رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشێکی "بەرفراوان"ـی گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق و هەزاران چەکداریان بۆ سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە تێکشکاندووە. لە شەڕەکەدا تانکێک و پێنج ئۆتۆمبێلی سەربازی تێکشکێنراون و حەوت درۆنی بۆمبڕێژکراو خرانە خوارەوە، هەروەها دەیان چەکداری گرووپەکانی سەر بە دیمەشق کوژراون.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای سێ رۆژ لە تۆپبارانی چڕ بە تانک و مووشەکی گراد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی گرووپەکانی سەر بە دیمەشق هێرشێکی زەوینیی گەورەیان دەستپێکرد.
بەپێی راگەیێندراوەکە، هێرشەکە بە بەشداریی "زیاتر لە 60 تانک و زرێپۆش، دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازی و هەزاران چەکدار" بە پشتیوانیی درۆن و بۆردوومانی چڕ کراوە و ئامانجیان داگیرکردنی گەڕەکەکان بووە.
ئاسایشی حەلەب دەڵێت، هێزەکانیان لە میحوەرەکانی (ئەشرەفییە، کاستێلۆ و گۆڕستانەکان/جەبانات) رووبەڕووی هێرشەکە بوونەتەوە و توانیویانە هێزەکان ناچار بە پاشەکشە بکەن. زیانەکانیش بەم شێوەیە بوون:
ئاسایش ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای شکستھێنانیان لە پێشڕەوی زەوینی و "هەڵاتنیان لە بەرەکانی شەڕ،" گرووپەکان دەستیان کردووەتەوە بە تۆپبارانی "وەحشیگەرانە" بۆ سەر گەڕەکەکان.
هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ جەختیان کردەوە کە ئەم بەرگرییە "پاڵەوانانەیە" پەیامێکە بۆ ئامادەییان لە پاراستنی سڤیلەکان و بەرپرسیارێتیی تەواوی هێرشەکە و لێکەوتەکانی دەخەنە ئەستۆی حکومەتی دیمەشق.
دۆخی حەلەب دوای راگەیاندنی "قەدەخەی هاتووچۆ" و ناساندنی گەڕەکەکان وەک "ناوچەی سەربازی" لەلایەن سوپای سووریاوە، پێی ناوەتە قۆناخێکی مەترسیدارەوە.
د. عوسمان شێخ عیسا، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی تەندروستیی گەڕەکەکان هۆشداری دا کە "خەریکە کۆمەڵکوژی روودەدات." بەپێی ئامارەکان تاوەکو دوێنێ 65 سڤیل بوونەتە قوربانی (9 کوژراو و زیاتر لە 56 بریندار). نەخۆشخانەکان بێ دەرمانن و تەنیا یەک مۆلیدە ماوە کە سووتەمەنییەکەی بەرەو تەواوبوونە.
سێناتۆر ئاندی کیم بە رووداوی راگەیاند، ئەگەر دیمەشق دەیەوێت واشنتن سزاکانی لەسەر لاببات یان یارمەتی بدات، دەبێت "مەرجی پاراستنی کورد و کەمینەکان" جێبەجێ بکات.
بڕیارە شاندێکی باڵای ئەورووپا بە سەرۆکایەتیی ئورسولا ڤۆندە رلاین، سەردانی دیمەشق بکەن بۆ رێگریکردن لە سەرکوتکردنی پێکهاتەکان. یەکێتییەکە داوای "دانبەخۆداگرتن" دەکات.
لە کاتێکدا وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، "ئاسایشی سووریا ئاسایشی ئێمەیە" و ئامادەیی بۆ هاوکاریی دیمەشق دژی هەسەدە نیشاندا، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هێرشەکانی سەر کوردی بە "مەترسیدار" وەسف کرد.
سوپای سووریا دوێنێ (پێنجشەممە) مۆڵەتی کۆتایی بۆ سڤیلەکان دانا بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە. ئەمەش وایکرد شەپۆلێکی ئاوارەبوون دەستپێبکات و تەنیا لە رۆژێکدا 20 هەزار خێزان روویان لە عەفرین کردەوە، بەڵام هێشتا سەدان هەزار کەس لەژێر گەمارۆدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ