رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بڵاویکردەوە، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە حکومەتی دیمەشق باڵەخانەی نیشتەجێبوون لە حەلەب دەگۆڕن و دەیکەنە بنکەی سەربازی. دەشڵێت، ئەوان لەوێوە ناوچەکانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە تۆپباران دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2026 سیامەند عەلی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی یەپەگە لە ئێکس ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، "لە حەلەب گرووپەکانی نزیک لە حکومەتی دیمەشق باڵەخانەی خزمەتگوزاریی سڤیل دەکەنە بنکەی سەربازی و تانکی تێدا جێگیر دەکەن، لەوێشەوە بە تۆپ و چەکی قورس گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە تۆپاران دەکەن."
بەرپرسەکەی یەپەگە دەشڵێت، "بە سەربازگەکردنی باڵەخانەی خزمەتگوزاری سڤیل پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و بە مەبەست بەکارهێنانی هاووڵاتییانی سڤیل و ژێرخانەکەیانە وەکو قەڵخانی مرۆیی، کە تاوانێکە ناتوانرێت پاساوی بۆ بهێندرێتەوە یان رەتبکرێتەوە."
لە رۆژی سێشەممەوە هێرشەکانی سوپای سووریا بە تانک و تۆپ بۆ سەر ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینە دەستیپێکردووە و بەگوێرەی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر)، هێرشەکان تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامن.
ئەنجوومەنی تەندروستیی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود ئاشکرای کردووە، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە ژمارەی قوربانییان بۆ 8 کوژراو و 57 بریندار بەرزبووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ