رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆکی کاتیی سووریا بە تەلەفۆن قسەیان کرد. بە گوێرەی راگەیێندراوێکی کۆماری عەرەبیی سووریا، هاوکارییەکان و دوایین گۆڕانکارییەکانی سووریا و ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی کۆماری عەرەبی سووریا، شەوی پێنجشەممە، ئەحمەد شەرع بە تەلەفۆن لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا قسەی کردووە و باسی ئاسۆی هاوکارییە دووقۆڵییەکان و دوایین پێشهاتەکانی سووریا و ناوچەکە کردووە، "ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو کرانەوە دیپلۆماسییەی دەوڵەتی سووریا پەیڕەوی دەکات بۆ بەهێزکردنی ئامادەیی و پێگەی خۆی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەحمەد شەرع، سوپاسی کۆماری فەرەنسای کرد بۆ رۆڵ و پاڵپشتیکردنی لە سەقامگیری، هەروەها دەستخۆشی لە هەوڵەکانی فەرەنسا کرد کە ئامانجیان یەکگرتوویی نیشتمانی و چەسپاندنی سەروەریی دەوڵەتی سووریایە بەسەر تەواوی خاکەکەیدا، لەگەڵ ئەو هەڵوێستانەی کە بەشدارن لە کەمکردنەوەی نەهامەتییە مرۆییەکان و پشتیوانیکردنی بوژانەوەی پێشوەختە.
سەبارەت بە پێشهاتە مەیدانییەکانی ناو سووریا، ئەحمەد شەرع جەختی کردەوە کە پاراستنی سڤیلەکان و دابینکردنی ئاسایشی دەوروبەری شارەکە پێشینەی باڵایە بۆ گەرەنتی گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی.
ئەحمەد شەرع "جەختی لە رۆڵی نیشتمانی و سەروەری دەوڵەت کردەوە لە پاراستنی هەموو رۆڵەکانی گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانیانەوە، لە سەرووی هەمووشیانەوە پێکهاتەی رەسەنی کورد، وەک بەشێکی دانەبڕاو لە پێکهاتەی نیشتمانی و هاوبەشێکی سەرەکی لە بونیادنانی داهاتووی سووریادا."
لای خۆیەوە سەرۆکی فەرەنسا پابەندی وڵاتەکەی بە پشتگیریکردنی یەکپارچەیی و سەروەری سووریا دووپاتکردەوە و، جەختی لە گرنگی بەردەوامبوونی هاوئاهەنگی و گفتوگۆی دووقۆڵیی نێوان هەردوو وڵات کردەوە، لەگەڵ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی دەوڵەتی سووریا بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و سەروەریی یاسا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ