سوپای عەرەبیی سووریا شێخ مەقسوودی کردە "ناوچەی سەربازیی داخراو" و قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تەنیا 5 خولەک دوای تەواوبوونی مۆڵەتەکەی سوپای سووریا بۆ چوونەدەرەوەی خەڵک، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپا، گەڕەکی شێخ مەقسوودی وەک "ناوچەیەکی سەربازیی داخراو" ناساند و قەدەخەی هاتووچۆی تەواوی راگەیاند.
 
ئێوارەی هەینی 09-01-2026 دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا لە راگەیێندراوێکی بەپەلەدا بڵاویکردەوە، "رایدەگەیێنین کە گەڕەکی شێخ مەقسوود ناوچەیەکی سەربازیی داخراوە. قەدەخەی هاتووچۆی تەواوەتی لە گەڕەکی شێخ مەقسوود لە کاژێر 06:30ی ئێوارەوە دەستپێدەکات تاوەکو کاتێکی نادیار. راسپاردەی کەسوکاری سڤیل دەکەین لەنێو گەڕەکەکان، پێویستە لە پەنجەرەکان دووربکەونەوە و بچنە نهۆمەکانی خوارەوە و وریابن لە نزیکبوونەوە لە پێگەکانی رێکخراوی هەسەدە."
 
ئەم بڕیارانە دوای ئەوە دێن، کاژێر 06:00ی ئێوارە وادەی ئەو "رێڕۆ مرۆییە" کۆتاییهات کە سوپا بۆ چوونەدەرەوەی خەڵک دیاریی کردبوو.
 
پێشتر سوپای عەرەبیی سووریا نەخشەی چەند خاڵێکی بڵاوکردەوە بۆ بەئامانجگرتن. ئاسایشی حەلەب رایگەیاند، یەکێک لەو خاڵانە "نەخۆشخانەی خالید فەجر"ە و ئەوەی سوپا دەیکات "تاوانی جەنگە."
 
ئەمڕۆ دوو جار مۆڵەت بۆ چوونەدەرەوە دیاریکرا (09:00ی بەیانی و 06:00ی ئێوارە). هێزە کوردییەکان رەتیانکردەوە چەک دابنێن و رایانگەیاند "بەرگری دەکەن."
 
نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA) هۆشداریدا کە 150 هەزار کەس ئاوارە بوون و 4 نەخۆشخانە لەکار کەوتوون.
 
ژمارەی قوربانییان تاوەکو ئێستا 21 کوژراو و دەیان بریندارە (بەپێی ئامارە دژبەیەکەکانی هەردوولا).
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە