رووداو دیجیتاڵ
چالاکڤانێکی عەفرینی دەڵێت، لە نزیکەی 500 هەزار کەس کەمتر لە 30 هەزار کەس گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودیان لە حەلەب چۆڵ کردووە. دەشڵێت، هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بەردەوام بێت، "کارەساتی مرۆیی" روودەدات. داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرۆک بارزانی دەکات، دەستوەردان بکەن.
ئیبراهیم شێخۆ، چالاکڤانی عەفرینی لە رۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "450 بۆ 500 هەزار دانیشتوو لەو دوو گەڕەکە کوردنیشینەدا هەن، 25 بۆ 30 هەزار کەس ئاوارەبوون و ئەوانی دیکە لە جێگەی خۆیان ماون."
شێخۆ گوتی، "ئەوانەی لەو دوو گەڕەکە ئاوارە بوون بەشیکیان چوونەتەوە عەفرین و زۆرینەشیان چوونەتە گوندەکان و لەنێو کەسوکاری خۆیاندان، ئەوەی لەوێ کار دەکات و هاوکاری خەڵک دەکات هیچ رێکخراویک نییە، خەڵکی عەفرین، چالاکڤانەکان و ریشسپییانی ناوچەکەن."
ئەو چالاکڤانە عەفرینییە دەڵێ، ئەو کوردانەی دەگەڕێنەوە عەفرین و دەوروبەری عەرەبی هاوردە خانووەکانیانی داگیرکردوون، ئەوەی لە راگەیاندنەکانەوە باس دەکرێ ناڕاستە و هیچ رێکخراوێک هاوکاریی ئەو خەڵکەی نەکردووە، جگە لە کوردی ناوچەکە خۆی.
بە گوتەی ئیبراهیم شێخۆ، هێرش دژی ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینەی حەلەب بۆ ئەوەیە، "وەکو عەفرین و ناوچەکانی دیکە عەرەبی هاوردە ماڵەکانیان داگیر بکەن."
ئەو چالاکڤانە ئاماژەی بەوە کرد، دەستوەردانی نێودەوڵەتی دروستبووە، وەکو "ئەمریکا، بەریتانیا یان وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، کە دەڵێ تاوانی دژی مرۆڤایەتییە ئەوەی دەکرێت و پێویستە بووەستێندرێت. من دەڵێم پێویستە ئاگربەست بکرێت و هەموو ئەو خەڵکەی لەو دوو گەڕەکە دەرچوون بگەڕێنەوە ماڵەکانیان."
ئیبراهیم شێخۆ گوتی، بەشێکی ئەو کەسانەی لەو دوو گەڕەکەی حەلەب ئاوارە بوون کریستیانەکانن. گوتیشی، "سووریا دەڵێت هێرش دەکەین، لەکاتێکدا ئەو خەڵکە لە گەڕەکان ماوە. ئەمڕۆ نزیک کاژێر 01:00ـی نیوەڕۆ هاووڵاتییەکی دیکە کە تەمەنی 50 ساڵ بە گولـەی ئەوان [سوپای عەرەبیی سووریا] شەهید بوو."
ئیبراهیم شێخۆ هۆشداری لە کارەساتیی مرۆیی دەدات و دەڵێ، نەخۆشخانەکان دەرمان و پێداویستییان تێدا نەماوە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستوەردان بکەن بۆ وەستانی هێرشەکان. گوتیشی، "داوا لە رێزدار مەسعود بارزانی، بافڵ تاڵەبانی و دەم پارتی دەکەین دەستوەردان بکەن و ئەوەی دەتوانن بیکەن بۆ ئەو گەڕەکانە."
بە گوتەی ئەو چالاکڤانە، تاوەکو ئەمڕۆ لە هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریادا، 9 کەس کوژران و 58 کەسی دیکەش بریندارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ