رووداو دیجیتاڵ
چەکدارانی دەمامکدار، بازرگانێک بە ناوی مومتاز یوسف ئەحمەدیان لە بەردەم ماڵەکەیدا لە گەڕەکی "بورج ئەخزەر" لە شاری تەڕتووس رفاند و هەڕەشەی سەربڕینی دەکەن ئەگەر بڕێک پارەیان پێنەدرێت.
مومتاز، بە یەکێک لە بازرگانە دیارەکانی شاری تەڕتووس دادەنرێت، کە نووسینگەیەکی هاوردە و هەناردەکردنی لە نزیک بەندەری تەڕتووس هەیە. هەروەها گرێبەستی هاریکاریی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان هەیە، لەنێویاندا نەتەوە یەکگرتووەکان. لە رۆژێک پێش جەژنەوە رفێنراوە.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ وردەکاریی رفاندنەکەی ئاشکرا کرد و ئاماژەی بەوەدا کە مو متاز لە کاتی چوونەدەرەوەی لەگەڵ منداڵە بچووکەکەیدا رفێندراوە. "حەوت چەکداری دەمامکدار کە دوو ئۆتۆمبێلیان پێبووە، لەبەر دەرگای باڵەخانەکە رێیان لێگرتووە و لەبەرچاوی دانیشتووان بە قۆنداخی تفەنگ لێیان داوە. پاشان ناچاریان کردووە بگەڕێتەوە ماڵەوە بۆ ئەوەی منداڵەکە بباتەوە و دواتر بە زۆر بۆ شوێنێکی نادیاریان بردووە.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەستکەوتووە کە ساتی دابەزینی رفێنەرەکان لە ئۆتۆمبێلەکان و هێرشەکەیان بۆ سەر قوربانییەکە نیشان دەدات، پێش ئەوەی بە زۆر بیخەنە ناو یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانەوە. رووداوەکە لەنێو هاوار و قیژەی دانیشتووانی گەڕەکەکەدا بووە، کە پشتڕاستی دەکاتەوە تاوانەکە بە ئاشکرا و لەبەرچاوی خەڵکدا ئەنجامدراوە.
سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتادا رووداوەکە وادەردەکەوت کە پاڵنەری تائیفی یان تۆڵەسەندنەوەی لەپشتەوە بێت، بەڵام ئەو زانیارییانەی دەست روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کەوتوون، ئاماژە بەوە دەکەن کە پاڵنەرەکان تەنیا ئابووری و بازرگانین.
بەپێی سەرچاوەکان، خێزانەکەی بە واتسئەپ چەند نامەیەکی دەنگی و وێنەیەکیان لەلایەن رفێنەرەکانەوە پێگەیشتووە. نامەکان هەڕەشەی راستەوخۆی "چاو دەرهێنان" و "سەربڕینی" تێدایە، ئەگەر لە ماوەی 24 کاژێردا بڕی 80 هەزار دۆلار نەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ