لە ئیدلب شانەیەکی داعش هەڵوەشێندرایەوە کە پێنج عێراقیان تیرۆر کردبوو

07-08-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی تایبەتدا لە پارێزگای ئیدلب، شانەیەکی سەر بە رێکخراوی داعشیان هەڵوەشاندووەتەوە، کە بەرپرس بوون لە تیرۆرکردنی پێنج هاووڵاتیی عێراقی.
 
عەمید غەسان محەممەد باکیر، فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای ئیدلب، ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ـی ئابی 2025 رایگەیاند، "فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای ئیدلب، بە هاوکاریی دەزگای هەواڵگریی گشتی، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی تایبەتیان کرد و شانەیەکی تیرۆریستیی سەر بە داعشیان لە ناوچەی حارم کردە ئامانج."
 
بە گوتەی عەمید باکیر، ئۆپەراسیۆنەکە بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی شانەکە و دەرکەوتووە ئەندامەکانی دەستیان لە چەندین کردەوەی تیرۆرکردندا هەبووە؛ سێ کەس لە شاری سەلقین، کەسێکی دیکە لە شاری عەزمارین لە رۆژئاوای ئیدلب، لەگەڵ کەسێکی دیکە لە گوندی کەفتین لە باکووری ئیدلب، کە هەموویان هاووڵاتیی عێراقی بوون.
 
فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی ئیدلب دەڵێت، "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، یەکەی ئەرکە تایبەتەکان دەستیان بەسەر کۆگایەکی چەکدا داگرت، کە بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیی تێدابووە، لەوانە پشتێنی بۆمبڕێژکراو، بۆمبی چێندراو، چەکی قەناس، چەکی سووک، گولـلەهاوەن، لەگەڵ مادەی تەقەمەنی و کارگەیەکی تایبەت بە دروستکردن و بۆمبڕێژکردن. دەست بەسەر سەرجەم کەلوپەلەکاندا گیراوە."
 
لە رۆژانی رابردوودا ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، بەدیاریکراویش گوندەکانی پارێزگای دێرەزوور، رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی شانە نووستووەکانی داعش بوونەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە