وەزیری بەرگریی تورکیا: پێشوازی لە ئۆپەراسیۆنی سوپای سووریا لە حەلەب دەکەین

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
نیشانەکردن حەلەب تورکیا هەسەدە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی تورکیا لەبارەی دۆخی حەلەب و گرژییەکانی سووریا قسە دەکەن. هاکان فیدان داوا لە هەسەدە دەکات پابەندی "رێککەوتنی 10ـی ئادار" بێت و یاشار گولەریش دەڵێت: "پێشوازی لە ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆری سوپای سووریا لە حەلەب دەکەین و ئاسایشی سووریا بە هی خۆمان دەزانین."
 
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 9ـی کانوونی دووەمی 2026، لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە، کۆبوونەوەی هاوبەشی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لەگەڵ هاوتا ئیندۆنێزییەکانیان بەڕێوەچوو.
 
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا، هاکان فیدان رایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکانی سووریا دەکەن و پەیوەندیی بە وەزیری دەرەوەی سووریاوە کردووە.
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "دابینکردنی ئاسایشی گشتی لە سووریا گرنگە و پێویستە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە باشترین شێوە بەردەوام بێت. چاوەڕێین هەسەدەش پابەندی رێککەوتنی 10ی ئادار بێت و بە زووترین کات ئەرکەکانی سەرشانی جێبەجێ بکات."
 
لەلایەکی دیکەوە یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ جووڵە سەربازییەکانی سوپای سووریا لە حەلەب دەربڕی و رایگەیاند: "حکومەتی سووریا بەمەبەستی دابینکردنی ئاسایشی گشتی و لەبەرامبەر چالاکییە تیرۆریستییەکان لە حەلەب، ئۆپەراسیۆنی دەستپێکردووە."
 
یاشار گولەر گوتی: "پێشوازیی لەم ئۆپەراسیۆنە دەکەین کە هەموو گرووپە تیرۆریستییەکان دەکاتە ئامانج. دەمەوێت جارێکی دیکە دووپاتی بکەمەوە ئاسایشی سووریا بە ئاسایشی خۆمان دەزانین."
 
وەزیری بەرگریی تورکیا جەختی لەوەش کردەوە، کە لە چوارچێوەی پرەنسیپی "یەک دەوڵەت و یەک سوپا" و لەسەر بنەمای یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی سووریا، پشتگیری لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوەکان دەکەن.
 
قسەکانی ئەو دوو وەزیرەی تورکیا لە کاتێکدان سوپای عەرەبیی سووریا لە رۆژی 6ی کانوونی دووەمی 2026ەوە ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود دەستپێکردووە، سوپا بانگەشەی ئەوە دەکات کە گەڕەکی ئەشرفیەیان کۆنتڕۆڵکردووە و هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی گەڕەکی شێخ مەقسوودیش دەدەن.
 
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن، داواکاریی خۆبەدەستەوەدان و چۆڵکردنیان رەتکردووەتەوە و دەڵێن بەرگریکردن بەردەوام دەبن.
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەنجامی هێرشی سوپای عەرەبی سووریا بۆ سەر هەردوو گەڕەکەکە نزیکەی 150 هەزار کەس ئاوارە بوون. سەرچاوە تەندروستییەکان باس لە کوژرانی زیاتر لە 20 دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە).

سەرۆکی جەهەپە: ئاشتی لە سووریا، زیاتر لە هەمووان بۆ تورکیا پێویستە

سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لەبارەی دۆخی حەلەب دەڵێ، پێویستە تورکیا لەجیاتی پێکدادان، دیپلۆماسی و دانوستاندن لەپێشینە دابنێت و رایگەیاند، "ئاشتی لە سووریا، زیاتر لە هەمووان بۆ تورکیا پێویستە، ئاشتی بۆ کوردی تورکیا و کوردی سووریاش پێویستە."