مەزڵووم عەبدی: ئەوەی لە حەلەب دەکرێت زەوینەسازییە بۆ گۆڕینی دیموگرافیی مەترسیدار

20 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گوتی، بەکارهێنانی زمانی شەڕ بۆ سەپاندنی چارەسەری تاکلایەنە قبووڵکراو نییە و ئەوەی لە حەلەب دەکرێت زەوینەسازییە بۆ "گۆڕینی دیموگرافیی مەترسیدار."
 
رۆژی پێنجشەممە 08-01-2026 مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە پەیامێکدا سەبارەت بە دۆخی حەلەب رایگەیاند: "بەردەوامبوون لەسەر رێگەی شەڕ و زمانی جەنگ بۆ سەپاندنی چارەسەری تاکلایەنە، شتێکی قبووڵکراو نییە، ئەم شێوازە پێشتریش لە کەناراوەکانی سووریا و سوەیدا بووە هۆی کۆمەڵکوژی."
 
مەزڵووم عەبدی دیمەشق بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە کاتی گفتوگۆکاندا هێرشی کردووە و دەڵێت: "بڵاوکردنەوەی تانک و تۆپخانە لە گەڕەکەکانی شاری حەلەب، بۆردوومانکردنی سڤیلە بێچەکەکان و ئاوارەکردنیان، هەروەها هەوڵدان بۆ هەڵکوتانە سەر گەڕەکە کوردییەکان لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دانوستاندندا، دەرفەتەکانی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەنێودەبات."
 
هۆشداری لە گۆڕینی دیموگرافی و کۆمەڵکوژی
 
فەرماندەی گشتیی هەسەدە هۆشداری دەدات کە ئەم دۆخە: "زەوینە دەڕەخسێنێت بۆ گۆڕانکاریی دیموگرافیی مەترسیدار و سڤیلە گەمارۆدراوەکانی نێو ئەو دوو گەڕەکە رووبەڕووی مەترسیی کۆمەڵکوژی دەکاتەوە."
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەزڵووم عەبدی جەختی کردەوە کە لەگەڵ وەستانیان لە تەنیشت خەڵکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، "ماوەی چەند رۆژێکە لەگەڵ هەموو لایەنەکان کاردەکەین بۆ راگرتنی ئەم هێرشانە."
 
دۆخی حەلەب دوای راگەیاندنی "قەدەخەی هاتووچۆ" و ناساندنی گەڕەکە کوردنشینەکان وەک "ناوچەی سەربازی" لەلایەن سوپای سووریاوە، لە لێواری تەقینەوەدایە. بەپێی لیژنەی وەڵامدانەوەی حەلەب، 142 هەزار کەس ئاوارە بوون.
 
وەزارەتی فریاکەوتن هەسەدە بە "تەقەکردن لە ئەمبوڵانس" تۆمەتبار دەکات. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەسەدە دەستپێشخەری هێرشەکانی کردووە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی حەلەب (سەر بە حکومەت) دەڵێت 7 سڤیل کوژراون و 52ـی دیکە بریندار بوون.
 
عوسمان شێخ عیسا، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی تەندروستیی گەڕەکە کوردنشینەکان هۆشداری لە "کۆمەڵکوژی" دەدات. بەپێی نوێترین ئاماری ئەوان 74 سڤیل بوونەتە قوربانی (8 گیان لەدەستدان و 66 بریندار).
 
شەڕ لە حەلەب چووەتە دەرەوە؛ بەگوێرەی هەسەدە، گرووپی عەمشاتی سەر بە دیمەشق تۆپبارانی شارۆچکەی دێر حافری کرد و 3 سڤیل بریندار بوون. هەروەها هەسەدە درۆنێکی بۆمبڕێژکراوی لە گوندەواری رەققە خستە خوارەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چین داوا دەکات، لایەنەکان لە سووریا پلانێکی ئاوەدانکردنەوە بدۆزنەوە کە "بەرژەوەندییەکانی گەل" دابین بکات.

وەزارەتی دەرەوەی چین بۆ رووداو: هیوای سەقامگیری بۆ سووریا دەخوازین

وەزارەتی دەرەوەی چین لەبارەی رووداوەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب رایگەیاند، "هیوا دەخوازین لە زووترین کاتدا ئاشتی و سەقامگیری باڵ بەسەر سووریادا بکێشێت".