وەزیری بەرگریی سووریا: بەکارهێنانی رێگەی سەربازی لە دژی هەسەدە گۆمی خوێن دروست دەکات

07-02-2025
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری بەرگریی سووریا رایگەیاند، رێگەی گفتوگۆیان لەگەڵ هەسەدە و گرووپە چەکدارەکان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی بچنە ژێر چەتری وەزارەتی بەرگری، بەڵام بۆ هەموو ئەگەرێکیش ئامادەن. دەشڵێت، دەکرێت رێگە بە مانەوەی سوپای رووسیا لە خاکی وڵاتەکەیان بدەن و لە گفتوگۆدان لەگەڵ ئەمریکا و تورکیا سەبارەت بە داهاتووی بنکەکانیان لە سووریا. 
 
مورهەب ئەبوو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا لە چاوپێکەونێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکا باسی لە چەند پرسێک کرد کە دیارترینیان گفتوگۆکردنیان بوو لەگەڵ هەسەدە و داهاتووی هێزەکانی رووسیا، تورکیا و ئەمریکا لە خاکی وڵاتەکەیان. 
 
دەکرێت رێگە بە مانەوەی هێزەکانی رووسیا بدەن
 
رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی رابردوو، گرووپە چەکدارەکان حکومەتی بەشار ئەسەدیان رووخاند. ئەو رۆژە، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا و ماڵباتەکەی چوونە رووسیا. دواتر، گرووپەکان حکومەتێکی کاتییان تاوەکو ئاداری ئەم ساڵ لەو وڵاتە پێکهێنا. 
 
رووسیا یەکێک بوو لە گەورە پاڵپشتیکارانی رژێمی ئەسەد، لە سەردەمی ئەو چەندین جار گرووپە چەکدارەکان کە دەسەڵاتی ئێستایان بەدەستە لەلایەن رووسیاوە هێرشیان کرایە سەر. وەزیری بەرگریی سووریا دەڵێت، لە دوای رووخانی ئەسەدەوە مامەڵەی رووسیا بەرامبەر بە سووریا "زۆر" باشتر بووە. 
 
وەزیری بەرگریی سووریا لەبارەی مانەوەی هێزەکانی رووسیا لە سووریا، گوتی: "لە سیاسەتدا، دوژمنی هەمیشەیی نییە. ئەگەر سوودی بۆ سووریا هەبێت، دەکرێت رێگە بە مانەوەی هێزەکانی رووسیا بدەین."
 
رۆژی 28-1-2025 شاندێکی باڵای رووسیا بە سەرۆکایەتیی میخائیل بۆگاندۆف، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا سەردانی دیمەشقیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی کاتی کۆبوونەوە. وەزیری بەرگریی سووریا ئاماژەی بەوە نەکرد کە ئایا داوای رادەستکردنەوەی بەشار ئەسەدیان کردووە یان نا، بەڵام دەڵێت، باسیان لەوە کردووە  لێپرسینەوەی لەبارەی ئەوە لەگەڵدا بکرێت، کە روویداوە. 
 
مورهەب ئەبوو قەسرە دەڵێت: "کاتێک ئەسەد بڕیاری دا بچێتە رووسیا، پێیوابوو مەحاڵە بۆ ئێمە بگەینە رێککەوتنێک لەگەڵ رووسیا. لەوانەیە پەیوەندییەکان بە جۆرێک چاکبکەینەوە کە پێش هەموو شتێک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی سووریا دواتر رووسیاش بکات."
 
"رێگەی سەربازی لەگەڵ هەسەدە گۆمی خوێن دروست دەکات"
 
وەزیری بەرگریی سووریا لەبارەی رێکخستنەوەی هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەیدا گوتی، نزیکەی 100 گرووپی چەکدار ئامادەیی خۆیان بۆ چوونە ژێر چەتری وەزارەتی بەرگریی پیشانداوە، بەڵام چەند گرووپێکی چەکدار لە باشووری سووریا رازینەبوون. 
 
دەشڵێت، لە گفتوگۆدان لەگەڵ هەسەدە بۆ ئەوەی بە رێگەی دیپلۆماسی ئەو کارە بکەن، چونکە پێیوایە بەکارهێنانی رێگەی سەربازی لەگەڵ هەسەدە "گۆمی خوێن دروست دەکات." 
 
ئەو دەڵێت، دەیانەوێت هەسەدە بچێتە نێو وەزارەتی بەرگریی، بەڵام وەکو یەکەیەکی سەربەخۆ نا. ئاماژە بەوەش دەکات، دەیانەوێت بە گفتوگۆ لەگەڵیان رێکبکەوین و بگەن بە "چارەسەرێکی ئاشتیانە" بەڵام بۆ هەموو ئەگەرێکیش ئامادەن. 
 
ئەو ئەوەشی ئاشکراکرد کە ئەرکی رێکخستنەوەی هێزەکان کارێکی زۆر قورسە و لە چەند مانگی داهاتوودا بەشێکی زۆری "سەرم سپی دەبێت". 
 
هەفتەی رابردوو، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیایی ئیسرائیل گوتی، "لە رووی سەربازی و ئیدارەدانەوە، سووریا بەسەر چەند ناوچەیەکدا دابەشبووە. باکوور و رۆژهەڵاتی لەژێر دەسەڵاتی ئیدارەی بەڕێوبەریەتیی خۆسەرە. ناوچە کەناراوەکان دۆخێکی تایبەتیان هەیە. دروزەکان یەکەی ئیدارەی خۆیان و هێزی خۆیان بۆ پاراستنی ناوچەکانیان هەیە. لە ئیدلیب و دەوروبەری، ئیدارە و هێزی دیکە هەیە." 
 
ئیلهام ئەحمەد پێیوایە کۆکردنەوەی ئەو هەموو هێزە لە نێو یەک سیستەمدا "دەبێتە هۆی شەڕی نێوخۆ و لەلای لایەنە جیاوازەکانی سووریا قبووڵکراو نابێت". 
 
ئیلهام ئەحمەد گوتی: "هیچ کێشەمان نییە هێزەکانی سووریای دیموکرات ببنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی یان ببنە بەشێک لە سوپای سووریا، بەڵام پێویستە یەکەی تایبەتی خۆیان و بەشداریان لە سەرکردایەتی سوپاکەدا هەبێت." 
 
"لەگەڵ تورکیا و ئەمریکا لەبارەی مانەوەی هێزەکانیان لە گفتوگۆداین" 
 
وەزیری بەرگریی سووریا رایگەیاند، لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی دیکەش لە گفتوگۆدان سەبارەت بە بوونی هێزەکانیان لە وڵاتەکەیان، لەوانە بنکە سەربازییەکانی تورکیا و ئەمریکا. دەشڵێت، رێککەوتنیان لەگەڵ ئەنقەرە، دەکرێت ببێتە هۆی "دابەشکردنەوەی" هێزەکانیان لە خاکی سووریادا. 
 
سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، ئەو وەزیرە گوتی، "لە گفتوگۆ دایە". 
 
هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2015ەوە وەکو بەشێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە رۆژئاوای کوردستانن و بە پاڵپشتیکارێکی بەهێزی هەسەدە دادەندرێن. بە گوتەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، نزیکەی دوو هەزار سەربازی ئەمریکی لە سووریان.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە