لە سوەیدا ئەفسەرێکی حکومەت بە تۆمەتی کوشتنی چوار درووز دەستگیر دەکرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوخۆی سوەیدا رایگەیاند، ئەفسەرێکی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی سووریا بە تۆمەتی کوشتنی چوار هاووڵاتیی مەدەنی لە پارێزگای سوەیدا دەستگیر کراوە.
 
رۆژی یەکشەممە 08-02-2026 حوسام تەحان، بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوخۆی سوەیدا بە ئاژانسی فەرمیی (سانا)ی راگەیاند، لە گوندی "مەلانە"ی سەر بە پارێزگای سوەیدا، چوار کەس کوژراون و کەسێکی دیکەش بە سەختی بریندار بووە.
 
بە گوتەی بەرپرسە ئەمنییەکە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بە پشتبەستن بە گوتەی رزگاربوویەکی رووداوەکە کراون، دەرکەوتووە یەکێک لە گومانلێکراوەکان سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ناوخۆیە. تەحان دەڵێت، "ئەفسەرەکە دەستبەجێ دەستبەسەر کراوە و رەوانەی لێکۆڵینەوە کراوە."
 
پێشتر روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندبوو، قوربانییەکان لە کاتی کۆکردنەوەی بەرهەمی زەیتووندا لەلایەن چەکداری نەناسراوەوە تەقەیان لێکراوە. روانگەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دەسەڵاتداران مۆڵەتیان بەو هاووڵاتییانە دابوو لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت لە باکووری پارێزگاکە زەیتوون بچنن.
 
پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا، پێگەی سەرەکیی پێکهاتەی درووزەکانە. لە تەممووزی ساڵی رابردووەوە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان چەکدارانی درووز و عەشیرەتە بەدەوییەکان (سوننە) لەو پارێزگایە دروستبووە و هێزەکانی حکومەتیش تێوەگلاون.
 
هەرچەندە دیمەشق دەڵێت هێزەکانیان بۆ راگرتنی شەڕ دەستێوەردانیان کردووە، بەڵام دانیشتووانی ناوچەکە و چالاکڤانانی درووز، حکومەت بە لایەنگیریی عەشیرەتەکان و سەپاندنی گەمارۆ بەسەر پارێزگاکەدا تۆمەتبار دەکەن؛ تۆمەتێک کە دیمەشق رەتیدەکاتەوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەهۆی ئەو گرژییانەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 185 هەزار کەس لە ناوچەکە ئاوارە بوون و هێشتا نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە