ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود گەمارۆدراون و هۆشداری "کۆمەڵکوژییەکی گەورە" دەدرێ

دوێنێ کاژێر 01:43
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شەڕ و پێکدادانی سەخت لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا و ئاسایشی نێوخۆی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب، پێی نایە دووەمین رۆژ. 

 

سوپای سووریا دەڵێت: سەرجەم پێگەکانی هەسەدە لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ئامانجی سەربازین. هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش ئاماژە بەوە دەکات، "وەزارەتی بەرگریی حکومەتی کاتیی سووریا جەنگی قڕکردن دژی کورد رادەگەیێنێت کە بەدەست ستەمی رژێمی پێشووەوە ناڵاندوویانە."

 
داوای چۆڵکردنی گەڕەکەکان و رەتکردنەوەی
 
سوپای سووریا داوای لە دانیشتووانی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود کردووە، کە زیاتر 80٪ی کوردن، گەڕەکەکە چۆڵ بکەن. بەڵام نووری شێخۆ، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی دوو گەڕەکەکە رەتی کردەوە.
 
نووری شێخۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "وەکو مەجلیس بانگەواز دەکەین، ئیرادەی خۆمان بە ئازادانە سەردەخەین و گوێ بە پڕوپاگەندە نادەین، ئێرە گەڕەک و ماڵی ئێمەیە و نابێ چەتە پێ بخەنە نێوی."
 
شێخۆ گوتیشی: "شان بەشانی ئاسایش گەڕەکەکەمان دەکەین جێی سەرکەوتنێکی مێژوویی."
 
"تادێت دۆخەکە خراپتر دەبێت"
 
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی سەربە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە حەلەب، حکومەتی شام تۆمەتبار دەکات بەوەی لە بەرامبەر هێرشەکاندا بێدەنگە.
 
هێڤین سلێمان، ئەمڕۆ چوارشەممە حەوتی کانوونی دووەمی 2026، لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە بەشداری لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 11:00 ـی رووداو کرد و گوتی: "هێرشەکان بەدەوامن و لە دوێنێوە شەڕ نەوەستاوە. بە تۆپ و چەکی قورس ‌هێرش دەکرێتە سەر گەڕەکەکان و خەڵکی سڤیل دەکرێنە ئامانج. لە ئەنجامی هێرشەکاندا تائێستا 45 کەس برینداربوونە و پێنج کەسیش شەهید بوونە". 

 

 
"دەیانەوێ گەڕەکەکان چۆڵبکرێن"
 
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ئاماژەی بەوەدا، لە هێرشەکاندا خەڵکی سڤیل دەکرێنە ئامانج و دۆخەکە تا دێت خراپتر دەبێت. ئەو گرووپانەی هێرشی سەر گەڕەکی ئەشرەفیە و گەڕەکەکانی دیکەن، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و بە چەکی قورس هێرش دەکەن، هەروەها فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەکار دەهێنن.
 
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکی ئەشرەفییەی حەلەب دەڵێ، لە هێرشەکاندا خەڵکی سڤیل دەکەنە ئامانج بۆ ئەوەی خەڵک ئەم گەڕەکە چۆڵ بکەن. سیاسەتی گەمارۆدان کە ماوەی چوار مانگە دەستیپێکردووە ئەمڕۆش بەردەوامە. 
 
هێڤین سلێمان رایگەیاند، لە دوێنێ شەودا هەوڵێک هەبوو بۆ راگرتنی شەڕ و ئاگربەست، بەڵام هێرشەکان نەوەستا و تائێستا تۆپباران بەردەوامە و دۆخەکە تادێت خراپتر دەبێت. 
 
گوتیشی: "لە کاتێکدا ئەو گرووپانە کە سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی کاتیی سووریان، بەشێوەیەکی هەڕەمەگی بەردەوامن لە تۆپبارانی چڕی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و بەنیزێد و هێرشەکان درێژەیان هەیە، حکوومەتی شام لە بەرامبەریاندا بێدەنگە. ئەمەش ئەوە دەگەیێنێت کە ئەوانیش هاوبەشی ئەم هێرشانەن". 
 
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ـی حەلەب بانگەشەی ئەوەی کرد، "گرووپە چەتەکانی حەمزات و عەمشات و نورەدین زینگی راستەوخۆ رێنمایی لە وەزارەتەکەی خۆیان وەردەگرن، راستەوخۆ رێنمایی لە دەوڵەتی تورکیا وەردەگرن و هێرشی سەر ئەم گەڕەکانە دەکەن. دەیانەوێت لەلایەنی سیاسییەوە گوشارێک دروست بکەن، هەروەها دەیانەوێت پرۆسەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10 ـی ئادار کە لەم رۆژانەدا دانوستاندنی لەسەر دەکرێت، تێکبدەن و ئاڵۆزییەکانی سووریا قوڵتر بکەن". 
 
"سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بەهانامانەوە بێن"
 
ئەحمەد محەممەد داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت و گوتی: "بانگ لە سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و هەمووان دەکەین بەهانای گەڕە کوردنشینەکانەوە بێن، چونگە ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا رووبەڕووی کۆمەڵکوژییەکی گەورە دەبینەوە".
 
هەڵاتنی دانیشتووان و کردنەوەی رێگە بۆیان
 
بەرگریی شارستانیی سووریا رایگەیاند، تاوەکو کاژێر 12:30ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 850 هاووڵاتی سڤیلمان گواستووەتەوە کە زۆربەیان دانیشتووی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، "پڕۆسەکانی گواستنەوە و چۆڵکردن لە رێگەی ناوچەی عەوارز و شەقامی زهورەوە دەکرێت."
 
هاونیشتمانییەک لە شێخ مەقسوود: وابڕوات رووبەڕووی کۆمەڵکوژیی گەورە دەبینەوە
 
ئەحمەد محەممەد، دانیشتووی گەڕەکی شێخ مەقسوود لە حەلەب، بە رووداوی گوت: "لە دوێنیوە تاوەکو ئەم ساتە شەڕ نەوەستاوە. ئێستاش گەڕەکەکەمان بە چڕی تۆپباران دەکرێت."
 
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، بەراورد بە دوێنێ، تۆپبارانەکانی ئەمڕۆ چڕترن و جگە لە کوژراو و بریندارەکانی دوێنێ، ئەمڕۆش دوو کەسی سڤیل کوژراون و ژمارەیەکیش بریندار هەن، ئێستا بە ئامبوڵانس دەگوێزرێنەوە بۆ نەخۆشخانە.
 
ئەحمەد محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بەنی زەیدی حەلەب کە زۆرینەی دانیشتووانەکانیان کوردن، تۆپبارانەکە بەردەوامە و هێزە کوردییەکان پارێزگاری لە خەڵکی ناوچەکە دەکەن.
 
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، نەخۆشخانەی شەهید خالید فەجر بانگەوازی بەپەلە بۆ خوێن دەکات و بەهۆی شەڕەکەوە هێڵەکانی کارەبا و پەیوەندییەکان پچڕاون.
 
ئیلهام ئەحمەد: سووریا جەنگ دژی گەڕەکەکان رادەگەیێنێت
 
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، ئەم هەنگاوەی سووریا لە کاتێکدایە، "ئەو دوو گەڕەکە لەژێر گەمارۆیەکی تووندی ئەو گرووپانەدان کە سەر بە وەزارەتی بەرگرین. سەرەڕای پابەندیی کورد بە رێککەوتنی 1ی نیسان، بەڵام لایەنی بەرامبەر پابەند نەبووە. سەرەڕای پەیوەندیی چڕی ئێمە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ، بەڵام وەزارەتی بەرگریی رەتیدەکاتەوە دیالۆگ بکات."
 
ئیلهام ئەحمەد دەڵێت، "داوا لە بەرپرسانی حکومەت دەکەین بەرپرسیارێتیی خۆیان بەرامبەر ئەوەی روودەدات لەئەستۆ بگرن و رێگەی عەقڵ و لۆژیک بگرنەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەرێگەی دیالۆگەوە و دوورکەوتنەوە لە شێوازی جەنگ و شەڕ. ئەو جەنگانەی سووریاییەکان رووبەڕوویان بوونەتەوە بەسە. داوا لە سووریاییەکان و گەنجانی سووریا دەکەین لەو رێگەیانە دووربکەونەوە و دەنگی حەق بەرز بکەنەوە و جەنگ رەتبکەنەوە."
 
سوپای سووریا: سەرجەم پێگەکانی هەسەدە ئامانجی سەربازین
 
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان لە سوپای عەرەبیی سووریا رایگەیاند، لەمەودوا سەرجەم پێگە سەربازییەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەناو گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، وەک "ئامانجی سەربازیی رەوا" تەماشا دەکرێن و دەکرێنە ئامانج.
 
سوپای سووریا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە ئەو هێزانە گرژییەکانیان بەرەو گەڕەکەکانی دیکەی شاری حەلەب پەرەپێداوە و "کۆمەڵکوژییان" دژی هاووڵاتییانی سڤیل کردووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هۆشداری دراوەتە دانیشتووانی سڤیلی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە کە بە زووترین کات لە بنکە و بارەگا سەربازییەکانی هەسەدە دوور بکەونەوە بۆ ئەوەی گیانیان پارێزراو بێت.
 
سوپای سووریا کردنەوەی دوو رێڕۆی مرۆیی ئارامی بۆ چوونە دەرەوەی هاووڵاتییان راگەیاند، کە بریتین لە (دەروازەی عەوارز) و (دەروازەی شەقامی زهوور).

 

هەسەدە: 59 کەس کوژراون و برینداربوون
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی سڤیل بەهۆی ئەو تۆپبارانەی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشقەوە دەکرێتە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، بۆ 7 گیانلەدەستدان و 52 بریندار بەرزبووەوە، ئەمەش ئامارێکی سەرەتاییە و کۆتایی نییە، لە کاتێکدا تۆپباران بە تانک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بەردەوامە.
 
هەسەدە لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێ: "گەمارۆ لە هەموو لایەکەوە بەسەر ئەو دوو گەڕەکەدا سەپێنراوە؛ ئەو گرووپە چەکدارانە رێگری لە بردنە ناوەوەی خۆراک، دەرمان و پێداویستییە سەرەکییەکان دەکەن، ئەوەش دۆخی مرۆیی خراپتر کردووە و ژیانی هەزاران هاووڵاتی سڤیلی خستووەتە مەترسییەوە."
 
80 تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازی براونەتە نزیک گەڕەکەکان
 
لە راگەیێندراوەکەی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا هاتووە، "جێگیربوونی زیاتر لە 80 تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازیی قورس لە دەوروبەری هەردوو گەڕەکەکە تۆمارکراوە، ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە و زەنگی پەرەسەندنی فراوان و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورە لێدەدات کە ڕەنگە ئەو گرووپانەی تێدا تێوەبگلێن."
 
 
قوربانییانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود
 
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ناوی کوژراو و بریندارانی هێرشەکەی سەر گەڕەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب بڵاودەکاتەوە و دەڵێ، 6 کەس کوژراون و 44  کەس بریندار بوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەردوو گەڕەکەکە لە 22-12-2025ـەوە لەژێر گەمارۆیەکی تونددان.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کە ئەمڕۆ 7-1-2026 بڵاوکرایەوە، لە شەوی 6ـی کانوونی دووەمی 2026وە هێرشێکی بەرفراوان بە تانک، تۆپخانە و درۆنی بۆمبڕێژکراوە دەکرێتە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە. لە ئەنجامی هێرشەکاندا تاوەکو ئێستا 6 کەس کوژراون کە دوو ژن و منداڵێکیان تێدایە و 44 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
ناوی کوژراوان:
 
1- فاتیمە حەمادە (41 ساڵ)
 
2- مەسعود فایق عەبدۆ (30 ساڵ)
 
3- خورشید عومەر (13 ساڵ)
 
4- شام دەلۆ (3 ساڵ)
 
5- حەسەن محەممەد حەسەن (42 ساڵ)
 
6- ژنێکی نەناسراو
 
ناوی بریندارەکان: 

 

1. ئیڤان عەبدۆ – 2 ساڵ
 
2. حەموودە حەسەن محەممەد – 12 ساڵ
 
3. شەریف سەیدۆ – 52 ساڵ
 
4. ئەسڵان بەکر – 18 ساڵ
 
5. محەممەد حەبیب – 82 ساڵ
 
6. عەلی ئەسڵان موسلیم بیلال – 17 ساڵ
 
7. شەڕڤان عەبدۆ مامۆ – 17 ساڵ
 
8. حەسەن محەممەد عەید قەرتان – 30 ساڵ
 
9. محەممەد شێخ کیلۆ – 70 ساڵ
 
10. رەمزی کیلۆ – 18 ساڵ
 
11. محەممەد حسێن بەکر – 23 ساڵ
 
12. خەدیجە عەلووش – 47 ساڵ
 
13. شێرۆ محەممەد حوسێن – 44 ساڵ
 
14. محەممەد نوور شوبەک – 26 ساڵ
 
15. محەممەد ئیبش – 21 ساڵ
 
16. حەمید حەبەش – 74 ساڵ
 
17. ئیبراهیم محەممەد رەشید – 34 ساڵ
 
18. هێڤین عومەر – 29 ساڵ
 
19. دیمە حوسێن – 85 ساڵ
 
20. مستەفا عەبدولحەمید حەسەن – 38 ساڵ
 
21. ئەرسەلان عەلۆ – 75 ساڵ
 
22. رەفعەت محەممەد عەلۆ – 64 ساڵ
 
23. مەسعود عەلی کەرکوور – 18 ساڵ
 
24. عەبدولعەزیز داوود – 24 ساڵ
 
25. رەجەب عەبدولفەتاح – 16 ساڵ
 
26. نووری خەلیل – 29 ساڵ
 
27. جۆرج خوام (کریستیان) – 42 ساڵ
 
28. نووری جەمال حسێن – 34 ساڵ
 
29. جیهاد ساڵح ناسر – 15 ساڵ
 
30. دڵبرین حەمدووش – 45 ساڵ
 
31. محەممەد زەکەریا ماردلی
 
32. ئۆرهان سمۆ
 
33. محەممەد ساڵح ئەلمەلح – 75 ساڵ
 
34. عەبدوڵڵا محەممەد ساڵح ئەلمەلح – 26 ساڵ
 
35. ئەحمەد بەدرەدین زێدان – 15 ساڵ
 
36. رەشاڵ رۆتۆ – 38 ساڵ
 
37. کچی ئەحمەد بەدرەدین زێدان – 6 ساڵ
 
38. کوڕی ئەحمەد بەدرەدین زێدان – 7 ساڵ
 
39. عەبدوڵڵا حەسەن محەممەد – 8 ساڵ
 
40. مزگین عەلی – 30 ساڵ
 
41. گوڵستان محەممەد – 41 ساڵ
 
42. رەهەف حەمزە – 9 ساڵ
 
43. حەلا حەمزە – 13 ساڵ
 
44. وئیام حەمزە – 6 ساڵ
 
ئەو گرووپانەی گەڕەکەکانیان گەمارۆ داوە
 
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هەردوو گەڕەکەکە لە 22-12-2025ـەوە لەژێر گەمارۆیەکی توونددان. بەهۆی داخستنی رێگاکانەوە، مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی زیاتر لە 500 هەزار دانیشتوو دروستبووە کە زۆرینەیان کورد و ئاوارەی عەفرینن.
 
ئێستا لەو ناوچانەدا سووتەمەنی و دەرمان نەماوە، کارەبا و ئاو بڕاوە و تەنیا یەک نەخۆشخانە کار دەکات، کە ئەویش بەهۆی نەبوونی پێداویستییەوە لە لێواری داخستندایە.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، چەند گرووپێکی چەکدار کە سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکومەتی کاتین هێرشەکان ئەنجام دەدەن، لەوانە:
 
فیرقەی 60 بە سەرۆکایەتیی عەواد جاسم ناسراو بە"ئەبو قەتەیبە منبجی" کە پێشتر سەر بە دەستەی تەحریری شام بووە.
 
فیرقەی 76 (حەمزات) بە سەرۆکایەتیی سەیفەدین پۆڵاد "ئەبوبەکر کە لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیاوە سزادراوە.
 
فیرقەی 72 بە سەرۆکایەتی خەتاب ئەلبانی
 
 فیرقەی 80 بە سەرۆکایەتی خالید عومەر، ئەفسەرێکی پێشووی سوپای سووریا بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یەکێک لە ئۆتۆمبێلە تێکشکێندراوەکانی چەکدارانی سووریا.

ئاسایشی ناوخۆی حەلەب: ئەمڕۆ دەیان چەکداری سەر بە حکومەتی سووریا کوژراون

هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشێکی "بەرفراوان"ـی گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق و هەزاران چەکداریان بۆ سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە تێکشکاندووە. لە شەڕەکەدا تانکێک و پێنج ئۆتۆمبێلی سەربازی تێکشکێنراون و حەوت درۆنی بۆمبڕێژکراو خرانە خوارەوە، هەروەها دەیان چەکداری گرووپەکانی سەر بە دیمەشق کوژراون.