونی خەڵک بوون لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە."
بەپێی راگەیێندراوەکە، بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و "ئاسایشی نێوخۆ بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ئەرکە مەیدانییەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ زامنکردنی سەلامەتیی سڤیلەکان و هێزەکان."
لە رۆژی سێشەممەوە (06-01-2026) شەڕێکی قورس لە شاری حەلەب لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ و گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق دەستیپێکردووە.
بەپێی ئاماری ئاسایشی حەلەب، 7 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە (فاتیمە حەمادە، مەسعوود فایق، خورشید عومەر (13 ساڵ)، شام دەلۆ (3 ساڵ)، حەسەن محەممەد و دووانی دیکە) و 54 کەسی دیکە بریندار بوون.
جگە لە برینداربوونی ئەم 3 ئەندامەی ئاسایش، وەزارەتی بەرگری کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی 5ـی دیکەی پشتڕاستکردبووەوە. تەندروستیی حەلەبیش کوژرانی 5 سڤیل و برینداربوونی 27ـی دیکەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ