سووریا
چین داوا دەکات، لایەنەکان لە سووریا پلانێکی ئاوەدانکردنەوە بدۆزنەوە کە "بەرژەوەندییەکانی گەل" دابین بکات.
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی چین لەبارەی رووداوەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب رایگەیاند، "هیوا دەخوازین لە زووترین کاتدا ئاشتی و سەقامگیری باڵ بەسەر سووریادا بکێشێت".
ئەم پەیامەی وەزارەتی دەرەوەی چین، لە وەڵامی پرسیارێکی مەهدی فەرەج، بەڕێوەبەری ئۆفیسی رووداو لەو وڵاتە بوو کە ئەمڕۆ هەینی بە نووسراو وەڵامیان دایەوە.
وەزارەتی دەرەوەی چین لە نامەکەیدا نووسیویەتی: "چین هیوا دەخوازێت سووریا لە زووترین کاتدا ئاشتی و سەقامگیری بەدەستبهێنێت. هەروەها هیوا دەخوازێت کە سەرجەم لایەنەکان لە سووریا بتوانن لە رێگەی ئاشتبوونەوەی سیاسی، پلانێکی ئاوەدانکردنەوە بدۆزنەوە کە بەرژەوەندییەکانی گەل دابین بکات."
رۆژی سێشەممەی رابردوو، هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب و ئاسایشی ناوخۆی گەڕەکەکان کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن لە بەرامبەردا بە تووندی بەرگرییان کرد.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا بە رووداوی راگەیاند، "بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ پەرەسەندنەکانی ناو حەلەب و دەوروبەری دەکەین، بەتایبەتی ئەو راپۆرتانەی باس لە دروستبوونی قوربانی لەنێو کەسانی سڤیلدا دەکەن". دەشڵێت، لەو بارەیەوە بەلجیکا داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات "دان بەخۆیاندا بگرن، پارێزگاری لە هاووڵاتییانی سڤیل بکەن و بەدوای چارەسەرێکی ئاشتییانە و دیپلۆماسیدا بگەڕێن."
وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە هەمووان پابەندی ئەو رێککەوتنە بن کە لە 10ی ئازاری 2025دا واژۆ کراوە، "چونکە گەیشتن بە سەقامگیری لە سەرانسەری وڵاتدا توخمێکی سەرەکییە بۆ دەستەبەرکردنی گواستنەوەیەکی ئاشتییانە کە خواستەکانی هەموو گەلی سووریا بەدی بهێنێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ