رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سوێد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە رێگەی باڵیۆزخانەکەیانەوە لە بەیرووت لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی حەلەب دەکەن و نیگەرانی و چاوەڕوانییەکانی خۆیانیان گەیاندووەتە حکومەتی راگوزەری سووریا.
رۆژی هەینی 09-01-2026 وەزارەتی دەرەوەی سوێد لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە دیسکی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "وەزارەتی کاروباری دەرەوە ئاگاداری هەواڵەکانی شەڕ و پێکدادانەکانی حەلەبە. سوێد و یەکێتیی ئەورووپا داوای هێورکردنەوە و دانبەخۆداگرتن دەکەن."
وەزارەتی دەرەوەی سوێد جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامن لە کارکردن بۆ پرۆسەیەکی گواستنەوەی سیاسی کە "هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا بگرێتەوە."
لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەدا بۆ رووداو هاتووە: "باڵیۆزخانەکەمان لە بەیرووت لە نزیکەوە چاودێریی هەڵکشانەکان دەکات. هەمووان لە سوێد، لە یەکێتیی ئەورووپا و بەتایبەتی گەلی سووریا، بەرژەوەندییان لە سەقامگیری و گەشەپێدانی ئاشتییانە و دیموکراسیدایە لە سووریا."
سەبارەت بە پەیوەندییان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێستای دیمەشق، وەزارەتی دەرەوەی سوێد دەڵێت: "سوێد و یەکێتیی ئەورووپا چاوەڕوانییەکانی خۆیان لەم بارەیەوە لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی راگوزەری سووریادا گەیاندووە."
سوپای سووریا نەخشەی چەند ناوچەیەکی شێخ مەقسوودی بڵاوکردەوە و هەڕەشەی بۆردوومانکردنیان دەکات، بە پاساوی ئەوەی "هەسەدە و پەکەکە" کردوویانەتە سەربازگە. هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکات کە هێزەکانیان چوونەتە نێو گەڕەکەکان.
لئاسایشی حەلەب (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) رایگەیاند، هێرشێکی زەوینیی گرووپە چەکدارەکانیان تێکشکاندووە و ناوچەکە کۆنترۆڵ نەکراوە. ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند، دیمەشق شەڕی هەڵبژاردووە بەڵام کورد پابەندی رێککەوتنەکانە.
نزیکەی 140 هەزار کەس ئاوارە بوون. حکومەتی سووریا 64 سەنتەری بۆ کردوونەتەوە و بانگەشەی کردنەوەی نەخۆشخانەکان دەکات، لەکاتێکدا نەخۆشخانەکانی نێو گەڕەکە گەمارۆدراوەکان لەکار کەوتوون.
ژمارەی قوربانییان جیاوازە؛ ئاسایشی گەڕەکە کوردنشینەکان باس لە کوژرانی 12 کەسی سڤیل و برینداربوونی دەیان کەس دەکەن لە گەڕەکەکانیان، لە بەرامبەردا بەرپرسانی حکومەتی راگوزەری سووریا ئاماژە بە کوژرانی 7 بۆ 9 کەسی سڤیل دەکەن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت. بەگشتی، بەپێی ئامارەکان لە رۆژی سێشەممەوە لانیکەم 21 کەس کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ