رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، راستەوخۆ و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا کار بۆ نێوەندگیری لەنێوان حکومەتی دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە دەکەن، سەرۆکی وڵاتەکەشی پەیوەندی بە سەرۆکی سووریاوە کردووە.
رۆژی هەینی 09-01-2026 وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە راگەیێندراوێکدا پێشوازیی لە "ئاگربەست لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە" کرد، داوای لە هەموو لایەنەکان کرد رێزی لێ بگرن لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و پاراستنی سڤیلەکان.
فەرەنسا ئاشکرای کرد، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دوێنێ پێنجشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا کردووە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ماکرۆن داوای لە هاوتا سوورییەکەی کردووە "دان بەخۆیدا بگرێت." هەروەها پابەندبوونی فەرەنسای دووپاتکردووەتەوە بۆ "سووریایەکی یەکگرتوو، کە تێیدا هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریایی نوێنەرایەتی بکرێن و بپارێزرێن."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "فەرەنسا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ ئاسانکاریی دیالۆگ لەنێوان دەسەڵاتی گواستنەوەی سووریا (حکومەتی شەرع) و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا."
فەرەنسا جەختی لە گرنگیی جێبەجێکردنی تەواوەتیی "رێککەوتنی 10ی ئادار" کردووەتەوە و بە مەرجێکی بنەڕەتی دەزانێت بۆ یەکخستنی سووریا و سەقامگیریی ناوچەکە.
هەڵوێستەکەی فەرەنسا وێنەی تەواوی جووڵە دیپلۆماسییە چڕەکان دەردەخات کە بۆ رێگریکردن لە شەڕی حەلەب دەستیپێکردووە، بەڵام هێشتا کاریگەریی تەواوی دەرنەکەوتووە.
رێککەوتنی 10ی ئادار، کە فەرەنسا و ئەمریکا جەختی لێ دەکەنەوە، لە مانگی ئاداری 2025 واژۆ کراوە و چوارچێوەی تێکەڵکردنەوەی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هەسەدەیە لەنێو دەوڵەتی سووریا. هەڵگیرسانی شەڕی حەلەب مەترسیی لەسەر ئەم رێککەوتنە دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ