رووداو دیجیتاڵ
دوای راگەیاندنی ئازادکردنی دیمەشق و کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد؛ ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام داوا لە چەکدارەکانی دەکات "بە کڕنووشبردن و دڵنزمییەوە" بچنە نێو پایتەخت.
راگەیێندراوی جۆلانی کە ناوی راستەقینەی ئەحمەد شەرعە، دەڵێت: "برایانم شۆڕشگێڕانی ئازاد، لە بەرامبەر ئەم سەرکەوتنەی کە پێشكێشیکردن، سوپاسی خوا بکەن. بە کڕنووشبردن و دڵنزمییەوە بڕۆنە نێو دیمەشق، لەگەڵ خەڵک و کەسوکارتان نەرمونیان بن، باشترین سەرباز بن وەک چۆن پەیامبەری خوا دروودی خوای لەسەر بێت، وەسفتانی کردووە."
جۆلانی هەروەها داوایان لێدەکات دامودەزگە و موڵکی گشتی "بپارێزن و بەرگرییان لێ بکەن، چونکە ئەوانە موڵکی گەلی سووریی مەزنن و ئێوە پارەێزرەکانیانن. با پێکەوە تابلۆی سەرکەوتن بۆ گەورەترین شۆڕش کە مێژووی هاوچەرخ بەخۆیەوە بینیویەتی، تەواو بکەین."
گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە مەڵبەندی سەرەکییان پارێزگەی ئیدلب و چەند ناوچەیەکی حەلەب بوو، لە 27ی تشرینی دووەمەوە دەستیان بە هێرشێک بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەسەد کرد. دوای کۆنترۆڵکردنی حەلەب، حەما، دەرعا، سوەیدا و قونەیترە، شەوی رابردوو رایانگەیاند چوونەتە نێو حیمس و دیمەشقەوە.
دوای 13 ساڵ لە دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆ، ئەمڕۆ گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی دەوڵەتەوە، "رووخانی بەشار ئەسەد" و ئازادکردنی بەندکراوان لە زیندانەکانی دەسەڵاتی پێشووی وڵاتەکە راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ