رووداو دیجیتاڵ
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەمڕۆ هەینی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازییەکانی هەسەدە و فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و شاندێکی گەورە لە سەرۆک هۆز و بەرپرسانی شارەکانی تەبقە و رەققە کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، کۆبوونەوەکە لە شاری رەققە بەڕێوەچووە، تێیدا گفتوگۆ لەبارەی پێشهاتەکانی سووریا بەگشتی و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەتایبەتی، کراوە.
ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، "ئامادەبووان لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لەسەر پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان کردەوە؛ هەروەها جەختیان لەسەر پێویستیی رووبەڕووبوونەوەی داعش و پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی ئارامی و ئاسایش لە ناوچەکەدا کردەوە."
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێک دراون، کە ئەمانەی خوارەوەن:
1. قەیرانی سووریا تەنیا لە رێگەی گفتوگۆی سووری - سووری چارەسەر دەکرێت. ئێمەش لەگەڵ دیمەشق هاوڕاین و چارەسەری سەربازی رەت دەکەینەوە.
2. شاندێک لە خەڵکی ناوچەکە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە پێکدەهێندرێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق سەبارەت بە داهاتووی ناوچەکە و دەوڵەتی سووریا.
3. ئامادەیی دەردەبڕدرێت بۆ تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ پەیکەری دەوڵەتی سووریا، بەڵام بەپێی رێککەوتن، لەدوای دەستپێکردنی دیالۆگ.
4. لە داهاتوویەکی نزیکدا، چاکسازیی کارگێڕی و ئابووری دەکرێت، بە جۆرێک لە بەرژەوەندیی خەڵکی ناوچەکەدا بێت.
5. بوونی هەر کەسێک لە پاشماوەی رژێمی پێشوو یان ئێرانی لە ناوچەکانماندا رەتدەکەینەوە.
6. کار دەکەین بۆ دەرکردنی لێبووردن بۆ زیندانییانی مافی گشتی بەبۆنەی مانگی پیرۆزی رەمەزان.
7. فەرماندەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پشتگیریی خۆی بۆ چارەسەری ئاشتییانە و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دیالۆگ لەنێوان هەموو لایەنەکان دووپات کردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ