پارێزگای حەلەب: دوو رێڕۆی دەرچوونمان بۆ شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە کردووەتەوە

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگای حەلەب رایدەگەیێنێت، "لەسەر داوای دانیشتووان"ی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، دوو رێڕۆی بۆ دەرچوونی خەڵک کردووەتەوە و هەسەدەش بە "بەکارهێنانی خەڵک وەکو قەڵخانی مرۆیی" تۆمەتبار دەکات.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 08-01-2026 پارێزگای حەلەب رایگەیاند، "دانیشتووانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود داوایان لێکردووین هاوکارییان بکەین بۆئەوەی ناوچەکەیان جێبهێڵن، چونکە هەسەدە رێگری لە دەرچوونیان دەکات و وەکو قەڵخانی مرۆیی بەکاریان دەهێنێت."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی پارێزگا، بە هاوکاریی سوپای عەرەبیی سووریا دوو رێڕۆی مرۆیی (کۆریدۆر)یان کردووەتەوە، کە بە شەقامی (زهوور) و شەقامی (عەوارز)دا تێدەپەڕن؛ رێڕۆکان رۆژانە لە کاژێر 10:00ی بەیانییەوە بۆ 01:00ی دوای نیوەڕۆ کراوە دەبن.
 
هەسەدە بانگەشەکانی پارێزگای حەلەب رەتدەکاتەوە و دەڵێت، بەشێک لەو گەنجانەی هەردوو گەڕەکەکەیان جێهێشتووە، لەلایەن سوپاوە بە بارمتە گیراون و وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکارهێندراون.
 
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی سێشەممەوە هێرشەکانی سوپای سووریا بە تانک و تۆپ بۆسەر ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینە دەستیپێکردووە، بەگوێرەی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر)، هێرشەکان تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامن.
 
ئەنجوومەنی تەندروستیی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود ئاشکرای کردووە، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە ژمارەی قوربانییان بۆ 8 کوژراو و 57 بریندار بەرزبووەتەوە.
 
بەهۆی تووندیی شەڕ و پێکدادانەکانەوە هەزاران کەس ئاوارە بوون. بەرگریی شارستانیی سووریا دەڵێت، پێشوازییان لە سێ هەزار ئاوارە کردووە؛ هاوکات باس لەوە دەکرێت نزیکەی 20 هەزار ئاوارەی عەفرین کە پێشتر لەو دوو گەڕەکە نیشتەجێ بوون، ئێستا بەرەو عەفرین گەڕاونەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە