وەزارەتی بەرگریی سووریا: ئەو شوێنانەمان کۆنترۆڵکردن دووژمنکارییان تێدا کرا

07-03-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی سووریا دەڵێت، ئەو شوێنانەی شەڕیان تێدا هەڵگیرسا لە رۆژئاوای وڵاتەکە، کۆنترۆڵ کران و داوا لە خەڵک دەکات، بگەڕێنەوە شوێنەکانیان.
 
لە رۆژی پێنجشەممەوە شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی حکومەتی نوێی سووریا و چەکدارانی سەر بە بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشوو لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی نزیکەی 230 کەس.
 
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی نوێی سووریا لە ناوچەکانی بانیاس، لازقیە و جەبلە "134 کەسی سڤیلی عەلەوییان کوشتووە،" لەنێویاندا 13 ژن و 5 منداڵ هەن. ئاماژە بەوەش دەکات، 45 چەکداری لایەنگری ئەسەد و 50 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دەسەڵاتی نوێی سووریا کوژراون، بەوەش کۆی کوژراوانی شەڕ و پێکدادانەکە بۆ لانیکەم 229 کەس بەرزبووەوە.
 
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، شەڕەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە چەکدارانی لایەنگری ئەسەد هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی نوێی سووریایان خستە بۆسەیەکەوە و سەرووی 15 کەسیان کوشتن.
 
وەزارەتی بەرگریی سووریا ئێوارەی رۆژی هەینی رایگەیاند، "هەموو تۆمەتباران رادەستی لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان دەکەین، بۆئەوەی بەگوێرەی یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت."
 
شەڕەکە لە پارێزگا کەنارییەکانی رۆژئاوای سووریا بوو، کە بە مەڵبەندی کەمینەی عەلەوی، پێکهاتەکەی بنەماڵەی ئەسەد دادەنرێت.
 
رۆژی هەینی میدیای فەرمیی سووریا رایگەیاند، هێزی زیاتر نێردراوەتە شاری قەرداحەی زێدی بنەماڵەی ئەسەد.
 
وەزارەتی بەرگریی سووریا ئەوەشی خستووەتەڕوو، "پێشڕەویی مەیدانیی خێرامان کرد، ئەو ناوچانەی دووژمنکاری و ناپاکییان تێدا کرا، کۆنترۆڵمان کردنەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "گەمارۆی تووندمان سەپاندووە و گوشارمان لەسەر ئەفسەر و پاشماوەکانی رژێمی لەنێوچوو زیادکردووە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، شەڕ هێشتا نەوەستاوە و هێزەکانیان "بەردەوامن لە پێشڕەوی." دەشڵێت، "داوا لە هاووڵاتییان دەکەین بگەڕێنەوە شوێنەکانیان؛ دۆخ لەژێر کۆنترۆڵدایە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەسەدە

مەسەدە: دۆخی بژێوی و ئابووریی سووریا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار

ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لەبارەی "تێکچوونی خێرای دۆخی بژێوی و ئابووری لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا" راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، پرسی نانی خەڵک، ئاسایشی خۆراک و تەندروستی لە پێشینەی کارە نیشتمانییەکانە و چیدی قابیلی دواخستن و پشتگوێخستن نییە