ئەسەد لەکوێیە؟

08-12-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە کاتێکدا هێشتا نازانرێت بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا لەکوێیە، لێکدانەوە و شرۆڤەی جیاواز بۆ پەناگەی داهاتووی دەکرێت. 
 
پێگەی "فڵایت رادار" کە تایبەتە بە چاودێریکردنی جووڵەی فڕۆکەوانیی جیهان، پێشانیدەدات، لە سەروبەندی کۆنترۆڵکردنی دیمەشق لە لایەن چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنەوە، فڕۆکەیەکی سەر بە هێڵە ئاسمانییەکانی سووریا، کە گومان دەکرێت ئەسەدی تێدابووبێت، لە فڕۆکەخانەی دیمەشقەوە فڕیوە. 
 
بە گوێرەی پێگەکە، فڕۆکەکە سەرەتا بەرەو رۆژئاوای سووریا چووە، بەڵام دواتر لە پڕێکدا پێچیکردووەتەوە و گەڕاوەتەوە، دوای چەند خولەکێک لەسەر نەخشە نەماوە. 
 
دوو ئەفسەری باڵای سووریا بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، ئەسەد بە فڕۆکەیەک دیمەشقی بەرەو شوێنێکی نادیار جێهێشتووە.
 
دواتر محەممەد غازی جەلالی، سەرۆکوەزیرانی سووریا گوتی، شوێنی ئەسەد و وەزیری بەرگری "لە ئێوارەی شەممەوە دیار نییە."
 
هەروەها کەناڵ 12ـی ئیسرائیل لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئیسرائیلییەوە بڵاویکردەوە، "مسۆگەر نییە ئەسەد خاکی سووریای جێهێشتبێت."
 
پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکیش لە زاری سەرچاوەی ئیسرائیلی و ئەمریکییەوە دەڵێت، ئەسەد بە نیوەشەو دیمەشقی جێهێشتووە و بەرەو بنکەی سەربازیی حومەیمیمی رووسیا چووە، بەڵام هیچ ئاماژەیەک نییە سووریای جێهێشتبێت.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە