شەرع بۆ سەرۆک بارزانی: کورد پێکهاتەیەکی رەسەنی سووریان

دوێنێ کاژێر 05:21
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی سووریا وردەکاریی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ئەحمەد شەرع و سەرۆک مەسعود بارزانی بڵاوکردەوە، تێیدا سەرۆکی سووریا بەڵێنی داوە مافە نیشتمانی و سیاسییەکانی کورد بپارێزێت.
 
رۆژی هەینی 09-01-2026 سەرۆکایەتیی سووریا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە."
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی دیمەشق، لە پەیوەندییەکەدا دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سووریا و ناوچەکە تاوتوێ کراون، هاوکات جەخت لە گرنگیی بەهێزکردنی سەقامگیری و هاوکاریی هاوبەش کراوەتەوە.
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەحمەد شەرع بە سەرۆک بارزانی راگەیاندووە، "کورد پێکهاتەیەکی رەسەن و بنەڕەتییە لە پێکهاتەی گەلی سووریا."
 
سەرۆکی سووریا "پابەندبوونی تەواوی دەوڵەتی" دووپاتکردووەتەوە بۆ "دەستەبەرکردنی تەواوی مافە نیشتمانی، سیاسی و مەدەنییەکانی کورد لەگەڵ تەواوی پێکهاتەکانی دیکەی گەلی سووریا لەسەر بنەمای یەکسانی و بێ جیاکاری."
 
سەبارەت بە هەڵوێستی سەرۆک بارزانی، سەرۆکایەتیی سووریا دەڵێت، "مەسعود بارزانی پێزانینی بۆ ئەم تێڕوانینە هەبووە و پشتیوانیی خۆی بۆ خواستەکانی سوورییەکان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی کۆکەرەوە بۆ هەموو رۆڵەکانی دەربڕیوە."
 
هەروەها هەردوولا رێککەوتوون لەسەر گرنگیی بەردەوامیی راوێژ و هاوئاهەنگی لەپێناو خزمەتکردن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و بەهێزکردنی ئاشتیی نێوخۆیی.
 
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە هاوکاتە لەگەڵ دۆخێکی تەواو جیاواز لەسەر زەوی لە شاری حەلەب.
 
ئەحمەد شەرع دان بە مافەکانی کورددا دەنێت و بە "پێکهاتەی رەسەن" وەسفیان دەکات. وەزیری راگەیاندنی سووریاش ئەمڕۆ کوردی بە "هاوبەشی داهاتوو" وەسف کرد.
 
پێچەوانەی لێدوانەکان، سوپای عەرەبیی سووریا گەمارۆی گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی داوە و مۆڵەتی "خۆبەدەستەوەدان"ی بۆ شەڕڤانان دیاری کردووە.
 
بەهۆی گوشارە سەربازییەکانی سوپای شەرع، نزیکەی 142 هەزار هاووڵاتیی کورد لە حەلەب ئاوارە بوون و حکومەت هەوڵی داگیرکردنی دوو گەڕەکە کوردییەکەی حەلەب دەدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سوپای عەرەبیی سووریا لە گەڕەکی شێخ مەقسوود. وێنە: AA

تەندروستیی حەلەب: 23 کەسی سڤیل کوژراون

بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی حەلەب، ئاماری کوژرانی خەڵکی سڤیل لەو شارە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 23 کەس کوژراون و 104 کەسی دیکەش برینداربوون.