سوپای نوێی سووریا و خەڵکی سڤیل بەیەکەوە رووبەڕووی هێزە چەکدارەکان دەبنەوە

07-03-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
سەرچاوە خۆجێییەکان دەڵێن زیاتر لە 70 کەس کوژراون.
سەرچاوە خۆجێییەکان دەڵێن زیاتر لە 70 کەس کوژراون.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هێزی ئاسایش و سوپای نوێی سووریا لە پارێزگای ئیدلب لەگەڵ خەڵک خۆیان ئامادە دەکەن بۆ شەڕکردن دژی گرووپە چەکدارەکان بچنە لازقییە و دەورووبەری. 
 
تەلال حومسی، چالاکڤانە و باس لەوە دەکات، "پەیامی من بەتایبەت بۆ سەرکردە سیاسییەکانە بە سەرۆکایەتیی بەڕێز ئەحمەد شەرع. هیچ لێخۆشبوونێک بۆ پاشماوەکانی رژێم نییە، چونکە نەوەستاون لە کوشتنی ئێمە لەکاتێکدا تۆ داوامان لێدەکەیت لێیانخۆش بین". 
 
شەوی پێنجشەممە، لە سنووری لازقییە گرووپێکی چەکداری عەلەوییەکان هەڵیانکوتایە سەر کاروانێکی ئاسایشی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا، دواتر شەڕەکە شارەکانی تەرتووس و جەبلەشی گرتەوە.
 
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا، لەو رووبەڕووبوونەوانەدا 70 کەس لە هەردوولا کوژران و دەیانی دیکەش بریندار بوون. 
 
یوسفیش هاووڵاتییە و دەڵێت، "ئێستا ئێمە لە گۆڕەپانی تەحریرین لە ئیدلب بۆ ئەوەی پاڵپشتیی خۆمان بۆ ئاسایشی گشتی و سوپای عەرەبی سووری دووپاتبکەینەوە. خوێنی ئەندامانی سوپا و ئاسایشی گشتی هەروا بێ بەها نییە. پێویستە تاوەکو دوا دڵۆپی خوێنمان پاڵپشتییان بکەین". 
 
بۆ رێگری لە فراوانبوونی زیاتری شەڕ و خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی خەڵکی ئەو ناوچانە، حکومەتی سووریا قەدەخەی هاتووچۆی لەوێ راگەیاند. 
 
رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەبارەی سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەکانەوە دەڵێت، "گرووپە چەکدارە جیاوازەکانی پێکهاتەی عەلەوی چەندین بۆسەیان بۆ هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ و ئاسایشی گشتیی لە ناوچەی کەناراوەکان دانا. سەرەتا پێکدادان لە ناوچەی ریف جەبلە دەستیپێکرد، لەو کاتەی هێزە ئەمنییەکان ویستیان کەسێک دەستگیر بکەن، بەڵام خەڵکی ناوچەکە رێگەیان پێنەدان. دواتر چەند چەکدارێک هێرشیان کردە سەر مەفرەزەکانی هێزە ناوخۆییەکان."
 
سەرهەڵدانی شەڕەکە لەکاتێکدا بووە کە، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی لە ناحیەی دالیە لە سنووری جەبلە لە پارێزگای لازقییە و گوندی بێت عانا کراوە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە رووبەڕووبوونەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە